هاوکێشە سیاسییەکان و ئایندەی عیراق

10:01 - 2023-01-30
عەتا تەها
349 خوێندراوەتەوە

عیراق کەوتۆتە نێوان هاوکێشەیەکی سیاسی قووڵ و ئاڵۆز، رەنگە تێپەڕبوون و دەربازبوونی هەروا سادە و ساکار نەبێت، بەردەوامبوونی حکومڕانی بەم شێوازە، ئەوا دوور نییە حکومەت جارێکی تر بخرێتە بەردەم  هەڵبژاردنی پێشوەختەوە. 
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە کابینەی پێشووتری عیراق ماوەی یاسایی مابوو، بەڵام لەبەر دەستێوەردانی نێوخۆی هێز و لایەنە سیاسییەکان، هاوکات لەژێر کاریگەریی گوشاری دەرەکی بە ناچارکردنی هەڵوەشانەوەی حکومەتی پێشووتر و دواتر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردنیش نزیکەی ساڵێک کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان، تا بە نیوە ناچڵی گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینە و حکومەتی نوێ،  بەڵام دیسان حکومەت و دۆخی سیاسی و ئابووری عیراق نەک هەر حاڵی باشتر نەبوو لە کابینەی پێشووتر، بەڵکو ئاڵۆزتر و خراپتربووە، چ لە رووی سیستمی سیاسی و حکومڕانی و چ لە رووی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی، بەتایبەتی لەسەروبەندی ئەوەی کە بەهای دراوی عیراقی زۆر ناجێگیرە و دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکرد لەبەرامبەر دۆلار. 
ئەم دابەزینی دراوەش شڵەژانی دەروونی لای بازرگان و سەرمایەداران بەتایبەتی و خەڵک بە گشتی دروستکردووە کە دواجار بە ئەگەرێکی زۆرەوە رەنگە  هۆکارێک بێت بۆ جووڵاندنی شەقام و خۆپیشاندانی سەرتاسەری بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتەی ئێستای عیراق. بێجگە لەوە رەنگە خۆی هەر لە بنەڕەتەوە پێکهێنانی ئەم حکومەتە جێگای رەزامەندی هەندێک هێز و لایەنی سیاسی نێوخۆیی و تەنانەت دەرەکیش نەبووبێت، بۆیە بەردەوامیدان بە سیاسەت و حکومڕانی عیراق بەم شێوازەی ئێستا، ئەوا دوور نییە لەپێش کۆتایی نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 بۆ جارێکی تر و لەژێر گوشار و جووڵاندنی شەقامدا، دیسان حکومەت ناچاربکرێت و بخرێتە بەردەم بژاردەی هەڵوەشاندنەوە، هاوکات سەرلەنوێ هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی تر کە ئەمەش روویدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئاخۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەرە بۆ سەقامیگری دۆخی سیاسی عیراق؟ 
یاخود هەڵبژاردن دەبێتە سەنگی مەحەک و کار بەدەرئەنجامەکانی دەکرێت؟ هەموو ئەوانەش قسە و باسی تر هەڵدەگرێت لە کات و شوێنی خۆیدا قسەمان لەسەری دەبێت. 
هەڵبەتە ئەوەی بۆ ئێستا گرنگە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر بکات، کۆکردنەوە و یەکخستنی هێز و لایەنە سیاسییەکانە لە سەرمێزی گفتوگۆ بە ئامانجی نەهێشتنی گرژییەکان و ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و لە جیاتی سیاسەتی تاکڕەوی و بڕیاردانی تاکلایەنە لەناوخۆی هەرێم، سیاسەتی یەکتر قبووڵکردن بکرێتە کاری لە پێشینەی حکومەت و بە ئاراستەی کۆدەنگی نیشتمانیی هەنگاو بنێت، ئەوکات لە ئەگەری هەر پێشهات و رووداوێک، حکومەتی هەرێم بێ هەڵوێست ناوەستێت و دەتوانێت هەڵوێست و کارتی بەهێزی خۆی بەکاربێنێت. 

وتارەکانی نوسەر