گمۆ

كورد و دیپلۆماسیی ئەلەكترۆنی

09:39 - 2023-02-15
فەرید دڵشاد
332 خوێندراوەتەوە

یەكێك لە كایە گرنگەكانی دیپلۆماسیی ئەوەیە کە تەنها لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا پەیڕەو ناكرێت، بەڵكو پەلی بۆ مەیدانی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و سەربازیی و كەلتوریی و كۆمەڵایەتییەكان كێشاوە، وێڕای پەیوەندی نێوان كۆمپانیا و رێكخراو و حزبە سیاسییەكان، بەمەش گرنگیی بواری پراكتیزەكردنی زیادیكردووە، لەبەرئەوەی پەیوەندیی راستەوخۆی بە زۆربەی كایەكانی ژیانی سیاسییەوە هەیە.
ئەو پێناسانەی، كە دیپلۆماسی تەنها بە دەوڵەتانەوە گرێ‌ دەدەن، كۆمەڵە پێناسەیەكی كلاسیكین، چونكە چەندین پێناسەی هاوچەرخ بۆ دیپلۆماسی كراون، كە غەیری دەوڵەتیش دەخەنە چوارچێوەی پێناسەكەوە. 
لەم بارەوە جیوفری ئالێن پیگمان لە كتێبی(دیپلۆماسی هاوچەرخ)دا دەڵێت: بریتییە لە پەیوەندی نێوان حكومەت و دامەزراوەكان و حزب و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
دیپلۆماسی جۆری زۆرە لەوانە دیپلۆماسی نهێنی، ئاشكرا، دوولایەنە، گشتی، فەرمی، جەماوەری، نوێنەرایەتی، كۆنگرە، لووتكە، هەژموون، هاووڵاتی، كەلتوری، ئابووریی، پارا دیپلۆماسی، پرۆتۆ دیپلۆماسی و دیپلۆماسی وزە»، بەڵام لەسایەی شۆڕشی زانیاریدا جۆری نوێی دیپلۆماسی هاتۆتەكایەوە، كە ئەویش دیپلۆماسی ئەلەكترۆنییە.
ئەم جۆرەی دیپلۆماسی ناوی جیاوازی لێدەنرێت لەوانە: دیپلۆماسی ژمارەیی، سایبرانی، فەیسبوك، تویتەر، هاشتاگ، سێڵفی و...هتد، كەواتە ئەگەر دیپلۆماسیی گشتی ئامانجی سەرەكی جەماوەری بیانی بێت، ئەوا دیپلۆماسیی ئەلەكترۆنی دانیشتوانی ناوخۆی وڵاتیش دەكاتە ئامانج، ئەوەیش لە رێگەی بەشداریپێكردن و گوێگرتن لێیانەوە.
بەهۆی كاریگەریی ئەم جۆرە دیپلۆماسییە، هەر زوو سەركردەی وڵاتانی خۆرئاوا پەنایان بۆ برد، دواتر ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، بەتایبەت قوباد تاڵەبانی سەرمەشقی بەكارهێنانی دیپلۆماسیی ئەلەكترۆنی بوو، هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی وەك جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەری بەكارهێنا بۆ پەیوەندی  و گفتوگۆ لەگەڵ هاووڵاتیان، ئەمەش پێشوازییەكی گەرمی لێكرا، چونكە بۆ هەرێمی كوردستان ئەو كارە نوێ‌ بوو، یەكەمجار بوو هاووڵاتیان هەستیان دەكرد بە ئازادانە دەتوانن لەگەڵ بەرپرسێك بدوێن، بەبێ‌ ئەوەی بە پرسگە و بەردەم پاسەوانەكاندا تێپەڕن.
جگە لەوانە قوباد تاڵەبانی كاتێك بناغەی حكومڕانی ئەلەكترۆنی لە هەرێمی كوردستان دانا،  وەرچەرخانێك بوو لە مێژووی حكومڕانی كورد، پەڕینەوەیەكش بوو بۆ پەیڕەوكردنی دیپلۆماسیی ئەلكترۆنی، كە ئەم جۆرە دیپلۆماسییە شەفافتر و باوەڕپێكراو ترە و زووتر لایەنی بەرامبەر لە دانوستان و گفتوگۆكاندا قەناعەت پێدەكات.
سوودی دیپلۆماسیی ئەلەكترۆنی بۆ كورد لەوكاتەدا دەركەوت، كە قوباد تاڵەبانی لە دانوستانەكانی لەگەڵ بەغدا توانی لە رێگەی سیستمی بایۆمەترییەوە مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بكات، ئەوەش دوای خستنەڕووی زانیارییەكان بە ئەلەكترۆنیی لەسەر مێزی دانوستانەكان، توانی لایەنی بەرامبەر قەناعەت پێبكات، ئێستاش كە وەفدی حكومەتی هەرێم بەبێ‌ تیمی یەكێتی  لە بەغدان بۆ تاوتوێكردنی كێشەكان، بەبێ‌ ئەو بناغەیەی قوباد تاڵەبانی دایڕشتووە، ناتوانن یەك هەنگاو بچنە پێشەوە.
لەسەروو ئەوانەشەوە كاتێك زۆنی سەوز تۆمەتبار كرا بەوەی كێشە لە كۆكردنەوەی داهات هەیە، لەرێگەی دیپلۆماسیی ئەلەكترۆنییەوە وەڵامی تۆمەتەكانی دایەوە بە دروستكردنی ماڵپەڕی شەفافیەت، كە سات بە سات داهاتی سلێمانی ئاشكرا دەكرێت، روونی و شەفافی و كاریگەریی ئەم جۆرە دیپلۆماسییە وایكرد هاووڵاتیان بڕوا بە تۆمەتەكان نەكەن.

وتارەکانی نوسەر