پەیوەندییە ژەهراوییەکان

10:06 - 2023-01-08
کەنار قاسم
426 خوێندراوەتەوە

تا ئێستا بیرت لەوە کردۆتەوە دوای خواردنی ژەمێکی خراپ و ماوە بەسەرچوو چیت بەسەر دێت؟ لەو ساتەدا کتوپڕ جەستەت هەستێکی نامۆت پێدەدات و ئارەزووی خواردنت نامێنێ و تووشی لەرزوتا دەبیت، بەهەمانشێوە بە هەندێک لە پەیوەندییەکان ژەهراوی دەبین کە رۆح بەر لە جەستە ماندوو دەکات، ئەوەشی رێگرە لە کۆتیهێنان بەو پەیوەندییە تەنها  ئاوێنە کوێرەکەی ئەوینە بە ئەنقەست چاوەکانمان لە ئاست ئەو نیشانە کوشندانەدا دادەخەین.
 یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی پەیوەندییەکی ژەهراوی کە بەربەستە لە گەشەکردنی،  پەیوەندییەکەدا ئازارێکی زۆر  و وابەستەیی و ناڕەحەتی دەروونی و جەستەیی لێدەکەوێتەوە، پەیوەندییەکی لاوازە لەگەڵ بچووکترین ناکۆکی درزی تێدەکەوێت، هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای گومان و ترس و وازهێنان و ئازار دروستکراوە.  دەروونناس ساندرا لوستگارتن دەڵێت، زۆرجار پەیوەندییە سۆزدارییە ژەهراوییەکان لە ئەنجامی بۆندە ناتەندروستەکان و ناهاوسەنگی دەروونی و کەسییەوە سەرچاوە دەگرن کە یەکێک لە لایەنەکان بەدەستیەوە دەناڵێنێت. لە سەرەتادا قوربانی لەم پەیوەندییەدا کەسێکی تەندروستە کە هەندێک سیفەتی هەیە لایەنی بەرامبەر و کۆنترۆڵکار و نەرێنی رادەکێشێت،  سەرکەوتوو و بەهرەمەندە و چێژ لە جوانی جەستەیی و زیرەکییەکەی وەردەگرێت، لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر بەدەست نەرگسییەت و خۆپەرستییەوە دەناڵێنێت و هەست بە هیچ هاوسۆزییەک بەرامبەر بەوانی دیکە ناکات، ئەو شارەزایە بە یاریکردن بە ئەوانی دیکە و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و کۆنترۆڵکردن و زیانگەیاندن.
سەرەتاکان هەمیشە جوانن، بە نزیکبوونەوەیان بە تێپەڕبوونی کات، هەندێک نەگونجاوی و تایبەتمەندی لە کەسی بەرامبەردا دەردەکەوێت، کە لە سەرەتاوە هەستیان پێنەکردووە، بەجۆرێک پەیوەندییەکە لە ناوەوە دەڕزێت تەنها لە دەرەوە تەواو دەردەکەوێت، ئەو جۆرە پەیوەندییە  سەرهەڵدەدات رۆبەرت فایرستۆن ، پرۆفیسۆری دەروونناسی ناوی لێنابوو «پەیوەندی خەیاڵی» بۆ وەسفکردنی ئەو وەهمەی پەیوەندیکردن لە نێوان دوو کەسدا سەرهەڵدەدات، بەهۆی ترسە تاکە کەسییەکانیانەوە لە کۆتایپێهێنان جا بە هەر هۆکارێک بێت  هەستێکی ساختەی وابەستەبوون دەردەبڕن بۆیەک، ئەم جۆرە وابەستەبوونە بە تەواوی دەگۆڕێت بۆ حاڵەتێکی ژەهراوی، بنەماکانی پەیوەندییەکی تەندروست لەدەستدەدات و دەبێتە هۆی توانەوەی ناسنامەکان و لەدەستدانی هەستی سەربەخۆیی. 
پەیوەندییەک لەسەر بنەمای متمانە، دڵخۆشی، رێزگرتنی یەکتر و مامەڵەی پێگەیشتوو بێت، هاوسەنگی رۆحی هەبێت لە نێوان کەسەکاندا بەبێ ترس و دوودڵی ئەوا پەیوەندییەکی تەندروست و راستەقینەیە. ئەو جۆرە پەیوەندییانە درۆ و گۆڕانکاریی تێدا نییە،  ئامانجێکیان هەیە کە بە زیادبوونی رۆژەکان  پەیوەندییەکە پتەوتردەبێت، پشتیوانی یەکتردەکەن تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
ژیان زۆر کورتە بۆ ئەوەی لە دڵەڕاوکێ و گرژی و شەڕەکاندا بەسەری ببەین، لە راستیدا پێویستمان بە پەیوەندی بەردەوام و جێگیر و هاوسەنگ هەیە بۆ بەرهەمهێنان و بەخشین و دروستکردن. 
لەوەش گرنگتر کۆتیهێنانە بە پەیوەندییە نەرێنییە ژەهراوییەکان کە دەروازەییەکی راستەقینە بۆ ژیانێکی نوێ، بۆ ژیانێکی بەختەوەرتر، بۆ ژیانێکی بەرهەمدارتر و جێگیرتر، هەموو مرۆڤێک شایەنی ژیانێکی تەندروستە و شایەنی خۆشەویستییە، کاتێک پەیوەندییەک کۆتایی پێهات، گرنگ نییە ناوی چی بێت، بێ ئازاردان جێی بهێڵە.

وتارەکانی نوسەر