یەکبێژ

خواست لەسەر دۆلار بۆچی؟

09:08 - 2023-02-16
هیوا محەمەد
336 خوێندراوەتەوە

ئەگەر خواستی خەڵک لەسەر کڕینی خورما بێت، ئەوا لە ماوەی شەو و رۆژێکدا خورما لە بازاڕدا نامێنێت.
 خەڵکی عیراق کڕیاری دۆلار نەبوایە، ئەوا ئێستا دەبوو دۆلار  بە کۆڵاناندا بگەڕایە بە بڵندگۆیەکەوە کڕیاری بۆخۆی پەیدا بکردایە.
ئەگەر خەڵکی عیراق بە هەرێمەوە بکەین بە چوار بەشەوە، تەنها یەک بەشی لە کاری بازرگانیدایە بە دوکاندارەکانیشەوە، چونکە زۆرینە مووچەخۆرە، کەچی زۆرینەی سێ بەشەکەی تر خەریکی کڕینی دۆلار و دڵەڕواکێی بەرز و نزمیی دۆلارن، ئەمە جگە لەو مافیا ئابوورییانەی بە گروپ کار بۆ کۆمپانیا دەرەکییەکان دەکەن و دۆلاریان بۆ خڕ دەکەنەوە.
دەبێت دوو هۆکار هەوڵی سڕینەوە یان کەمکردنەوەیان بدرێت، سڕینەوەی دەستی مافیا ئابوورییەکان کە بە فەردە دۆلار هەناردە دەکەن و لە بازاڕەکاندا نایهێڵین، کەمکردنەوەش وەک پشتکردنە کڕینی دۆلار لەلایەن زۆرێک لە خەڵکەوە بە مەبەستی کڕین و فرۆشتنەوەی لەگەڵ بەرزبوون و دابەزینی نرخەکەی.
بە سەدان هەزار کەس لە عیراق پارەی لە بیتکویندا داناوە و زۆریان دۆڕاندووە، لەبەرئەوە بە دوور نازانرێت کە بەو رێژەیەش هەبن کە خەریکی کڕین و فرۆشتنی دۆلارن، ئەگەر لە خاوەن دوکانەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بپرسین، ئەم راستییەمان بۆ دەسەلمێنن کە هەریەکە دەیان و سەدان کەسی لابەلا دەناسن بەبێ ئەوەی مۆڵەتیان هەبێت یان باج لەسەر داهاتیان هەبێت، رۆژانە چەندین بەستە دۆلار دەکڕن و دەفرۆشنەوە.
دەکرێت خاوەن کۆمپانیایەک بەدواداچوون بۆ نرخی دۆلار بکات و بکەوێتە دڵەڕاوکێوە، چونکە رەنگە ئەو رۆژانە بایی دەیان هەزار دۆلار کەلوپەلی لە رێگەدا بێت و ئەو کاتەی بەو بڕە پارەیە کڕیویەتی، هێشتا نەگەیشتۆتە دەستی نرخی دینارەکە دادەبەزێت، ئەمیش یان دەبێت بچێتە ژێر زیانەکەوە، یان دەبێت نرخی کاڵاکە زیادبکات، بێگومان ئەوەی دووەمیان دەکات.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەکاتی بەرز و نزم بوونەوەی نرخی دۆلار، هەر بۆ ئەو رۆژە هەریەک، لە میوە فرۆش، ماسی فرۆش، مریشک و هێلکە فرۆش، قەساب، وشکە فرۆش، قوماش فرۆش، دەستگێڕ، بەرگدروو، شووشە فرۆش، وەستاو کرێکار، فرۆشیاری بەروبوومی شیر، ئالیک فرۆشەکان، کرێی ئۆتۆمبێل، ئەمانە ئەگەرچی دوورن لە پەیوەندییان بە دۆلارەوە و ئەگەر هەشیان بێت، ئەوا بەو خێراییە نییە لە نێوانی بەیانی و ئێوارەدا نرخەکانیان دەستکاریی بکەن. 
ئەمەی لێرە دەیبینین، لە وڵاتانی خاوەن تاکی پێشکەوتووی تێگەیشتوو نایبینین، ئەوان زۆرینەی تاکەکانیان ئاگایان لەوە نییە کە رۆژانە نرخی دۆلار چی لێدێت و ئەو چی بکات باشە، لەمە زیاتر رەوشی کارکردنی خۆی و بیمەی تەندروستیی باش و خزمەتگوزارییەکانی بەلاوە گرنگە، لای ئێمە دەڵێیت هەموان کار و پیشەمان مامەڵەکردنە بە دۆلارەوە.
ئەگەر کەسێک بچێتە واشنتۆن و لە بازاڕێک بیەوێت بە دۆلار پارە بدات و پێی بڵێن ببوورە ئەوە ناخوات و دەبێت بە دیناری عیراقی پارە بدەیت، دەکرێت؟ 
ئەی بۆچی لێرە رێگەدەدەن لە هەندێک بازاڕ تەنها دەبێت بە دۆلار مامەڵە بکەیت؟ ئەی ئاساییشی ئابووری رۆڵی چییە؟ دەبێت هەندێک هەنگاو بنێن بۆ کەمکردنەوەی مامەڵە بە دۆلار. 

وتارەکانی نوسەر