رۆژئاوای كوردستان، بۆتە سیمبولێكی دیار و ناسراوی قوربانیدان و بەرخۆدان لە ناوچەكە و لە جیهانیشدا زۆرێک پشتیوانی و پشتگیری لە مانەوە و بەردەوامبوونیان دەکەن
رۆژئاوای كوردستان، بۆتە سیمبولێكی دیار و ناسراوی قوربانیدان و بەرخۆدان لەناوچەكە و لە جیهانیشدا زۆرێک پشتیوانی و پشتگیری لە مانەوە و بەردەوامبوونیان دەکەن.
ئەمەش تەنها لەبەرئەوەی شەرڤانانی كچ و كوڕ و هەموان پێكەوە ماوەی 14 ساڵە خەبات دەكەن قوربانیدەدەن دژی داعش و هەموو گروپە چەكدارە توندڕەوەكان، زیاتر لە 10 هەزار قوربانی و برینداریان بەخشیوە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعسی ئەسەدی لە 8 كانونی یەكەمی 2024دا و هاتنە سەر کاری دەستەی تەحریری شام و دامەزراندنی حكومەتێك دوور لە شەرعییەتی جەماوەری و هەڵبژاردن و دیموكراتی، بەبێ بەشداریی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیەكانی تر و بەتایبەتیش كورد، ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی لای كورد و پێكهاتەكانیش.
دەبێت رۆژئاوای كوردستان لەناوخۆی خۆیدا چی بكات؟ پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا چۆن بێت؟ لەگەڵ دیمەشق و جیهاندا پەیوەندییەكانی بە چ ئاڕاستەیەك بێت؟ و دەیان پرسیاری تریش..
رۆژئاوا، دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكە لە كورد و عەرەب و توركمان و ئێزیدی و سریان و ئاشووری و ئەرمەن و...هتد. پێویستە حوكمڕانییەكی دامەزراو لەسەر بنەماكانی دیموكراسی ڕاستەقینە بەردەوامیی هەبێت كە هەموان هەست بە شكۆ و كەرامەت و هاوڵاتیبوونی خۆیان بكەن، بەهەمان شێوە پێویستە دژایەتی دیاردە قێزەونەكانی گەندەڵی و قۆرخكاری ناوچەگەریی دەمارگیر بكەن و رێگەنەدەن سەروەت و سامانی وڵات بە هەدەر بڕوات.
گرنگە كە پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی لەنێوان هەموو پێكهاتەكاندا بكرێت و بەكرداریش هەستی پێبكەن و ئینتیمایان بۆ خاك و كۆمەڵگە هەبێت و متمانەی پێبكەن.
خۆشبەختانەش رۆژئاوا لەهەردوو رووی پیشەسازی و كشتوكاڵەوە خاوەن كەرەستە خاوەكانی نەوت و غازی سروشتی و دەشتی بەپیت و برنج و گەنم و جۆ و لۆكە و ئاوی شیرینیشی هەیە كە ئەم دوو كۆڵەكەیە وەك چەكێكی ئابووری و پایەیەكی گرنگی دەوڵەت و حوكمڕانییەكی سەركەوتووە بۆیە گرنگە بیپارێزن و گەشەشی پێبدەن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاواش نەك پێویستە، بەڵكو ئەركی نیشتمانی و نەتەوایەتی و كوردایەتییە كە بەبەردەوامی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارێکدا هەبێت.
تایبەت بە پەیوەندییەكانی رۆژئاواش بە دیمەشقەوە، گرنگە كە بەڕێوەبەری خۆسەری، پەیوەندیی بەردەوام و دەرگای گفتوگۆ و دیپلۆماسی لەگەڵ دیمەشقدا دانەخەن و هەمیشە ئامادەییان لە هەموو روویەکەوە هەبێت، گەنگە لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سوریادا، هاوبەشی كارا بن و بتوانن دەستوورێكی مەدەنی و گونجاو بنووسنەوە، تا بتوانن شێوازی حوكمڕانیی سوریای نوێ لەسەر بنەمای فیدراڵی بچەسپێنن.
لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش گرنگە كە رۆژئاوا، پەیوەندیی توندوتۆڵی هەبێت لەگەڵ ناوەندەكانی بڕیاری ئەو وڵاتانە، بەتایبەتیش ئەمریكا و ئەوروپیەكان.
بەم شێوەیە دەكرێت كە ئەزموونی حكومڕانی و خۆبەڕێوبەری رۆژئاوا، بەهێزتر و گەشاوە تر بێت، هەروەك رابووردوو كە زۆر بەباشی و ژیرانەوە مامەڵەیان لەگەڵ هەموواندا كردووە و سەركەوتوش بوون.
کورد لە رۆژائاوا، دەیەوێت بەشداری راستەقینەی حکومڕانیی سوریا بێت