لە شەڕی دوو شواندا، زیان بە کێ دەگات

09:58 - 2023-01-22
هیوا محەمەد
286 خوێندراوەتەوە

ئەگەر بڕیار بێت، هەرێم وەک ئێستای خۆی بمێنێتەوە لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا، ئەوا پێویستە بە ناچارییش بێت، کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێن، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەمدا نییە.
یاسای هەڵبژاردن لە هەرێم هەموار بکرێتەوە و بە زووترین کات وادەی هەڵبژاردن دیاری بکرێت، رێکەوتنێک بە میکانیزمێکی نوێ لە نێوان هەردوو تیمی یەکێتی و پارتی بە بەشداری حزب و لایەنەکانی تر تەنانەت ئەوانەش لەدەرەوەی حکومەتن بکرێت لە حکومەتدا بۆ درێژەدان بەکارەکانیان تا کاتی هەڵبژاردنی داهاتوو.
لیژنەیەکی پسپۆڕ و جێی متمانە پێکبهێنرێت لە ماوەی سێ مانگدا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو سکاڵایانە بکات کە هەردوولا لەسەر یەکتر هەیانە، دەکرێت نوێنەرێکی دادگای فیدراڵیی لەو لیژنەیەدا بێت، بەومەرجەی کە لیژنەکە راستییەکان روونبکاتەوە و شاراوە نەبێت و لایەنی هەڵە یان کەمتەرخەم دیاری بکرێت، لەمەدا هەرچی یەکێتییە خوازیاری ئەوەیە و لە رێگەی سەرۆکەکەیەوە لە دیمانەی لەگەڵ کەناڵێکی پارتی خۆیەوە ئەو پێشنیازی کردووە.
هەردوولا بەو پێیەی هێزی چەکداری کوردستانیان لەژێر دەستدایە، پێکەوە هەوڵی سەقامگیریی هەرێم بدەن تا تیرۆریستان، نەیاران، دوژمنانی دەرەکی بە ئارەزووی خۆیان سوود لە خراپی پەیوەندییەکانی نێوانیان نەبینن، چونکە دوای ئاشتەوایی بە ئاسانی بۆمان چاک نابێتەوە.
بەم میکانیزم و دۆخی سیاسییەی کە ئێستا هەیە لە هەرێمدا، قسەکردن لەسەر یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تەنها لێدوانە، چونکە رادەی دەسەڵاتەکانی ئەم دوو هێزی چەکدارە کە لە هەرێمدا هەن ناتوانرێت لەناو یەکخستنەوەی هێزەکە جێگەیان بکرێتەوە.
هەرچی بەغدایە وەک لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت و دەرەوەی حکومەت، هێندە ناکۆکییەکانیان فراوانە، ناتوانن بە یەک هەڵوێستەوە بێنە پێشەوە لەگەڵ هەرێم، هەرێمیش لەوان باشتر نییە، لەم نێوەندەدا گەلانی عیراق بە هەرێمەوە تووشی زیان دەبن.
سەرەتای دوای روخانی رژێمی بەعس لە ئێستا خراپتر بوو، بەڵام مام جەلال توانی لەماوەیەکی کەمدا هەموان یەکبخات و لە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردندا عیراق بکاتە دامەزراوەیی و خەڵکیش بحەسێنێتەوە، هەرچی گەشەی تاکە لە رووی ئابوورییەوە لەو سەردەمەدا بووە و ئێستاش کاریگەریی ئەوکاتی لەسەر ماوە، بەڵام بەداخەوە زۆرێک پێیان وابوو کە رۆڵیان هەیە و دەتوانن بێ مام جەلال دەرمانی چارەسەر بن، کەچی لەگەڵ ئەوەی کەس دەستی نەگرتوون هەنگاوێک نانێن بۆ چارەسەری دۆخەکە.
نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە، کێ دەتوانێت ببێتە مایەی چارەسەری دۆخەکە و ئاشتی و ئارامی و دادپەروەریی و لە حکومڕانییەکی گونجاو و باش و جێی متمانەی خەڵک بێنێتە کایەوە؟ کێ دەتوانێت لایەنی دەروونیی خەڵک ئارام بکاتەوە و لە بازنەی بێهیوایی دەریان بێنێت؟ کێ هەیە لە بەرنامەیەکی سنوورداردا کێشە خزمەتگوزارییەکان و ژیانی خەڵک چارەسەر بکات؟
خۆ کاتێک مام جەلال لە ژیاندا بوو، کاتێک ئەو هەنگاوی دەنا بۆ هەرچی زیاتر خزمەتکردنی خەڵک، زۆرێک سەنگەریان لێدەگرت و هەوڵی رێگرتنیان لێی دەدا و پێیان وابوو تواناکانیان لەوەی مام جەلال کەمتر نییە، ئەی بۆچی ئێستا هیچ هەنگاوێکیان لێ نابینین؟

وتارەکانی نوسەر