سیاسەتی بانێك و دوو هەوا

09:47 - 2024-03-27
عەتا تەها
207 خوێندراوەتەوە

ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پابەندبوونی یەكێتی پێوەی، عەرشی حزبێكی هەژاند، ئەو حزبەی دەمێكە لە هەرێم سیاسەتی بانێك و دوو هەوا پەیڕەو دەكات بەجۆرێك كورد وتەنی بە هەوایەك گەرم و بە هەوایەك سارد، یاخود روونتر وەك دراوێكی دوو دیو كە هەرجارە و دیوێكی دراوەكە بەپێی بەرژەوەندییەكانی نمایش دەكات، واتا كام دیوی دراوەكە لە بەرژەوەندیی كەسی و حزبی خۆیدا بێت ئەو دیوەی نمایش دەكات، ئیتر بەبێ رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی، وەك ئەوەی كە ئێستا دەگوزەرێت لەسەر پرسی هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموكراسی كە بینیمان هەڵوێستیان سەبارەت بەو پرسە لەدوای بەسەرچوونی ماوەی زیاتر لە ساڵێكی پەرلەمان، دواجار بڕیاردرا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت. هەڵبەتە دیاریكردنی کات و بڕیاردان لەسەر کردنی هەڵبژاردن بە بڕیاری سەرۆكی هەرێم بووە كە هاوكات جێگری سەرۆكی حزبە و هەر ئەو حزبەشە بانگەشەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردن دەكات!
 بێگومان ئەم هەڵوێستە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام گرنگترینیان بریتیە لەوەی ترس لە هەڵبژاردن خۆی لە دوو هۆكاری هەرە سەرەكیدا دەبینێتەوە، یەكەمیان هەڵوەشاندنەوەی سیستمی کۆتاکان كە پێكهاتبوو لە 11 كورسی، بەڵام دواجار ئەو 11 كورسییە لە بەرژەوەندیی تاكە حزبێك هەموو بڕگە و یاسا و بڕیارەكانی نێو پەرلەمانی یەكلایی دەكردەوە، هەر ئەمەش هۆكار بوو كە پێكهاتەكان لە بنەڕەتدا نوێنەری راستەقینەی رەسەنی خۆیانیان نەبوو، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی ترەوە ترس لە پاككردنەوەی ئاماری كۆمسیۆن، بەتایبەتی پاكتاوكردن لە هێزە سەربازییەكان، هەربۆیە ئەو دوو هۆكارە لە سەرەكییەكان بوون كە ترس و دڵەڕاوكێی لە دڵدا دروست كردوون و سەرەنجام بڕیاری بایكۆتیان داوە، ئەگەرنا روونە ئەسڵی بابەتەكە بایكوت كردن نییە، بەڵكو بیانوو گرتنە، بیانووەكەش دروستكردنی گوشارە بۆ سەر كۆمسیۆن بەمەبەستی  نەکردن و دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
بە دووری مەزانن بیر لە رێگەچارە و میكانزمی تری هاوشێوەی پێشوو بكەنەوە و تەنها ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندیی حزبی و كەسی بێت و هیچی تر.

وتارەکانی نوسەر