روانگه‌ی فه‌یله‌سوف و زانایانی سۆسیۆلۆژیا بۆ په‌روه‌رده بریتییه له كرده‌ی به "مرۆڤكردن" و راهێنانی ئاده‌میزاد بۆ ناو ژیان و كۆمه‌ڵگه، تا له رێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی توانست و مه‌عریفه‌یه‌وه هێزی خۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری هه‌بێت.
ئه‌م تێگه‌یشتنه چییه‌تی سووده‌كانی مرۆڤ ده‌خاته ناو زومی سەرنجەوە، كه ئایا مرۆڤ له‌پێناوی خۆی و کۆمەڵگە چی هه‌یه بۆ به‌خشین؟
فه‌یله‌سوفی یۆنانی (ئه‌رستۆ) ئه‌مه ناوده‌نێت "باربۆكردنی مرۆڤ به هزر و راهێنان له‌سه‌ر مه‌عریفه‌ی ره‌فتاری باش و چاكه‌ی گشتی"، له‌كاتێكدا سۆسیۆلۆگی به‌ناوبانگ (ستیڤان مۆر) په‌روه‌رده وه‌ك چه‌مك و به‌ها ده‌به‌ستێته‌وه به‌و ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی (تاك)ه‌كان له رێگه‌یه‌وه ده‌توانن به‌شێك له به‌ها و نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان فێر ببن و ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له ده‌وروبه‌ر، هەمان كات (ئه‌میل دۆركایم)، به "كرده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیبوونێكی رێكخراو" ناویده‌نێت، كه نه‌وه‌ی تازه به مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی به‌ها و نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر فێری ده‌بن و فێرده‌كرێن.
لەسەر بنەمای ئه‌م تێگه‌یشتنه په‌روه‌رده له روانگه‌ی فه‌یله‌سوفانه‌وه دوو ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌بینێ، یه‌كه‌م بیناكردن و هێنانه‌كایه‌ی یه‌كانگیریی كۆمه‌ڵایه‌تییه و دووه‌میش ئاماده‌كردنی مرۆڤی راهێنراوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له رێگه‌ی فێربوون و به‌ده‌ستهێنانی شاره‌زایی و به‌رزكردنه‌وه‌ی لێوه‌شاوه‌ییه‌وه ببێته مرۆڤێكی به‌رهه‌مهێن.
دیدی گشتی له ئه‌نالیزه‌كردنی سۆسیۆلۆژیانه‌ی چه‌مكی په‌روه‌رده، وا له‌م پڕۆسە‌یه ده‌ڕوانێت، كه كۆمه‌ڵه به‌ها و نۆڕمێكی هه‌ڵێنجراوی دابی كۆمه‌ڵایه‌تی و پره‌نسیبی ئاكارییه كە به‌شدارن له ئاراسته‌كردنی ره‌فتاری تاكه‌كان له ناو كۆمەڵگەدا، به واتایه‌كی تر كۆمه‌ڵه پێدراوێكن كاریگه‌ریی له‌سه‌ر تاك جێده‌هێڵن و وا له مرۆڤ ده‌كه‌ن چ له‌ناو ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ژینگه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی شیاو ره‌فتار بكه‌ن، دواجاریش ئه‌م به‌هایانه ده‌بنه به‌شێك له پێكهاته‌ی كه‌سێتی مرۆڤ و سه‌رچاوه‌ی ره‌فتاره‌كانی و پێی ده‌ناسرێته‌وه.
فه‌یله‌سوف و رابه‌ری شۆڕشی فه‌ره‌نسی (جۆرج دانتۆن) له‌و باوه‌ڕه‌دایه "پاش تیكه نانێك بۆ مرۆڤ، په‌روه‌رده له هه‌موو شتێك پێویستتره"، چونكه ئه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌كات به بوونه‌وه‌رێكی به‌سوود بۆ کۆمەڵگە، پۆشاك و رواڵه‌تی نییه، به‌ڵكو بنه‌ما و به‌هاكانی به‌رهه‌می په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
دوانه‌ی په‌روه‌رده‌ی سیاسیی و حزبی
په‌روه‌رده له گۆشەنیگای كۆمه‌ڵناسی سیاسییه‌وه هاوواتایه به فێركردن و راهێنانی تاكی به‌شدار و ئه‌ندام له حزب بۆ تێگه‌یشتن و راهێنانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌ها و بنه‌مای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵكشانی هۆشیاری، كه ئه‌و بنه‌ما و مه‌عریفه‌یه یارمه‌تی تاك ده‌دات ماف و ئه‌ركه‌كانی له‌به‌رامبه‌ر (خۆی) وه‌ك بوونێكی هۆشمه‌ند، له‌به‌رامبه‌ر (حزب) وه‌ك تاكێكی به ئاگا، له به‌رامبه‌ر (كۆمه‌ڵگه)ش وه‌ك هه‌ڵسوڕاوێكی به‌رپرسیار پراكتیزه بكات.
به‌و واتایه‌ی روانگه‌ی فێركردن و په‌روه‌رده‌ی سیاسی بۆ ئه‌وه‌یه كادری حزب رابهێنێ له‌سه‌ر باوه‌ڕ و ئاراسته‌یه‌كی سه‌نگینی سیاسیی، تا له رێگه‌ی راهێنانه‌وه ببێته هاووڵاتییه‌كی چاكه‌كار و به‌شدارێكی كاریگه‌ر له پڕۆسە‌ی دروستكردنی بڕیار و ژیانی سیاسی، له‌هه‌مانكاتدا چاكسازی و گۆڕانگاری كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك حه‌تمیه‌تی زانستی و لۆژیكی په‌سه‌ند بكات.
پارێزه‌ر و سیاسه‌تمه‌داری ئه‌مه‌ریكی و یه‌كێك له رابه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی مافه مه‌ده‌نییه‌كان (باربارا جۆردن) له یه‌كێك له وتاره‌كانیدا ده‌رباره‌ی پێویستیی په‌روه‌رده‌ی سیاسی و حزبی نووسیویه‌تی "فێركردنی بیركردنه‌وه‌ی زانستی و لۆژیكی و ئازاد، بۆ هه‌موو هه‌ڵسوڕاوێكی سیاسی پێویسته، كه له هه‌ژموونی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه رزگار بكرێت و وا بكات له ژیان و پڕۆسە‌ی حزبیدا پشت به خۆی ببه‌ستێت و لە سایه و سێبه‌ری بیركردنه‌وه‌ی كه‌سی دیكه‌دا نه‌مێنێته‌وه"، كه‌واتە پێشمه‌رجی گۆڕانی لایه‌نگر و ئه‌ندامێكی به‌شدار له ژیانی حزب بۆ كادر و كه‌سێكی پێگه‌یشتوو، یه‌كسانه به وه‌رگرتنی په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست و فێربوونی به‌ها و بنه‌ماكان به رێگه‌یه‌كی زانستیی.
لەڕاستیدا پارتی سیاسی وه‌ك پێداویستییه‌كی دنیای مۆدێرنێته، له رووی تیۆرییه‌وه سیاقێكی بنه‌ما و باوه‌ڕ ئامێزه، كۆمه‌ڵێك هاووڵاتی له چوارچێوه‌ی پڕۆژه و هێڵێكی فكریی و نیشتمانیی له ده‌وری كۆده‌بنه‌وه، ئامانجی به‌شداران و ئه‌ندامانی ناو ئه‌و پڕۆژه‌یه به مه‌به‌ستی جێهێشتنی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی گشتی و بەرێوەبردنی دەسەڵات و رێكخستنی كۆمەڵگەیه، له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا سیاسه‌تكردن كارێكی خۆبەخشانە و خۆویستانەیه لەپێناوی چاكەی گشتی و گۆڕینی ژیانی گشتی، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م چاكه‌كارییه به‌رهه‌مدار بێ و كومەڵگە له حزب و ئه‌ندامه‌كانی سوودمه‌ند بێت، پێویسته به‌شدارانی ئه‌و پڕۆژه سیاسییه له‌وپه‌ڕی هۆشیاریی و ئاگایی سیاسیدابن، كه‌وابێت پێویسته هه‌موو هێزێكی سیاسی و ته‌واوی به‌شدارانی ناو پارته‌كان تێگه‌یشتنه‌كه‌ی كۆمه‌ڵناس (رێبوار سیوه‌یلی) له خۆیاندا جێگه بكه‌نه‌وه و به یه‌ك پاكێج په‌روه‌رده‌ی سیاسی و په‌روه‌رده‌ی ده‌روونحزبی به ئه‌ندامه‌كانیان ببه‌خشن و بزانن چ جۆره مرۆڤێكی په‌روه‌رده‌كراو بۆ دوارۆژ ئاماده ده‌كه‌ن، چونكه دواجار نه‌ته‌وه وه‌ك ئامانجه باڵاكه‌ی حزب پێویستی به كادری جۆری و لێوه‌شاوه هه‌یه، كادرێك توانای خزمه‌تكردنی ئامانجه باڵاكانی هه‌بێت.
به‌شێوه‌یەكی گشتیی ئه‌م پاكێجه له بنه‌ما به تێگه‌یشتنی پسپۆڕان، رێگا و رێبازی په‌ره‌پێدانی بیركردنه‌وه‌ی ته‌ندروسته، هاندانی هه‌ڵسوڕاوانی سیاسییه بۆ وه‌رگرتن و په‌سه‌ندكردنی بیركردنه‌وه‌ی زانستی و لۆژیكی و به یه‌كێك له گرنگترین ئامڕازه‌كانی مرۆڤسازیی ئه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌زموونیش سه‌لماندوێتی ئه‌ندامی حزب له بوونێكی فیزیكیه‌وه ده‌كات به بوونێكی مه‌عریفی و ئایدیۆلۆژی و باوه‌ڕ و دیدگای نوێی له‌باره‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی تێدا ده‌چێنێ.
به‌م رێگایه‌ش حزب له به‌خشینی په‌روه‌رده‌ی سیاسیی به كادر و ئه‌ندامه‌كانی ئامانجیه‌تی مرۆڤێكی هۆشیار و به ئاگا بخاته‌وه كه هێزی نوێنه‌رایه‌تی په‌یام و ستراتیژی پارته سیاسییه‌كه‌ی هه‌بێت.
فۆرمه كلاسیكەكەی په‌روه‌رده‌ی حزبی
مۆدێلی كۆنی سیاسه‌ت و حزب له په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌ندامانی، فۆرمێكی ناپه‌سه‌نده، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌مهێنانی له‌یبوك و بووكەڵەی سیاسی و ئه‌هلی چه‌پڵه و كادری ملكه‌چی دروست ده‌كرد، ئه‌وه‌نده مرۆڤ و كادری ساغڵه‌میان به‌رهه‌م نه‌هێناوه، كاتی خۆی (عه‌بدولحه‌لیم خه‌دام) وتبووی "حزب به‌و فۆڕمه‌یه‌وه ئامانجی ئه‌وه‌بووه ئایدیۆلۆژیا و دۆخی چوونیەكی له بیركردنه‌وه به شێوه‌ی زۆره‌ملێ له نێوان ئه‌ندامان دروستبكات و بیانكاته رۆبۆت"، هه‌ڵبه‌ت رۆبۆتێك لاواز و داڕماو هه‌م له ئاستی بیركردنه‌وه و هه‌میش له ئاستی ره‌فتار، تاكه شتێك ئه‌وانه كه فێرده‌بن و فێرده‌كرێن راكه راكه به شوێن فه‌رمایشته‌كانی قائید و ملكه‌چییه بۆ ناوه‌ندێتی حزب، ئه‌مه‌ش له هه‌ره دیوه خراپه‌كانی په‌روه‌رده‌ی ته‌قلیدی حزبه‌كانه.
په‌روه‌رده له گۆشەنیگای كۆمه‌ڵناسیی سیاسییه‌وه، هاوواتایه به فێركردن و راهێنانی تاكی به‌شدار و ئه‌ندام له حزب، بۆ تێگه‌یشتن و راهێنانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌ها و بنه‌مای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵكشانی هۆشیاری
راستییه‌كه‌ی حزب به تێگه‌یشتنی دێرین و نۆرمه په‌روه‌رده‌ییه كۆنه‌كه‌ی مرۆڤی فێری سیاسه‌ت نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو روئیا و په‌روه‌رده‌ی تاكه‌كانی به فۆڕمی عیباده‌ت داده‌ڕشته‌وه و ناچاری ده‌كردن به‌شوێن هەنگاوی قائیددا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ شته‌كانی تر بكه‌ن، به‌و مانایه‌ی ئه‌و جۆره له په‌روه‌رده (رابه‌ر)ی له كه‌سێتی هه‌مواندا كۆپی ده‌كرده‌وه و له‌یه‌ككاتدا (بیركردنه‌وه، جووڵه، دنیابینی) هه‌موانی ده‌به‌سته‌وه به خه‌یاڵاتی سه‌رۆكه‌وه. له‌مه‌شه‌وه گوتارێكی بارگاوی نیشتمانی له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو شتێك دروستده‌كرد و جۆره مرۆڤێكی به‌رهه‌مدێنا، هه‌موو شت بوو ته‌نها خۆی نه‌بێت، (ئیماندا پیریاس) ده‌ڵێت "كادر له سایه‌ی په‌روه‌رده‌ی رێكخراوه‌یی له حزبی داخراودا ده‌گه‌یشته شوێنێك، رقی له هه‌موو حزب و كه‌س و شتێك ده‌بۆوه".
په‌روه‌رده‌ی حزبی له مۆدێله داخراوه‌كه‌یدا مرۆڤی فێری ملكه‌چی و پاشكۆیی و گوێڕایه‌ڵی كوێرانه ده‌كرد، ئه‌م ته‌كنیكه پرسیاركوژه وایده‌كرد هه‌ڵسوڕاوی حزبی هاوشێوه‌ی په‌یڕه‌وكارێكی ئایینیی دەرفەتی پرسیار و ده‌ربڕینی له‌باره‌ی دید و دنیابینی حزبه‌كه‌یه‌وه نه‌بێت و نه‌توانێ هه‌ڵوێسته‌كان بخاته ژێر راڤه‌كردنه‌وه، به‌ڵكو به گوێره‌ی دروشم و بنه‌مای (نفذ ثم ناقش)، كه زه‌وتكردنی ئیراده‌ی هه‌بوونی قسەیە له بڕیاره‌كان و جێبه‌جێكردنێكی كوێرانه‌یه وایلێدێت كادر له پارتی سیاسی‌دا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كان بكات، ئه‌مه خۆی جۆرێكه له زه‌وتكردنی توانا و لێوه‌شاوه‌یی پۆتانشێڵی ئه‌ندامی حزب، له‌كاتێكدا له بنه‌ڕه‌ته‌وه شوناسی حزب به‌پێی په‌یڕه‌وی هه‌موویان بریتییه له‌وه‌ی كه هه‌موو هه‌ڵسوڕاوێكی ئه‌ندام له حزب، مرۆڤێكی كامڵه و به‌وه له خه‌ڵكانی تری کۆمەڵگە جیاده‌كرێته‌وه كه هۆشیارتره، له‌كاتێكدا په‌روه‌رده‌ی حزبی به تایبه‌تمه‌ندییه كۆنه‌كانی خۆی هۆشیاركوژه و ده‌رفه‌ت بۆ هۆشیاریی سیاسیی ناهێڵێتە‌وه، چونكه هۆشیاریی له پێناسه ساكاره‌كه‌یدا بریتییه له درككردنی كادر به‌و شتانه‌ی له ده‌وروبه‌ریدا رووده‌ده‌ن.
سۆشیال میدیا و مۆدێله نوێیه‌كانی په‌روه‌رده
په‌روه‌رده‌ی سه‌رده‌میانه لەسەر بنەمای ده‌ركه‌وته‌كانی میدیای دیجیتاڵی، به فۆڕم و میتۆدێكی نوێ خۆی كۆكردۆتەوە، پسپۆڕانی میدیا و سیاسه‌ت بە رێبازێكی نوێی دەزانن كه له توانایدایە ده‌زگا ته‌قلیدیه‌كانی په‌روه‌رده كۆنەكە تێپه‌ڕێنی و له‌یه‌ككاتدا مرۆڤ به‌پێی تێگه‌یشتنه نوێیه‌كان هۆشیار بكاته‌وه و ئاشنایان بكات به مافی خۆیان و ئه‌وانی دیكه‌ش. به‌و مانایه‌ی له سایه‌ی كارلێكی هه‌میشه‌یی مرۆڤ له‌گه‌ڵ پلاتفۆڕمه‌كانی سۆشیال میدیا، تاك ده‌بێته جه‌مسه‌ر و هەمان كات ده‌بێته به‌شێك له تۆڕێكی به‌رینی کۆمەڵگەی جیهانی، ئه‌مه‌ش به دیدی (لارنسا ئیدیمۆد) وایلێدێت په‌روه‌رده چیتر له رێبازە كۆنەكەی خۆیدا نه‌مێنێته‌وه و گه‌شه‌كردنی بێ سنووری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پلاتفۆڕمه‌كان بكاته سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌رچاوه‌كانی په‌روه‌رده به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، هه‌م له ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، ئایینی، سیاسی و یاساییه‌كانیش.
له راستیدا ئه‌زموونی سیاسیی ژیانی حزب و په‌روه‌رده‌ی سیاسیی له وڵاته دیموكراتە‌كان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ، كه چیتر حزب هێزی كۆنتڕۆڵكردنی په‌روه‌رده‌ی نه‌ماوه و ناتوانێ به شێوه دێرینه‌كه‌ی جاران ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ پرۆسیسی پێگه‌یاندن نه‌رم بكات، به‌ڵكو ئه‌و ئه‌ركه به‌شێكی سۆشیال میدیا له ئه‌ستۆی گرتووه، هه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین زانیاری و ئاگایی به‌كاربه‌ری سیاسییه و هه‌میش كارلێكی زۆری ئه‌ندام له‌گه‌ڵ ئه‌ندامی حزبه‌كه‌ی خۆی یان لایه‌نگری پارته‌كانی تر بۆی ده‌بێته جۆرێك له په‌روه‌رده‌ی سیاسیی، ره‌نگه ئه‌مه وەك پڕۆسە‌یه‌كی ئه‌رێنی خۆی پێشان بدات، به‌و پێیه‌ی هۆشیاریی كادر به‌رز ده‌كاته‌وه و ئاشنای ده‌كات به باوه‌ڕ و چه‌مك و تێڕوانینه نوێباوه‌كان، به‌ڵام هاوكات په‌روه‌رده‌یه‌كی نه‌رێنیشه، چونكه مرۆڤ له بنەڕەتدا له‌سه‌ر خۆبه‌ستنه‌وه به پرسه رووكه‌شه‌كانه‌وه سه‌رقاڵده‌كات و ده‌رفه‌تی قووڵبوونه‌وه‌ی له تێڕامان له دیارده‌كان بۆ ناهێڵێتەوە، لەدێر زەمانەوە (عه‌بدولڕه‌حمان راشید) ی نووسه‌ری عه‌ره‌ب وتوویه‌تی «سۆشیال میدیا، كادر و خه‌ڵكی سیاسیی فێری رامان له توێكڵی شته‌كان ده‌كات، له‌كاتێكدا په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروست تێگه‌یشتن و گه‌یشتنه به كاكڵی شته‌كان».