بڕیاری دادگایان پێ دەگۆڕدرێت؟

10:31 - 2024-04-21
هیوا محەمەد
188 خوێندراوەتەوە

دەڵێن جام کە پڕ بوو لێی دەڕژێت، برایەتی شەراکەت کە تێکچوو، ئیتر متمانە نامێنێ و هەرلایەک پەنا دەباتە بەر دۆستەکانی تری و هەوڵی دەرخستنی ئەستۆ پاکی خۆی دەدات. ساڵی رابردوو، لە رێگەی چەند کۆبوونەوەیەکەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، لەهەوڵی ئەوەدا بوو کە رازییان بکات بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، هەموو بژاردەکانیشیان خستە بەردەمیان، بەڵام پشتبەست بە پێداگریی و گرتنەبەری تاکڕەوی و بە کەمزانینی بەرامبەرەکان، ئەو حزبە هەموو مەرج و پێشنیازەکانی رەتکردەوە، ئیتر دەبێت یەکێتی چی بکات؟ بێگومان پەنابردنە بەر یاسا کۆتا بژاردەیە. 

ئایا کۆمسیۆن ئەو وادە دیاریکراوەی کە داینابوو بۆ پێشکەشکردنی کاندید، کۆتایی هاتووە، بۆ پ.د.ک درێژی دەکاتەوە؟

دوای ئەمە لە رێگەی دادگای فیدراڵی عیراقەوە توانرا بە بڕیار، ئەو یاسایانە هەڵبەوەشێنرێنەوە کە لەدوای راپەڕینەوە کاری پێکراوە سەبارەت بە هەڵبژاردن.
لەوای دەرچوونی بڕیارەکانی ئەو دادگایە، پارتی هەرزوو رەتیکردەوە و پێی رازی نەبوو، بەڵام سەرۆکی هەرێم خێرا رۆژی هەڵبژاردنی بە 10ی حوزەیران دیاریکرد.
کۆمسیونی هەڵبژاردنەکانی عیراق سەرپەرشتی دەکات.
لەو ماوەیەوە تا ئێستا هەڵوێستەکانی پارتی لێرە و لەوێ لە دژی ئەو بڕیارانەیە و تاوانبارکردنی دادگایە دەمێک بە داگای برێمەر و دەمێک بە سیاسی و نادادپەروەر و باوەڕپێنەکراو.
هەرچی پێکهاتەکانە کە 11 کورسییان پێدراوبوو، ئەوانیش تەنها لەبەرژەوەندیی پارتی لە پەرلەماندا دەنگیان دەدا، لەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە دەتوانن وەک تاک و گروپیش کاندیدیان هەبێت بۆ پەرلەمان و بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، واتا مافی دەنگدان و خۆکاندید کردنیان هەیە، ئیتر بەچی مافیان پێشێلکراوە؟
دەوترێت کە پ.د.ک لە رێگەی ئەم و ئەوەوە خەریکی گۆڕینی بڕێک لە بڕیارەکانی دادگایە و وەک دەڵێن گوایە لەهەوڵی ئەوەدایە هیچ نەبێت پێنج کورسی بدرێتە پێکهاتەکان، ئەمەش وەک سیاسەتی (زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە باشترە)، دیارە کە ئەو ژمارەیە بەلایەوە گرنگە و دەیکاتە سەرباری بارە سەرەکییەکە و پێش چوونە هەڵبژاردنەوە پێنج کورسیی مسۆگەری دەبێت.
خەڵکی بە گشتی پێشوازییان کرد لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، پێیانوایە کە بۆ یەکەمین جار بە یاسایەک هەڵبژاردن دەکرێت، ئیتر ئەگەری گۆڕینی رەوتی حکومڕانی لە هەرێم مسۆگەرتر دەکات.
هەرچی یەکێتی و لایەکانی دیکەیە، کاندیدیان پێشکەش کردووە و ئامادەی هەرڵبژاردنن، بەڵام پ.دک بە تەنها بایکۆتی کردووە و دیار نییە ئایا بەگۆڕینی بڕێک لە بڕیارەکانی دادگا بایکۆت دەشکێنێت؟ 
لەم لاشەوە ئایا کۆمسیۆن ئەو وادە دیاریکراوەی کە داینابوو بۆ پێشکەشکردنی کاندید، کۆتایی هاتووە، بۆ ئەو حزبەی درێژ دەکاتەوە؟ یان بڕیاری تایبەتیان بۆ دەردەکات؟ ئەگەر ئەمە بکرێت، ئەوا شکاندنی یاسایە و رێزدانەنانە بۆ ئەو رێسا و یاسایانەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کاری پێدەکات.

وتارەکانی نوسەر