ئیسرائیل دوای رێكەوتننامەی ئیبراهیمی، دەیەوێت بگاتە ئامانجە گەورەكەی، كە ئەویش سەپاندن و جێبەجێكردنی باڵادەستبوونی خۆیەتی بەسەر ناوچەكەدا
ئیسرائیل لەو كاتەوەی دامەزراوە لە 1948و تاكو ئێستا، سەرەڕای جەنگ و ململانێ توندەكانی لەگەڵ فەلەستینییەكان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، ناوچەی خۆهەڵاتی ناوەڕاستی كردوەتە كوانووی جەنگە بەردەوامەكان و هۆكاری ناجێگیری سیاسیی و ئابووری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی، بەڵام دوای جەنگی ئەكتۆبەری 1973ی میسر و سوریا لەگەڵ ئیسرائیل و سەركەوتنی بەرەی عەرەب و میسر لەو جەنگەدا، و رزگاركردنەوەی بەشێكی زۆری خاكی سینای میسر، ئیدی هەردوولا عەرەب و ئیسرائیل گەیشتنە ئەو بڕوایەی جەنگە گەرمەكان تاكە چارەسەری كێشە و ململانێكان نین، هەربۆیە میسر وەكو گەورەترین وڵاتی عەرەبی و خاوەن 3 جەنگی گەورە و گەرم لەگەڵ ئیسرائیلدا لە 1956 و1967 و1973، لە سەردەمی ئەنور ساداتدا گفتوگۆی نهێنی دووقۆڵی لە ناكاوی لەگەڵ تەلئەبیب كرد و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە باش كرد لە رێكەوتنامەی كامپ دێڤید لە 1978دا، دواتر و لە 1992دا ئوردن بووە دووەم وڵات و فەلەستینیەكانیش لە سەردەمی یاسر عەرەفاتدا رێكەوتننامەی ئاشتی ئۆسلۆیان واژۆكرد لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەم شێوەیەش دەرگا واڵا بوو بۆ وڵاتانی تری عەرەبیش كە هەنگاوی هاوشێوە بنێن.
ئاشكراشە لە مێژە ئەمریكا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەكان نەخشە و پلانیان هەیە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی (ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست)، لە چوارچێوەی تێوری (فەوزای دروستكەردا).
رێكەوتننامەی ئیبراهیمی چییە و ئامانج لێی چییە؟
رێكەوتننامەی ئیبراهیمی، بریتییە لەو كۆمەڵە رێكەوتننامەی ئاشتیانەیەی كە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا واژۆكراوە بە سەرپەرشتی ئەمریكا، بۆ یەكەمجار ئەو ناوە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشی نێوان ئیماراتی عەرەبی و ئەمریكادا لە 13/8/2020دا بەكارهات، ئیدی دواتر بۆ هەموو رێكەوتننامە ئاشتییەكانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بەكارهات، وەك رێكەوتنامە لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین، كە لە 11/9/2020 و لە رێكەوتی 15/9/2020دا بە ئامادەبوونی سەرۆك ترامپ و ناتانیاهۆ و هەریەكە لە وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و بەحرەین لە كۆشكی سپی لە واشنتۆن راگەیەنران، ئەم دوو رێكەوتننامەیە، بەیەكەم رێكەوتننامەی ئاشتی دادەنرێن دوای رێكەوتنامەی ئاشتی نێوان ئوردن و ئیسرائیل لە 1994دا.
بنەڕەتی ناوی رێكەوتنامەكە
ناوەكە، (رێكەوتننامەی ئیبراهیم)، دەگەڕێتەوە بۆ ناوی پەیامبەر (ئیبراهیم) كە بە باوكی پەیامبەران دەناسرێت، رێز و گەورەیی هەیە لەلای هەر سێ ئاینە ئاسمانییەكانی، جولەكە و مەسیحی و ئیسلام.
ئەم رێكەوتننامانە، لە ئەنجامی گووشارەكانی ئیسرائیلەوە هاتن، بۆ دەستبەسەرداگرتنی 30 %ی خاكی كەرتی خۆرئاوای فەلەستین، بەڵام بە ناوبژی ئەمریكا و دەستپێشخەری ئیمارات بۆ وەستاندنی ئەو پیلانەی ئیسرائیل، بیرۆكەی رێكەوتننامەی ئاشتی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل هاتە كایەوە.
لە ئێستاشدا رێكەوتننامە ئاشكراكانی وڵاتانی عەرەبی بەبێ سڵەمینەوە و دوودڵی كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە رەسمی كونسوڵخانەو باڵوێزخانەكانیان ئاڵوگۆڕكردووە و پەیوەندییە سیاسیی و ئابووری و بازرگانی و وەزرشیی و ئەمنیەكانیان دەستپێكردووە و بوونەتە شەریك و هاوبەشی یەكتری، ئیدی هیچ دوودڵی و ترسێك نەماوە بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو رێكەوتننامانە لەسەر ئاستی نوخبە و حزب و سەركردە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتانی عەرەبی، لەسەر ئاستی جەماوەر و شەقامی عەرەبیش، تا رادەیەكی زۆر بێدەنگییان لێكردووە، چونكە بێ هەڵوێستی و نەبوونی ئیڕادەیەكی سیاسیی و ئەمنی بەهێز لەلای دەسەڵات و حكومەتەكانیانەوە دژی ئیسرائیل هەست پێدەكەن و ئیدی ئەوانیش لە دوای بەهاری عەرەبی و راپەڕینە جەماوەریەكانیانەوە، گەیشتنە ئەو بڕوایەی ئیسرائیل باڵادەستی ناوچەكەیە و ململانێی خوێناوی بێ هوودەیە لەگەڵیدا.
هۆكارەكانی پشت رێكەوتننامەی ئیبراهیمی
*ترس و هەژموونی ئێران بەسەر وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و كەنداو بە تایبەتی.
*بەرزبوونەوەو بەهێزبوونی باڵی مقاوەمەی ئیسلامی سەر بە ئێران و دژ بە ئیسرائیل، كە لە ئێستادا پێچەوانەبوونەتەوە.
*بێهێزی و لاوازی وڵاتانی عەرەبی لە رووی ئەمنی و سەربازی و ئابووریەوە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریكا.
*ترسی خۆپیشاندان و هەڵایسانەوەی راپەرینە جەماوەرییەكانی عەرەبی، دژ بە دەسەڵاتە دیكتاتۆر و تاكڕەوەكانی وڵاتەكانیان.
جا سەركردەی وڵاتانی عەرەبی، بۆ رێگری و بەرگرتن لەو هەژموون و باڵادەستییەی ئێران و توڕەبوونی شەقام و جەماوەری گەلەكانیان روویان كردە ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، هەموانیشیان بەپێی خۆیان و رەزامەندیی خۆیان و بە ئاگاداری و سەرپەرشتیی ئەمریكا، ئەو رێكەوتننامانەیان واژۆكردووە كە هەموانیشیان هێندەی بە قازانج و سوودی درێژخایەن و ستراتیژی پلان و بەرنامەو خەونە مێژوویی و ئاینییەكانی جولەكەیە لە ناوچەكەدا، بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورە لە رووبارەوە بۆ دەریا نیو هێندە بە قازانجی رژێم و دەسەڵاتدارە عەرەبەكان نین، بەڵام ناچارن، بەهۆی كەوتنە نێوان دوو ئاگری مەترسییەكانی ئێران لەلایەك و ئەمریكا و ئیسرائیل لەلایەكەی تر، بۆیە عەرەبەكان هاوسۆزی و نزیكیان وەكو دوو نەتەوەی سامی لەگەڵ جولەكە و دوژمنایەتی لە مێژینەشیان لەگەڵ فارسدا، وەكو مەزهەبی سوننە - شیعەو دوو نەتەوەی جیاواز، رێكەوتن و ملكەچیان بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل هەڵبژاردوە.
ئامانجەكانی رێكەوتننامەی ئیبراهیم
*پاراستنی بەناو ئاشتی ناوچەكە و جیهان.
*پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی ستراتیژی، بۆ پشتیوانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، دژ بە ئێران.
*جێگیربوونی دۆخی سیاسیی و ئابوریی و بازرگانی و ئەمنی ناوچەكە و گەل و وڵاتانی ناو رێكەوتنامەكان.
*گەشەو پێشكەوتنی دوو لایەنەی لایەنەكانی رێكەوتنامەكان، لە رووی ئابووریی و بازرگانی و تەكنەلۆژی و سەربازی و وەزرشی و فەرهەنگی و ... هتد.
ئەو رێكەوتننامانەی لە چوارچێوەی رێكەوتنامەی ئیبراهیمیدا واژۆكراون
1 - رێكەوتننامەی ئیبراهیمی نێوان ئیماراتی عەرەبی و ئیسرائیل لە 15/12/2020.
2 - رێكەوتننامەی ئاشتی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل لە 15/12/2020.
3 - رێكەوتننامەی سودان و ئیسرائیل لە 23/10/2023.
4 - رێكەوتننامەی ئاشتی نێوان مەغریب و ئیسرائیل لە 10/12/2020.
بەم شێوەیە، ئیسرائیل لە ماوەی 78 ساڵەی تەمەنیدا، توانیویەتی زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی عەرەبی، بكاتە دۆست و پەیوەندیی جۆراوجۆریان لەگەڵدا ببەستێت و ئیدی لە قۆناغی دوژمنایەتیەوە گۆڕیونی بۆ قۆناغێك، ئەگەر دۆستیش نەبن، ئەوا وەكو دوژمن نەماونەتەوە و مەترسییان نەماوە.
دوای تۆفانی ئەقسا
لە دوای جەنگی تۆفانی ئەقسای نێوان حەماس و ئیسرائیل و كۆتاییهاتنیشی و شەڕ راگرتن بەسەركەوتنی ئیسرائیل، دواتریش لاوازكردن و تیرۆركردنی سەركردەكانی حزبوڵای لوبنانی، هەروەها رووخانی رژێمی ئەسەد و بەعسییەكان لە سوریا و لاوازكردنی حوسییەكانی یەمەن و پەلوپۆكردنی میلیشیا چەكدارەكانی شیعە لە عیراقی سەر بە بەرەی مقاوەمەی نزیك لە ئێران، بە تەواوەتی باڵادەستی سەربازیی و ئەمنی ئیسرائیل بۆ سەركردە و وڵات و گەلانی عەرەب بە ئاشكرا بەدەركەوتووە، هەموانیش بێ ئومێدبوون لە بەگژداچوونەوە و روبەرووبوونەوەی چەكداری و جەنگی گەرم لەگەڵ ئیسرائیل، هەربۆیە ئاشتییەكی سەلامەتیان پێ باشترە لە جەنگ و ململانێیەكی نەبڕاوە و ئایندە نادیار و بە هەدەردانی سەروەت و سامانەكانیان بەبێ هودە.
ئیسرائیل بەو شێوەیە و دوای ئەو رێكەوتننامانە، گەرەكێتی بگاتە ئامانجە گەورەكەی بۆ سەپاندن و جێبەجێكردنی پلانەكانی لە باڵادەستبوون لەناوچەكەدا، هەروەها ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی و كاركردن بۆ فراوانكردنی سنوورەكەی بەشێوەیەكی لەسەرخۆ و بە بەرنامەیەكی پێشوەختە، لە رێگەی جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەوە، لە شێوەی پڕۆژەی رێڕەوی داود و رێڕەوی ئابووریی بۆمبای- ئەوروپا و ... هتد.
رێكەوتننامەی ئیبراهیمی، ئاشتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرار دەکات؟