رۆشنبیرییەکەت جوانترت دەکات

09:29 - 2022-12-26
کەنار قاسم
331 خوێندراوەتەوە

کەمترین شت کە لەمڕۆدا بۆ گەڕاندنەوەی جوانی بۆ ژیانمان پێویستمانە هەریەکێک لە ئێمە خۆمان دروستکەری جوانییەکان بین، گرنگیدان بە خۆمان بەتایبەت لە رووی رۆشنبیرییەوە و هیوا بەخشینمان بە ئەوانی تر  لە هونەرمەندان و دروستکەران و داهێنەران لەپێناوی بەرەوپێشبردنی نەتەوەکەماندا.
لە سەردەمی کۆرۆنادا  یونسکۆ  راپۆرتێکی لەسەر ئەو زیانە قورسانەی بەر کەرتی رۆشنبیری لە جیهاندا کەوتووە بڵاوکردەوە بۆ نموونە ئەو زیانەی بەر کەرتی رۆشنبیری کەوت لە جیهاندا ئەوەی دەرخست جگە لەو هەموو گرنگیدانەیان بە کەرتی رۆشنبیری پایەیەکی ئابووریشیانە.
 لە سەردەمی کۆرۆنادا بەریتانیا توانی بڕی 23 ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنیت کە زۆر پێویستی بوو تاکو خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دابین بکات، ئەمەش بەهۆی تاکە تابلۆیەکەوە کە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لەلایەن هونەرمەندی نەناسراو (بانکسی)یەوە فرۆشرا، کە بەخشیبووی بە زانکۆی ساوس هامپتۆن، وەک پێزانینێک بۆهەوڵەکانی سوپای سپی. ئەو بڕە پارەیەی تابلۆکە پەیدایکردووە، چوار ئەوەندەی چاوەڕوانکراو بووە. ئەم هونەرمەندە لەسەر دیوار و باڵەخانەکانی ئەو وڵاتە تابلۆ دەکێشێت بەبێ ئەوەی خۆی بناسێنێت،  بانکسی تاکە هونەرمەند نییە کە بەشداری کرد لە کەمکردنەوەی زیانەکانی کۆرۆنادا، هەزاران هونەرمەند لە سەرانسەری جیهاندا بە هەموو لێهاتووییە جیاوازەکانیانەوە سەرقاڵبوون، ئیتر بە مۆسیقا، یان گۆرانی وتن، یان نمایشکردنی کتێبەکانیان بێت بە خۆڕایی، هەروەها پێشکەشکردنی شانۆنامە و فیلم بۆ ئارامکردنەوەی دەروونیی کەرەنتینەکراوان بەبێ بەرامبەر.
ئەوانەی بەهرەی هونەرییان هەیە دەتوانن پاڵپشتیی وڵاتەکەیان بکەن و هاندەر بن بۆ بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاریی، ئەگەر هان بدرێن و یارمەتی بدرێن و  خۆشیان  چێژ لە شێتییەکەی “بانکسی” وەربگرن . چەندین نووسەر ناوی وڵاتەکەیان دروستکرد، گەشتیاریان هێنا بۆ ئەو شوێنانەی پاڵەوانەکانیان لێی دەژیا. چەند هونەرمەند لە گۆرانییەکانیاندا زمان و زاراوەی خۆیان بە جیهان ناساندووە، هەروەها رەنگە کەسێک سەردانی وڵاتێک بکات تەنها بۆ بینینی تابلۆیەک.
کێ دەزانێت  کاریگەری قازانجی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە کوردستان، یان داهاتی ڤیدیۆ کلیپەکان، یان پیشەسازی فیلم  هەرچەندە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێت چەند بووە؟ کاریگەری فێستیڤاڵەکان لەسەر کەرتی گەشتیاری چی بوو؟ یان کاریگەری پێشانگەکانی کتێب لەسەر خوێنەران چۆن بووە؟  لای ئێمە بواری رۆشنبیری هێندە فەرامۆشکراوە پلانێکی  ئەوتۆمان نییە بۆی کە خۆی دیسان پایەیەکی تری ئابورییە بۆ کوردستان. 

وتارەکانی نوسەر