بە دڵێکی سەوزەوە بژی

10:02 - 2022-12-18
کەنار قاسم
536 خوێندراوەتەوە

وتراوە ئەگەر رۆح تازە بێتەوە جەستە چاک دەبێتەوە و ئەگەر رۆح بە نەخۆشی جەستە بریندار بوو، ئەوا جەستەت رەنگدانەوەی رۆحت و بیرکردنەوەت و ناوەوەت و دەروونتە. زۆر پەرۆشی سەلامەتی  رۆحتان بن، چونکە دڵ روخسار گەشاوە دەکات و تێڕوانینەکەی رۆشن دەکاتەوە.
دڵ رێسا و فۆرمی جیا جیای هەیە، جارجار شاد دەبێت و دەڵێین «دڵم لە شادیدا دەوەستێت»، لە کاتێکی تریشدا لە ترس و قەلەقیدا دەڵێین «لە ترسدا دەمرین».. ئینجا خەمبار دەبین و دەڵێین «دڵم شکا»، رەنگە دڵێکی شکاو و دڵێکی بریندار و دڵێکی ناسک و دڵێکی تەڕ، دڵێکی تەندروست، دڵێکی نەخۆش و دڵێکی تووڕە و دڵێکی لەخۆبایی هەبن، لە هەموو حاڵەتەکاندا دڵ باج دەدات و رەنگدانەوەی دەروونی هەموو مرۆڤێکە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پزیشکی نێودەوڵەتی دڵ دکتۆر مەجدی یەعقوب دەڵێت: «بەختەوەری تەمەن درێژدەکاتەوە، خەمۆکیش تەمەن کورت دەکاتەوە، رەنگە دڵ لە خەمدا بتەقێت».
 رێگەکانی بەختەوەریش زۆرن، بە خۆڕایی چاکەیەک بکە، و بزانە هەر کەسێک گوڵ بەسەر کەسانی تردا دابەش بکات، دەستی بۆنی گوڵ دەگرێت. ئەگەر مرۆڤێکیش قسەیەکی نەرێنی کرد، مەیکە بە ئازاری خۆت، متمانە تەنها بەخوا و پاشان بەخۆت هەبێت، مادام ئەوان کەسانی وەک تۆ بن، تەنها زمانێکی زبریان هەیە، نە سوودیان هەیە و نە زیان، بۆیە مەسەلەکە گەورەتر مەکە لە قەبارەکەی خۆی، چێژ لە ژیان وەربگرە، پەنجەرەی دڵت بکەرەوە، لە گۆشە و لە رێگاکانی ژیاندا بگەڕێ بۆ هەر دەرفەتێک دێتە بەردەمت دڵخۆشت بکات.
جەوهەری ژیانێکی خۆش لە قبووڵکردن و سوپاسگوزاریدایە، هەروەها قبووڵکردنی شکست و لەدەستدان هەروەک چۆن ساتەکانی سەرکەوتن قبووڵ دەکەیت، بزانە شتە گەورەکان جگە لە کەڵەکەبوونی شتە بچووکەکان هیچی تر نین، رێز لە هاوڕێ و خزم و ئازیزانت بگرە، و لەگەڵ خۆتدا چرپە بۆ چاوەڕێی چاکەدانەوە مەکە، میهرەبانی و بەخشین جوانترین دیاری و هەرزانترینن.
ئەو کەسانەی دڵیان سەوزە، یەکەم کەسن چاوەکانت لەکاتی شکانتدا دەیبینێت، لە کاتی خنکانتدا هەناسەت پێدەبەخشن، ئەوان وەک دراوێکی دەگمەن وان لە سەردەمی دڵە جیاوازەکاندا، ئەوان باش نین لە شاردنەوە و بەستنی دەمامک، خۆشەویستی و شادیان و بۆ ئەوانەی دەوروبەریان دەوێت، بە دەنگێکی پڕ لە پاکی و ئارامی و راستگۆیی و خەون قسە دەکەن. ئەوانەن ژیانێکی راستەقینە دەژین.
کەواتە بە دڵێکی سەوزەوە بژی، پاک و بە بەزەیی، هیچ خراپە و رق و کینە و ئیرەییەک و خۆپەرستییەک لە خۆتدا مەهێڵەوە، چونکە تۆ و شەیتان لە یەک رۆحدا ناژین. رێز لە خۆت بگرە  و کەسایەتیت بپارێزە و ئاگات لێی بێت، لە ناوەڕۆکی دڵتدا دونیات هەیە، خۆت نوقم بکە لە شیرینییەکەیدا، هەناسە بدە لە بەشە سەختەکەیدا و لە دڵتدا ئەوانە لە باوەش بگرە کە شایەنی ئەوەن لە هەموو شوێنێک لەگەڵت بن، گاڵتە بە رۆحت مەکە چونکە هێڵە سوورەکانی ناو ژیانتە و ئەو دیوارەیە دەتپارێزێت. ئاگاداری ئارامی دڵت بە، چونکە قەڵای تۆیە.

وتارەکانی نوسەر