مووچە بە پچڕ پچڕی

09:47 - 2024-03-18
عەتا تەها
242 خوێندراوەتەوە

عەتا تەها

مووچە سادەترین مافی هەر مووچەخۆرێكی حكومەتە بە هەموو جۆرەكانیەوە، لە فەرمانبەرێكی مەدەنی و  خانەنیشین و خاوەن پێداویستیەكی تایبەتەوە تا دەگاتە پێشمەرگەیەك و كارمەندێكی سەربازی و هێزەكانی ناوخۆ و هەر توێژێكی تر. لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان جێیكراوەتەوە كە لە بنەڕەتدا مافێكی سروشتی و تەواو یاسایی خۆیانە مانگانە بڕێكی دیاریكراو لە بەرامبەر راپەڕاندنی ئەركی پیشەیی و ماندوو بوونەكانیان پێبدرێت، هەڵبەتە هەموان دەزانین زنجیرەیەك ساڵە كە خۆی لە 10 ساڵی رەبەق دەبینێتەوە، دەسەڵاتی خۆماڵی بە بیانووی جۆرا و جۆر قووت و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی لێگرتونەتەوە و وەك پێویست مووچەكانی پێنەداون، ئەمەش هەرجارە و بە بیانوویەك جارێك بە بیانووی شەڕی داعش و جارێك بەبیانووی دابەزینی نرخی نەوت و جارێكی تر بە بیانووی كێشەی هونەری و دەیان جاری تر بە بیانووی هەبوونی كێشە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، بەم جۆرە بیانووانە مووچەخۆرانی هەرێم قوربانیی سەرەكی بوون بە لێبڕینی قووت و پاروی خۆیان و خانەوادەكانیان. 
دەشێ هەندێك لەو بیانووانە بۆكاتێكی دیاریكراو دروستبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكاتە ئەوەی بە درێژایی ساڵ بە هەمان نیەت بەردەوام بن، چونكە هەر بە گریمانە وایدابنێین، هەموو ئەو بیانووانە تەواو دروستبن، ئەی ئیتر حكومەت پلانی  چییە؟ لێرەدا پرسیارە جەوهەرێكە ئەوەیە، ئاخۆ نابێت حكومەت لەبەرامبەر هەرگرفت و قەیرانێكی سروشتی و سیاسی و ئابووری، پلانی چارەسەر و تێپەڕاندن و بنەبڕكردنی ئەو گرفتانەی هەبێت كە دێنە پێش؟ 
ئەگەر قەیرانەكان راستبن و حكومەتیش دەستەوسان بێت و  پلان و بەرنامە و نەخشە رێگای حكومڕانی نەبێت، ئەوا عوزر لە قەباحەت خراپتر و سەرەنجامیش وەك ئێستای لێدێت كە سێ مووچەی تەواوی ساڵی رابردووی مووچەخۆران نەدراوە و وا ئەمساڵیش لەنیوەی مانگی ئازارداین كەچی تائێستا تەنها مووچەی مانگی یەك دراوە، كەواتە سێ مووچەی ساڵی رابردوو لەگەڵ تێپەڕبوونی سێ مانگی ئەمساڵدا، لە كۆی شەش مانگ تەنها یەك مووچە دراوە، ئەمە سەرەڕای چەندین مووچەی  ساڵەكانی تری فەرمانبەران لەگەڵ چەندین لێبڕینی تری مانگانەیان بە ناوی پاشەكەوتەوە لێبڕدراوە و تا ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە و هەرباسیشی لێوەناكرێت.

 

 

وتارەکانی نوسەر