لە نێوان خۆشەویستی و رقدا

10:13 - 2023-01-26
رۆزا دڵشاد مەریوانی
374 خوێندراوەتەوە

دەوترێت هێڵێکی باریک هەیە لە نێوان خۆشەویستی و رقدا رات چییە دەربارەی ئەم وتەیە؟
*بە رای من لە سەدا سەد راستە، بۆیە کاتێک کەسێک یەکێکی زۆر خۆشدەوێت ئەگەر بەرامبەرەکەی نائومێدی بکات یان خیانەتی لێبکات دەبینین لەجیاتی ئەوەی چیتر خۆشی نەوێت کەچی وەکو چۆن تا ئەوپەڕی خۆشەویستی خۆشیویستووە بەهەمانشێوەش تا ئەوپەڕی رق، رقی لێیدەبێتەوە و ناتوانێت تەماشای بکات، ئەوەشە وادەکات خۆشەویستەکان یان هاوسەرەکان دوای جیابوونەوە نەتوانن جارێکی دیکە وەکو دوو مرۆڤی ئاسایی پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆی ئاسایی بکەن یان ئەگەر منداڵیان لە نێواندا هەبێت دەگمەنە بتوانن بە ئاسایی و بێ شەڕ و ناکۆکی لەسەر بابەتەکانی پەیوەستن بە منداڵەکانیانەوە پێکبێن و رێکبکەون.
-ئەو قسەیە راستە بۆیە کاتێک دوو هاوسەر دەبینرێن وەکو دوو ناسیاو یان هاوڕێ دوای جیابوونەوە بەبێ هیچ رق و کینەیەک مامەڵە لەگەڵ یەکدا دەکەن، دەبێت بزانین ژن یان پیاوەکە هەر کامێکیان هۆکار بووبن بۆ ئەو جیابوونەوەیە ئەوە بەرامبەرەکەی چیتر خۆشی ناوێت و رقیشی لێی نابێتەوە.
* بەڵێ وایە، چونکە رقلێبوون دیوەکەی دیکەی خۆشەویستییە و ئەگەر هیچ جۆرە هەست و گرنگیدانێکت بۆ کەسێک نەبێت ئەوا رقیشت لێی نابێت، بەڵکو ئاسایی دەبیت و هیچ رەفتار و وتەیەکی ئەو کەسە تووشی شڵەژانی دەروونیت ناکات و ناخت ناجوڵێنێت، لەبەرئەوەی پێچەوانەی خۆشەویستی رق نییە، بەڵکو بێ هەستیی و فەرامۆشکردنە و خۆشەویستی و رق دوو دیوی یەکن و هێڵێکی نەبینراو لە نێوانیاندا هەیە.
 - کەواتە بۆیە کاتێک کەسێکی خۆشەویست یان تەنانەت هاوڕێیەکی نزیک و خۆشەویستمان ئازارمان دەدات و بێهودەمان دەکات یان خیانەتمان لێدەکات زۆرتر پێی بریندار دەبین و زیاتر رقمان هەڵدەستێت و رقمان لێیدەبێتەوە وەک لە کەسێکی غەریبە، چونکە ئەو برینەی کەسە نزیکەکان لە ناخ و دڵ و دەروونماندا جێیدێڵن قووڵتر و بە ئازارترە.
*بەڵێ وایە، بەڵام مرۆڤ بە سروشتی خۆی وادروستبووە لەگەڵ هەموو ئازارەکاندا رادێت بە مەرجێک لەناخی خۆیدا خەفەی نەکات و دەریببڕێت، رەنگە بە تێپەڕبوونی کات برینەکانی ساڕێژ ببن و ئەو رقەشی نەمێنێت، بەڵام دەزانیت هەمیشە لە ژیاندا کەسانێک هەن چەندە دڵیشمان بشکێنن هەر خۆشماندەوێن و ناتوانین رقیشمان لێیان بێت.    

وتارەکانی نوسەر