بۆ ئەوەی هەمووان هەست بە یەكسانی و دادپەروەریی بكەن، دەبێت یەکێتی زیاتر پێداگریی بکات لەسەر چەسپاندنی یاسا و سەروەرییەکەی
دیداری یەکێتی وەك وێسگەیەكی پیاداچوونەوە و تێڕامان لە ئیشوكارەكان و دیاریكردنی كێشە و گرفتەكان، كارێكی گرنگە لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێم و عیراق و ناوچەكش.
ئەم دیدارە بە بەشداریی زۆرینەی ئەندام و لایەنگران و سەركردایەتی یەكێتی بەڕێوەدەچێت كە بە نوێنەرایەتی تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی دەکەن و ئازادانە رەخنە و پێشنیازەکان، دەخەنەڕوو، بەو هیوایەی كە كۆكراوەی هەموو راوبۆچوونەكان لەپێناوی گەشەكردن و پتەوکردنی پێگەی یەكێتیدا بێت.
ئەم دیدارانە كاریگەریی باشیان دەبێت بۆ ئایندەی سیاسیەتی یەكێتی لەهەموو بوارێکدا.
تایبەت بەكاری حزبی و ناوخۆیی
یەكێتی وەك حزبێكی سیاسی خاوەن پێگەی خۆی، گرنگە پابەند بێت بە پیادەكردنی ئامانج و پڕۆگرامەكانی خۆی لەسەر بنەمای رێبازی سۆشیال دیمكرات.
ئەم رێبازە پێویستە لەناوخۆی حزب و هەموو ئۆرگانەكانی تریش رەنگبداتەوە، تەنانەت لەناو جەماوەرییشدا. دەبێت یەكێتی گرنگی بدات بە بەهاكانی سۆشیال دیموكرات لە رەخساندنی ئازادییەکان لە هوموو روویەکەوە.
پێویستە گرنگی بدات بە چەسپاندنی یەكسانی لەنێوان هەموو ئەندام ئۆرگانەكانی خۆیدا و دادپەروەرییەكی كۆمەڵایەتیش وەكو بنەمای دووەمی سۆشیال دیموكراتەكان پیادەبكات.
لە رێی ئەمەوە، دەتوانێت متمانەی دۆست و لایەنگر و ئەندامانی خۆی بەدەستبێنێت و كەمترین رەخنەشی ئاڕاستە بكرێت.
هەموانیش هەست بەلایەنگری و ئینتیما بکەن بۆ یەكێتی و رێبازەکەی.
كاری پێكەوەیی لەناو یەكێتیدا
دەبێت هەمووان وەك یەك تیم كاربكەن لەسەركردایەتییەوە بۆ خوارەوە، چونكە یەكێتی بە سروشتی خۆی هەمیشە وەك حزبێكی كراوە و پێشكەوتووخواز بووە و حزبی بنەماڵە و تاك سەركردە نەبووە، بەڵكو حزبی تەواوی جەماوەری كوردستانە.
بۆیە گرنگە هەر سێ بەهای ئازادی و دیموكراتی و دادپەروەریی و كاری پێكەوەیی زۆر تۆخ بكرێتەوە وەكو تاكتیك و ستراتیژی كاری ئایندەی یەكێتی و پەیكەری رێكخستنەكانیشی تۆكمەتر بكات.
گرنگە بیر لە مۆدێلێكی كاری حزبی نوێ بكرێتەوە وەكو حزبێكی هەڵبژاردن نەك حزبێكی عەقائیدی و خۆی رابپسكێنێت بۆ دەربازبوونی لە سایە و هەژموونی قۆناغی شاخ و شۆڕش و بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی نوێی خەباتی جەماوەری و پەرلەمان.
ئەمەش بە گێڕانەوەی متمانە دەبێت لای هەمووان بە یەكێتی و سەركردایەتیەكەی و رێبازە فكریەكەی دەکرێت.
پێویستە یەكێتی، ژیانی خەڵک بپارێزێت و ئاسایشی خۆیان و سەروەت سامانیان دابینبكات و مووچە و هەلی كاری پێویستیان بۆ بێنێتەدی.
پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
یەكێتی بەو مێژووە پڕ سەروەری و قوربانیدانەی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاكو ئێستا و بەهۆكاری ئەوەی ماوەی 33ساڵیشە حزبێكی هاوبەشی سەرەكی دەسەڵات و حکومڕانییە، دواتریش بەشدارییەكی كارای لە دەسەڵاتی نوێی عیراقیشدا كردوە و لووتكەی دەسەڵاتەكەشی لەلا بووە وەك پۆستی سەرۆك كۆمار و چەندین پلە و پۆستی تر، بە ئێستاشەوە، ئەمانە یەكێتی كردۆتە حزبێكی نەك بەتەنها كوردستانی بەڵكو عیراقیش.
بۆیە گرنگە كە یەكێتی هەموو توانای خۆی بخاتەگەڕ بۆ گەشە و پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ تەواوی حزبە سیاییەكانی عیراق و ناوچەكە و دونیاشدا كە نزیكن لە رێبازی سۆشیال دیموكراتەکان.
خۆشبەختانە ئێستا یەكێتی ئەندامی كارای هەریەكە لە رێكخراوی سۆسیال ئەنتەرناسیوناڵ SI كە 112 حزب و سەركردەی سیاسی ئەندامە تیایدا و لە هاوپەیمانیی پێشكەوتوخوازی چەپ و دیموكراتەكانی دونیاشدایە كە زیاد لە 140 ئەندامی هەیە و ئەندامی هاوپەیمانی سۆشیال دیموكراتەكانی وڵاتانی عەرەبیشە كە 14 حزبی تێدایە.
ئەمانە یەكێتی كردۆتە كاراكتەرێكی كارا و بەرچاو لەسەر ئاستی ناوچەكە و زۆرێك لەو حزب و سەركردانە لە وڵاتانی خۆیان لە دەسەڵات و حکومڕانیدان، ئەم پەیوەندییانەی یەكێتی دەبنە هۆكاری ناسینی زیاتر و ئاشناكردنی زیاتر بە مەسەلەی كورد و دواتریش دەسخستنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ كورد و كوردستان، بۆیە گرنگە كە یەكێتی ئەم پەیوەندییانەی فراوانتر و بەهێزتریش بكات.
بەشداریی گەنجان لە كاری حزبیدا
گرنگە یەکێتی كاری شێلگیرانە بكات لەسەر بە گەنج هێشتنەوەی خۆی و تواناكانی و نفوزی خۆی، ئەوەش بە بەشداریكردنی توانا و فكری نوێخوازی گەنجان و لە پاڵیشیدا ژنان، وەكو دوو كۆڵەكەی بنەڕەتی لە رێباز و فكری سۆشیال دیموكراتەكاندا.
گەنجان و ژنان زۆرینەی كۆمەڵگەی كوردی پێكدێنن و توانا و هێزی بیر و بازوشیان گەورەیە و ئامادەبوونیان لەكاری حزبیدا دەبێتە هۆكاری گەشە و پێشكەوتنی حزبەکە و دواتریش سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكاندا.
بۆیە پێویستە ئاگاداری گەنجان بێت و بەرنامە و دیدی تایبەتی هەبێت بۆ پەرەپێدانی تواناكانیان و وەدیهێنانی خەونەكانیان و دابینكردنی هەلی خوێندن و كار و داهات و ژیانێكی ئارام بۆیان.
دیدگاو سیاسەتی یەكێتی بۆ حكومڕانی
یەكێتی وەكو هاوبەش و بەشدار و پێكهێنەرێكی سەرەكی حکومڕانی لە هەرێم، لەماوەی 34 ساڵی رابووردوودا ئەزموونێكی باشی هەیە و لە سەرجەمی كێشە ئیدارییەکان تێگەیشتووە و خاڵە لاواز و باشەكانیش دەزانێت چییە و چۆنن و چارەسەریەكانیش درك پێدەكات.
لەو ماوەیەدا یەكێتی نەیتوانیوە بەكامی دڵی خۆی حكومڕانیی بكات و باڵادەستی یەكەم و گەورە بێت، هەربۆیەش نەیتوانیوە بەتەواوی پلانەکای بۆ دەسەتەبەرکردنی خۆشگوزارانی خۆی پیادەبكات و بیچەسپێنێت لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا.
هەرئەمەشە كە بۆتە هۆكاری ئاڕاستەكردنی رەخنە و گلەیی و گازندە و تووڕەبوون و خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین.
گرنگە یەكێتی بۆ ئایندە دید و تێڕوانینەكانی خۆی چ وەك شەریك لە حكومڕانی و چ وەك حزبێكی باڵادەستیش لەم ناوچە و زۆنەی خۆیدا، هەستێت بە پیادەكردنی سیستم و ئاڕاستەی حكومڕانییەكی تەندروست لەپێناوی خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵگە.
بۆ ئەوەی هەمووان هەست بە یەكسانی و دادپەروەریی بكەن، دەبێت یەکێتی زیاتر پێداگریی بکات لەسەر چەسپاندنی یاسا و سەروەرییەکەی.
یەكێتی دەبێت لە حکومڕانیی هەرێمدا، بەشداری كارا بێت، نەك تەنها هاوبەش، ئەوەش بە گۆڕینی سیستمی حکومڕانی و دابەشكردن و دیاریكردنی دەسەڵاتەكان و تۆخكردنەوەی بەها و بنەما و دروشمەكانی خۆی لەو حکومڕانییەدا وەكو حزبێكی سۆشیال دیموكرات و پیادەكردنیشی لە كار و كرداریدا.
گرنگیدان بە پێشكەشكردنی هەموو خزمەتگوزاریەكان بەبێ جیاوازی و دابینكردنی ژیانێكی پڕ شكۆ بۆ هەمووان.
باشكردن و توند و تۆڵكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەپێناوی دابینكردنی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.
یەكێتی بە گرتنبەری ئەو رێوشوێنانە، دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی جەماوەرەكەی و میللەتەكەی و پردی متمانەیەكی كۆنكرێتیش دروستدەكاتەوە و دواتریش سەركەوتنی گەورە بەدەستدێنێت لە هەڵبژاردنەكان و بەمەش درێژەدەدات بە تەمەن و مانەوە و بەهێزیی خۆی.