ئەمریکا و ئەوروپا و مافی مرۆڤ

10:14 - 2023-02-19
شوان کەریم کابان
280 خوێندراوەتەوە

چەند جارێک بەندە لە بابەتی تردا ئاماژەم بەوە داوە کە ئەوروپا و ئەمریکا، مەسەلەی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین بە میزاجی خۆیان و تا ئەو شوێنە لەسەری دەڕۆن کە بەرژەوەندییەکانی خۆیانی تێدا دەکەوێتە مەترسییەوە. 
کاتی خۆی کە جەمال خاشوقچی رۆژنامەنووسی سعودی و خاوەن رەگەزنامەی ئەمریکایی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ وەک ئاژانسەکان باسیان کرد، لەلایەن تیمێکی تایبەتی هەواڵگریی سعودیەوە کە بەتایبەت لە سعودیەوە بۆ ئەو کارە چووبوو، پارچە پارچە کراو ونکرا، بەمەش هەڵایەکی گەورە دروست بوو. 
ئەمریکای دۆستی نزیکی سعودیە لەبەر پارە و نەوتە هەرزانەکەی سعودیە، خۆی بۆ ئەو نووسەر و رۆژنامەنووس و هاووڵاتییەی خۆی سەغڵەت نەکرد. 
کاتێکیش ساڵی پار ئەمریکا داوای لە سعودیە کرد لە چین و روسیا دووربکەوێتەوە، هەروەها بڕی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی و ئەویش نەچووە ژێر باری ئەو داواکارییانەوە، مەسەلەی کوشتنی خاشقچی هێنرایەوە نێو باس، بە مەبەستی سەغڵەتکردنی سعودیە. 
لەلایەکی ترەوە سەرکردەیەکی گەورەی عەرەبی کەنداو، ژنەکەی و دوو منداڵی لە دەستی رایانکردووە بۆ بەریتانیا، دوو کچی خۆی دەستبەسەر کردووە لە خانوویەکی تایبەت، کەچی لەسەر پێشێلکردنی مافی ئەو مرۆڤانە، کەس پێی ناڵێ بۆ؟ 
لە دروستبوونی داعش و سەرهەڵدانیان لە سوریا و عیراق، زیاتر لە 7500 چەکداری داعش کە خەڵکی ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بوون، هەموویان لە فڕۆکەخانەی وڵاتەکانیانەوە بەبەر چاوی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانەوە خۆیان گەیاندە سوریا و عیراق و هەرچی تاوانی قێزەونە کردیان و تەنانەت یەکێکیش لەسەربڕە بە ناوبانگەکانی داعش بەریتانی بوو. 
ئەو هەموو بکوژە داعشە ئەمریکایی و ئەوروپییانە هاتنە ئەم وڵاتانەی ئێمە، کەچی ئەو (مرۆڤدۆستانە) رێیان لێنەگرتن.
ئێستاش ناوە ناوە دێن، ژن و منداڵەکانیان لە کەمپی هۆل لەو بەشەی سوریا کە لە دەرەوی دەسەڵاتی حکومەتە و هەزاران مرۆڤکوژی تێدایە، وەردەگرنەوە و بەڕێزەوە دەیانبەنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. 
لە نوێترین هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی ئەوروپا و ئەمریکا، بیرکەوتنەوەی قوربانییان و زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی سوریایە، پاش 10 رۆژ لە روودانی ئەو کارەساتە گەورەیە، دەیانەوێ لە ئەنجومەنی ئاسایش قسە لەسەر ئەوە بکەن چۆن و چەند رێگا لەسەر سنووری سوریا بکرێتەوە بۆ ناردنی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوان، بە مەرجێ نەگاتە دەست حکومەتی سوریا، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێوارەی رۆژی یەکەم عیراق دەستیکرد بە ناردنی هاوکاری، دواتریش وڵاتی جەزائیر و سعودیە و ئیمارات و ئوردن و هەندێ وڵاتی ئیسلامی و تەنانەت دەسەڵاتی فەلەستینیش. 
ئەم هەڵوێستە «مرۆڤانە!»یەی خۆرئاوا هاوکاتە لەگەڵ ناردنی رۆژانەی دەیان ملیۆن دۆلار لە چەک و تەقەمەنی و ئامڕازی تری جەنگ و کوشتار بۆ ئۆکرانیا بە مەبەستی لەناوبردنی زیاتری مرۆڤەکان. 
لەم چوارچێوەیەدا سکرتێری ناتۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ناتۆ لە بەلجیکا وتی: لەساڵی 2022 دا بایی پەنجا ملیار دۆلار چەکمان ناردووە بۆ ئۆکرانیا!

وتارەکانی نوسەر