بەسەرکردنەوەی هەژاران ئەرکی حکومەتە

10:12 - 2024-04-16
هیوا محەمەد
173 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

ئێمە لەدوای راپەڕینەوە خۆمان خۆمان بەڕێوەدەبەین، ئەوەی دەمانووت بەعس لێی زەوتکردووین، هاتۆتە ژێر دەستی خۆمان، ئەوە 33 ساڵە ئەوە نەماوە بڵێین جیاوازیی لە نێوان شارە کورد نشینەکاندا هەیە، چونکە شۆڕشێکمان هەیە، هیچ گوندێک بە زۆرە ملێ راناگوازرێت.
هیچ رێگرییەک نییە لەبەردەم بەڕێوەبەرانی ئەم هەرێمە، دەستیان نەبەستراوە لەو ماوە درێژەدا کە هەرچی باشتر هەنگاو بنێن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو لە بوارەکانی ئابووری، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، کە ئەمانە ئەگەر لە پلەی باشدا بن، ئەوا بەشدارییە سیاسییەکەمان وێڕای هێزە سەربازییەکە، دەبنە تەواوکەری یەک و دەتوانین بڵێین لەم هەرێمە هەموو شت لەسەر هێڵی خۆیەتی و گۆڕانی باشتری بەسەردا دێت، نەک خراپە و بۆ خراپتر دەچێت.
ئەوەی لەسەر حکومەتە، لاکردنەوەیە لە تاکەکانی کۆمەڵگە، بەو واتایەی هاوکاریی کردنیانە بۆ خوێندن و چوونە ناو بازاڕی کارکردنەوە، ئەمە بەرنامەی گرنگی هەر حزب و حکومەتێکە.
تاکەکان کە لە دایک دەبن، سەرەتا دەبێت خوێندنگە و کەشی خوێندنیان بێ بەرامبەر بۆ دابین بکرێت، ئێمە لە وڵاتێکداین کە لە 60 ساڵی بەر لە ئێستاوە خوێندن و هەلومەرج و پێداویستی خوێندن بێ بەرامبەر بووە و لەلایەن حکومەتەوە رەخسێنراوە، کەچی ئێستا هەر خێزانێکی هەژار لە منداڵێک زیاتری هەبێت، ناتوانێت بیانێرێت بۆ خوێندن و خەرجیان بکێشێت.

دەبێت حزبەکان کار لەسەر چەسپاندنی یاسا کۆمەڵایەتییەکان بکەن، کە لە رێیەوە هەژاری و بێکاری و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، کەم دەبێتەوە

دەبێت وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەرکەکانیان دابەش بکەن و هەریەک لای خۆیەوە بخزێتە ناو کۆمەڵگە و چارەسەری کێشەکانیان بکات.
دەبینین چەند جارێک لە بری حکومەت حزب بەمە هەڵدەستێت، ئەمەش کەمتەرخەمی و بێ بەرنامەیی حکومەت دەردەخات. 
حزب ئەرکی بەسەرکردنەوەی ئەندام و کادرەکانی خۆیەتی، تەنانەت بودجەی حزب کە حکومەت دەبێت بیدات، هەر دەبێت بۆ خزمەتی حزبەکە بە گشتی و ئەندامەکانی بەکار بهێنرێت، بەڵام حزب دەچێت هەژار بەسەر دەکاتەوە، یان قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکاتەوە، یان بۆ شوێنێکی گشتی پێداویستی دابین دەکات، هەموو ئەمانە جوانن و حزب دەتوانێت وەک رێکلام بۆ خۆی و راکێشانی سۆزی هەوادارانی بیکات، بەڵام لە راستیدا ئەرکی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانە نەک حزب.
حزب دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت کە هەموو کادر و ئەندامەکانی خۆی چ رۆژگارێکی سەختیان بینیوە بۆ سەرخستنی حزبەکەیان، دەبێت ئەو کادرانە بەسەر بکاتەوە کە لە هەربوارێکی هونەری یان سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێشمەرگایەتیدا خەباتیان کردووە، رەنگە کەسانێک تەنها بە سروودەکانیان هەزاران کەسیان هان دابێت بۆ چوونە ناو ریزەکانی ئەو حزبە، لێرەوە دەکرێت بڵێین ئەمانەی ناو حزب لە پێشینەن تا کەسانی دیکەی دەرەوەی حزب، ئەوان دەکەوێتە سەر شانی حکومەت. 
دەبێت حزبەکان کار لەسەر چەسپاندنی یاسا کۆمەڵایەتییەکان بکەن، کە لە رێیەوە هەژاری و بێکاری و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، کەم دەبێتەوە.

ئەگەر یاسا کۆمەڵایەتییەکان وەک پێویست کاریان پێبکرێت، منداڵان لە زبڵدانەکان بوکەڵە هەڵناگرنەوە

وتارەکانی نوسەر