دوانه‌ی ئه‌خلاق و سیاسه‌ت و دواتریش ئه‌خلاقی سیاسی وه‌ك ئه‌و به‌ها ئایدیاڵانه‌ی كه ده‌بێت كاره‌كته‌ری سیاسی خاوه‌ندارێتی بكه‌ن، به درێژایی مێژووی فه‌لسه‌فه سه‌رچاوه‌ی مشتومڕی به‌رده‌وام بووه و هه‌ر بیرمه‌ندێك له گۆشەی تێگه‌یشتنی ئاكاری خۆیه‌وه له كارلێكی ئه‌م دوالیزمه تێڕامانەکانی خۆیان نووسیوەتەوە.
(ئه‌فلاتۆن) و (ئه‌رستۆ) ئه‌خلاقیان به كڕۆكی سیاسەت داناوه، لای ئه‌فلاتۆن دادپه‌روه‌ری و له دیدی ئه‌رستۆدا خۆشگوزه‌رانی ئامانجی باڵای هەموو پڕۆسەیەکی سیاسین، به‌ڵام ئه‌م چه‌مكه لای فه‌یله‌سوفەکانی تر ماناکەی ده‌گۆڕێ.
له‌دیدی (هۆبز) و (مەکیاڤیللی) ده‌كه‌وێته به‌ر شاڵاوی داماڵڕان و خاڵیبوونه‌وه، وه‌ك چۆن له روانگه‌ی (ئیمانوێل كانت) و (ماكس ڤێبه‌ر) ناونیشانێکی دیكه هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، كه بۆچی فیگه‌ره سیاسییە‌كان پشت له تێزه مۆڕاڵییه‌كانی ده‌یان فه‌یله‌سوف ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی گوێی بۆ ده‌گرن و به شوێن هه‌نگاوه‌كانیدا ده‌چن، تێزی مەکیاڤیللیه؟
ئه‌مه به‌پێی تێگه‌یشتنی بیرمه‌ندی عه‌ره‌ب (نه‌سر حامد ئه‌بوزه‌ید) خوویه‌كی سایكۆلۆژییه زیاتر لەوەی پرسێكی فه‌لسه‌فی بێت، چونكه له تەواوی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا، مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتخوازی و پشتكردن له چاكه‌ی گشتی، خه‌مساردی له به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری، یاریكردن به چاره‌نووسی خه‌ڵكه‌وه بابەتگه‌لی گرنگ بوون، ئه‌خلاق ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وا و سیاسەتمەداردا دروستكردووه و ته‌نها ره‌وایه‌تی مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ناو تێزه‌كانی مەکیاڤیللیدا دۆزیوه‌ته‌وه.
چه‌مكی ئه‌ركداری و ئه‌خلاقی به‌رپرسیارێتی
ته‌نها (مەکیاڤیللی) نییه گفتوگۆی نێوان (سیاسه‌ت) و (ئه‌خلاق)ی له‌ناو كایه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا بە هەند وەرگرتبێت، به‌ڵكو (ماكس فێبه‌ر) سه‌باره‌ت به دیارده‌ی ململانێ به‌رده‌وامه‌كانی لەسەر ئه‌و دوو چه‌مكه ده‌وه‌ستێت، ئه‌وه‌ی ڤێبه‌ر ده‌یخاته به‌رده‌ممان فۆڕمه‌كانی ئه‌خلاقه له‌ناو كایه‌ی سیاسه‌تدا، له‌كاتێكدا سیاسه‌ت خۆی هه‌ڵگری دوو جۆر ئاكارە، یه‌كه‌میان (باوه‌ڕپێكردن و رازیكردن) و دووهه‌میش (به‌رپرسیارێتی).
سیاسه‌تمه‌دار كاتێك به پێوەری ئاكاری باوه‌ڕپێكردن مامه‌ڵه ده‌كات، ته‌نها به‌های کەسێتی خۆی حوكم له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی ده‌كات بێ گوێدانه ده‌ره‌نجامه‌كانی و هیچ به‌رپرسیار‌ێتییەک هه‌ڵناگرێت، له‌كاتێكدا نوخبەی سیاسی له‌به‌رامبه‌ر فۆڕمی دووە‌می ئه‌خلاقدا به به‌رپرسیارێتییە‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیارده و ده‌ره‌نجامه‌كان ده‌كات. ئه‌م پۆڵێنبەندییە ئاماژه‌یه بۆ باوه‌ڕ و بانگه‌وازی ڤێبه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت له یه‌ك كاتدا هه‌ردوو ماناكه‌ی ئه‌خلاق هەڵبگرێت.
له‌كاتێكدا فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (ئیمانوێڵ كانت) بیرەوەریی هه‌موو سیاسه‌تمه‌دارێكی سه‌ركه‌وتوو ده‌به‌ستێته‌وه به بوونی ئه‌خلاقێكی باڵاوه، لای ئه‌و هه‌ر سیاسییه‌ك نه‌یتوانی دان به هه‌ڵه‌كانی خۆیدا بنێ، ئه‌وه بێ چه‌ند و چۆن مرۆڤێكی خاڵییه له مۆڕاڵ.
كانت چه‌مكی (ئه‌ركداری) ده‌خاته پاڵ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ناچار ده‌كات پابه‌ندبن به ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانیانه‌وه، له‌مه‌شدا ده‌شێت له چه‌مكی (ئه‌خلاقی به‌رپرسیارێتیی) ماكس ڤێبه‌ر نزیك ببێته‌وه، كه هه‌ردووكیان په‌سەندی مانا باوەکەی سیاسه‌ت ناكه‌ن كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌خلاق بجووڵێته‌وه.
كێشه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان سیاسه‌ت و ئه‌خلاق، هێشتا كێشه‌یه‌كی ئاڵۆزی مرۆییه و كاره‌كته‌ری سیاسی له‌ژێر رۆشنایی بوونی لۆژیكی به‌رژه‌وه‌ندی و خودپه‌رستی و گه‌ڕان به‌دوای قازانجدا سه‌رگه‌رمی رەشکردنەوەی ئه‌خلاق و ئه‌و ئایدیاڵه باڵایانه‌یه كه ده‌بێت له سیاسه‌تدا ره‌نگبده‌نه‌وه، ئه‌مه جه‌ده‌لێكی به‌رده‌وامی نووسەر و بیرمەندەکانە و هه‌ر یه‌كه و له گۆشه‌نیگایه‌كی تیۆرییەوە كارلێكی ئه‌م دوو سوژه‌یە لێكده‌ده‌نه‌وه، له كاتێكدا ژاوه ژاوی سیاسییه‌كان بۆ به‌رده‌وامیدان به لێكجیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو چه‌مكه درێژه‌ی هه‌یه.
پرۆفیسۆر (ئالین كوندیار) ئه‌و ژاوه ژاوه به نموونه‌ی ویستی سیاسه‌تمه‌داری ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌بینێ له ره‌فتاركردن له ده‌ره‌وه‌ی مۆڕاڵ، چونكه به بوون و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م به‌هایه له سیاسه‌تدا سه‌ركێشی و هه‌ژموونخوازی بۆ ناچێته سه‌ر.
میر و مەکیاڤیللی خوێندنه‌وه‌ی تری پێویسته
كتێبی (میر)ی مەکیاڤیللی له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مه‌وه تا ئێستا سه‌رچاوه‌ی مشتومڕه، كێشمه‌كێشی لێكدانه‌وه‌ی دیارده سیاسییه‌كان و ده‌وڵه‌ت و ئامانجه‌كان به‌رده‌وام بۆته گریمانه‌ی فه‌لسه‌فی و بیرمه‌ندان به شوێن ساغكردنه‌وه‌یەوە بوون، به‌ڵام سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنه‌وه و پێداچوونه‌وه به دید و تیۆره‌كانی مەکیاڤیللی نه‌بۆته خه‌مێکی قووڵ، له‌كاتێكدا چۆن ده‌توانرێت له ته‌نیشت تێزی مەکیاڤیللی له گه‌ڕانه‌وه‌ی پۆپۆلیزم و گروپه په‌ڕگیر و یاخییه‌كانی دنیای ئه‌مڕۆ تێبگه‌ین، چۆن بتوانین ئه‌و هێزانه بخوێنینه‌وه كه له‌سه‌ر یاریكردن به هه‌ست و سۆزی رای گشتی له رێگه‌ی گوتاری ناڕاست و میدیای چه‌واشه‌وه سه‌رقاڵی مۆنۆپۆڵكردنی خه‌ڵك و جیهانن؟
لە راستیدا هیچ جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ریی نییه له‌نێوان راڤه‌كردنی مەکیاڤیللیزمی مێژوویی له دابڕینی ئه‌خلاق له سیاسه‌ت و دیدی پۆپۆلیسته‌كان بۆ ئامانجه‌كان، هه‌ردووكیان له ده‌ره‌وه‌ی مۆڕاڵ سه‌رگه‌رمی ره‌وایه‌تیدانن بە وەسیلەکان، تەنانەت ئه‌گه‌ر هەڕەشە و بەدڕەفتاری و چه‌وتیش بن.
دیارده‌ی سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێلی پۆپۆلیزمی سیاسی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له عیراق، هه‌روه‌ك ده‌ركه‌وتنی پارت و هێزی سیاسی و ره‌فتاری به‌شێك له نوخبە سیاسییه‌كه‌ی، له یه‌ك كاتدا له دوو ره‌هه‌نده‌وه تێزه‌كه‌ی مەکیاڤیللیمان بیرده‌خاته‌وه، له رووی خاڵیبوونه‌وه‌ی ئاكار و مۆڕاڵ له‌ناو كایه‌ی سیاسی و دیسان ده‌ركه‌وتنی ئەو شێوه ترسناكه‌ی به‌كارهێنانی هه‌موو ئامڕازه‌كان له‌پێناوی ئامانجی بچووک و نا گرنگ.
ئەم دیاردە ناپەسەندەی ناو كایەی سیاسەت و پڕۆسەی دروستكردنی بڕیاری سیاسی، ره‌نگه هه‌ندێكجار خۆی له مه‌یلی هه‌ژموونخوازیدا ببینێته‌وه و هه‌ندێكجاریش به وه‌لانانی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان و دیموكراسیی ته‌وافوقی، بە ئاشکرا له قۆناغه جیاوازه‌كانی مێژووی نوێی عیراق، هه‌موو ئه‌و به‌دڕه‌فتارییانه ده‌ركه‌وتوون و له هه‌ر قۆناغێكیشدا به دروشمی ئامانجی باڵا، بنه‌ماكانی به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقی و ئاكاری به‌رپرسیارێتیی فه‌رامۆشكراون، له‌بەرئەمەیە حەقمانە بڵێین "مەکیاڤیللی بێره‌دا تێپه‌ڕی و هێشتاش نەڕۆیشتووە".