كاریگەریی رێكخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی بەسەر جیهانەوە

09:42 - 2022-12-08
نەوزادی موهەندیس
751 خوێندراوەتەوە

لە پاڵ وڵاتە سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییەكاندا، ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراو و ئاژانسی نێودەوڵەتی هەن، كە زۆرجاران رۆڵ و كاریگەرییان گەلێك گەورەترە لە هەندێك لە وڵاتانی جیهان. هەروەها دەتوانن كاریگەری گەورەشیان هەبێت لەسەر بڕیارە سیاسی و ئابووریی و ئەمنیە نێودەوڵەتییەكانیش لە كاتی جەنگ و ئاشتیشدا، ئەمەش بە هۆی فراوانی رووبەری كاركردن و چالاكیان  لە دونیادا.

گلۆبالیزم و سەروەری وڵاتان
ئەم رێكخراوانە بۆخۆیان رێكخراوی ناحكومین و ئەندامبوون تیایاندا ئارەزوومەندانەیە، تەنانەت بڕیارەكانیشیان پابەندبوون بۆ جێبەجێكردنیان مەرج نین، كەچی وڵاتانی خاوەن سەروەرییەكان، بۆخۆیان داوا پێشكەش دەکەن بۆ بوونە ئەندام تیایاندا، چونكە ئەم رێكخراوە جیهانیانە بوونەتە كوتلەیەكی كاریگەر و خاوەن گوشار بۆ سەر وڵاتان، هەر وڵاتێكیش بە تەنها و لە دەرەوەی ئەم رێكخراوانە بمێنێتەوە، ئەوا لە كاروانی گەشە و پێشكەوتن و كارئاسانییە نێودەوڵەتییەكان دوادەكەوێت و ناشتوانێت بە تەنها پێداویستییەكانی خۆی دابین بكات، بەتایبەتیش لەم سەردەمی گلۆبالیزمەدا، کە هەمووان پێكەوە كار دەكەن و هەمووانیش پێویستیان بە یەكتر هەیە و سنوورە نێودەوڵەتییەكان و سەروەریی وڵاتانیش كاڵبوونەتەوە.

كۆكەرەوەی زۆرینەی وڵاتان
ئەم رێكخراوانە بوونەتە سەكۆیەكی بڵند و كۆكەرەوەی زۆرینەی وڵاتان لەناو خۆیاندا و بەرژەوەندییەكانی هەمووانیش پارێزراوە.  ئێستا زیاتر لە 100 رێكخراوی گەورە و بچووكی جیهانی لە هەموو بوارەكاندا هەن و یەكێك لەو رێكخراوە گەورە و گرنگە جیهانیانە، بریتییە لە رێكخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی.

رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی
سەرەتا پێویستە بزانین رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی گرنگی و كاریگەری چییە؟ چالاكیەكانی بریتین لە چی ؟
بارەگای سەرەكی:  لە شاری جنێڤ  لە سویسرایە
ژمارەی ئەندامەكانی:  164 وڵاتە
وڵاتە ئەندامەكان سێ جۆرن: 
1-  ئەندامی تەواو 
2-  ئەندام بە شێوەی نوێنەرایەتی دووانە لە لایەن یەكێتی ئەوروپاوە
3-  چاودێر، ئەو وڵاتانەن كە دەیانەوێت ببنە ئەندام كە ژمارەیان 20 وڵاتن.
 ئەركەكانی: بازرگانی نێودەوڵەتیی
 زمانە رەسمییەكان: ئینگلیزیی و فەرەنسی و ئیسپانیە

ساڵی دامەزراندنی
لە  1/1/ 1995 دامەزراوەو بە پێی رێكەوتنامەی مەراكیش و نوێترین رێكخراوی نێودەوڵەتییە، بە درێژكراوەی  رێكەوتنامەی گشتی بۆ تاریفە و بازرگانی جات GATT. كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە دامەزرا.

پێناسەكەی 
 بریتییە لە رێكخراوێكی نا حكومی نێودەوڵەتی هەڵدەستێت بە رێكخستن و كارئاسانییكردنی بازرگانی نێودەوڵەتی لە نێوان  نەتەوەكاندا. یەكێكە لە گەورەترین رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كە ژمارەی ئەندامەكانی 164 وڵاتە کە رێژەی 98 % بازرگانی جیهانیی پێكدێنن.

ئەم رێكخراوە جیهانیانە بوونەتە كوتلەیەكی كاریگەر و خاوەن گوشار بۆ سەر وڵاتان، هەر وڵاتێكیش بە تەنها و لە دەرەوەی ئەم رێكخراوانە بمێنێتەوە، ئەوا لە كاروانی گەشە و پێشكەوتن و كارئاسانییە نێودەوڵەتییەكان دوادەكەوێت و ناشتوانێت بە تەنها پێداویستییەكانی خۆی دابین بكات

ئەركەكانی 
ئەرکەکانی ئەم رێكخراوە بریتییە 
لە مانەی خوارەوە:
1. كارئاسانییكردنی بازرگانیی كاڵاو و شتومەكەكان و خزمەتگوزارییەكان و خاوەندارێتی تاكە كەسی،لە رێگەی گفتوگۆكانەوە دەربارەی رێكەوتنامە بازرگانییەكان كە ئامانج لێیان نزمكردنەوە یان رەتكردنەوە و نەهێشتنی رسوماتی گومركە و پشكی هاوردەكردن و رێگرییە بارزگانییەكانی تر.
2.  چارەسەری كێشە و گرفتە بازرگانییەكان لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا دەکات.
3.  دوو ساڵ جارێك كۆبوونەوەی وەزیرەكانی بازرگانی وڵاتان دەکرێت و دەنگدان لەسەر بڕیارەكان بە كۆی دەنگ دەبێت.

ئامانجەكانی
1- 
.دامەزراندنی جیهانێكی ئابووری كە خۆشگوزەرانی و ئاشتی تیادا بەرقەرار بێت.
2- سەرهەڵدانی جیهانێكی ئابووری گەشەكردوو كە ئاشتی تیادا بێت و هەست بە لێپرسراوێتی گەورەتر بكات.
3- دابینكردنی پارێزگاری پێویست بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەكان كە بگونجێت لەگەڵ هەموو ئاستەكانی ژیان و گەشەكردندا.
4- دۆزینەوەی كەشوهەوایەكی كێبڕكێی نێودەوڵەتی كە پشت ببەستێت بە توانای ئابووری لە دیاریكردنی سەرچاوەكاندا.
5- بەدیهێنان و بەگەڕخستنی تەواو بۆ هەموو سەرچاوە سروشتیەكانی جیهان.

رێکخراوی بازرگانی جیهانی

ئامانجە ستراتیژییەكانی 
ئامانجە ستراتیژییەكانی رێكخراوەكە لە چوارچێوەی دانیشتنی ئۆرۆگوایدا، بریتییە لە مانەی خوارەوە:
1. رێكەوتنی هەمەلایەنە دەربارەی بازرگانیی كەلوپەل.
2. رێكەوتن دەربارەی بازرگانی لە خزمەتگوزارییەكاندا.
3. رێكەوتنی لایەنە پەیوەندییدارەكان بە بازرگانی، لە پارێزگاری مافی خاوەندارێتی فكرییەوە.
4. لێكتێگەیشتن دەربارەی بنەما و رێوشوێنەكان كە كۆنتڕۆڵی چارەسەری كێشەكان دەكات.
5.  میكانیزمی پێداچوونەوەی سیاسەتی بازرگانی.
6. رێكەوتنی بازرگانی دوولایەنە.
7. رێكەوتنی رێوشوێنی وەبەرهێنان پەیوەست بە بازرگانییەوە.

دروشمەكەی 
بریتییە لە گۆی زەوی لە نێوان شەش كەوانەدا و بەكارهێنانی رەنگە سەرەكییەكانی رووناكی كە بریتین لە سوور و شین و سەوز.

چالاكی و ئەركەكانی
ئامانجی سەرەكی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی بریتییە لە، یارمەتیدان لە جووڵە و هاژەكردنی بازرگانی بە ئاسانی و بەشێوەیەكی چاوەڕوانكراو و دەریایی. رێكخراوەكە ئەم كارانە دەکات لە رێگەی:
1- بەڕێوەبردنی رێكەوتنامەكانی تایبەت بە بازرگانی.
2- ئامادەبوون وەك شوێنی پێكگەیشتن بۆ گفتوگۆكانی تایبەت بە بازرگانی.
3-  چارەسەركردنی كێشە بارزگانییەكان.
4- پێداچوونەوەی سیاسەتە نەتەوەییەكان تایبەت بە بازرگانی.
5- یارمەتییدانی وڵاتانی تازەگەشەكردوو لە بابەتەكانی پەیوەست بە سیاسەتی بازرگانی لە میانەی یارمەتیدانە تەكنۆلۆجیەكان و بەرنامەی راهێنانەوە.
6-هاوكارییكردنی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تر.

پەیكەری دامەزراوەیی رێكخراوەکە
1-
كۆنگرەی وزاری: لە وەزیرانی بازرگانی وڵاتانی ئەندام پێكدێت. بریتیە لە ،لووتكەی دەسەڵاتی رێكخراوەكە. هەر دوو ساڵ جارێك دەبەسرێت.
2- ئەمیندارێتی گشتی: لە بەڕێوبەری گشتی رێكخراوەكە و فەرمانبەرەكان پێكدێت و سەربەخۆن لە وڵاتەكانیان.
3- ئەنجومەنە سەرەكییەكان:
 بریتین لە:
ئەنجومەنی بازرگانیی كەلوپەل
ئەنجومەنی بازرگانیی خزمەتگوزاری
ئەنجومەنی مافەكانی خاوەندارێتی تاكە كەسی
4- لیژنە لاوەكیەكان
ئەوانیش بریتین لە:
لیژنەی بازرگانی و ژینگە
لیژنەی بازرگانی و گەشەكردن
لیژنەی كۆتوبەندە سەپێنراوەكان بە ئامانجێك كە پەیوەستن بە بودجەی  دانەوەكان
لیژنەی بودجە و دارایی و ئیدارە

5- گرووپەكانی كار
تایبەتە بە لێكۆڵینەوەی كاندیدكردنی وڵاتان بۆ بوون بە ئەندام، سەرەڕای گروپی پەیوەندی لە نێوان بازرگانی و وەبەرهێنان و گروپی تایبەت بە سیاسەتی كێبڕكێ‌.

وتارەکانی نوسەر