وێنەی کارەساتەکان

09:56 - 2023-02-14
رۆزا دڵشاد مەریوانی
322 خوێندراوەتەوە

رەنگە وتەی ئەوەی وێنەیەک جێی هەزار وشە دەگرێتەوە وەکو رۆژنامەنووسێک کەمێک بەلامەوە زیادەڕەویی و موبالەغەی تێدا بێت، بەڵام وەکو مرۆڤێک و دایکێک رەنگە تەنها وێنەیەک نەک جێی هەزار وشە، بەڵکو جێی هەزاران جۆر لە هەست و سۆزی مرۆیی و دایکایەتی بگرێتەوە  لەلام، کاتێک وێنەی منداڵێکی رزگاربوو  لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی سوریا و تورکیا لە رێی میدیا و سۆشیال میدیاوە دەبینم.
 هاوکات هەزاران پرسیار و خەم و پەژارە و ترس و دڵەڕاوکێ لە ناخی هەر یەکێکماندا دەوروژێت کاتێک ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە دەبینین، هەمیشەش هەر وابووە ئەوەندەی وێنەی منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتە و تەنانەت ئاژەڵە ماڵییەکانی بەجێماوی دوای کارەساتەکانی جەنگ و کارەساتە سروشتییەکان ناخی مرۆڤەکان دەهەژێنن و بەڕاستی دەمانگرێنن، خودی جەنگ و کارەسات و تەنانەت سەربازە کوژراوەکانی جەنگ بە ئاستی ئەوان نامانهەژێنن و خەمبارمان ناکەن، چونکە لە ناخەوە دەزانین ئەو قوربانیانە ئەوانەن هیچ گوناهێکیان نییە و هۆکاری روودانی ئەو کارەساتانە نین جا سروشتیی بن یان جەنگ.
دواجاریش ئەو وێنانە زۆرجار رقمان هەڵدەستێنن، لەبەرئەوەی دەزانین ئەو کەمینەیەی لەسەر مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێن، هۆکاری سەرەکین بۆ روودانی ئەو کارەساتانە، هەروەها برینداربوون و گیانلەدەستدان و ماڵ وێران بوون و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی بێ تاوان لە ئەستۆی ئەواندایە، بەڵام بەدرێژایی مێژوو هەر وابووە زۆرجار ئەو کەمینە باڵادەست و وێرانکەرەی دەستیان هەیە لە تێکدانی سروشت و ژیانی مرۆڤەکاندا دەرباز دەبن و هیچ زیانێکیان پێناگات، هەروەها کاتێک ئەو وێنانە دەبینم هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوان و ئێمەی چینی ناوەڕاست و چینی هەژاری ئەم وڵاتەدا نابینم، کە ئەگەر خوا نەخواستە لە وڵاتی ئێمە کارەساتێکی لەو جۆرە رووبدات.
 ئەمڕۆ ژن و منداڵی ئەوان لەژێر داروپەردووی خانوو و بینا هەژارەکانیاندا گیان لەدەست دەدەن و گیر دەخۆن و چاوەڕێن دەرباز بکرێن، دەکرێ سبەینێ چارەنووسی ئێمە لەوان باشتر نەبێت و تەنیا دەتوانین بەوە دڵنەوایی خۆمان بدەینەوە رەنگە بیناکانی ئێمە لەوان باشتر دروستکرابن و وا بەئاسانی نەبین بە قوربانییەکی دیکەی کارەساتە سروشتییەکانی دەستکردی مرۆڤە چاوچنۆکەکانی ئەم سەردەمە.

وتارەکانی نوسەر