ناونیشانەکە هەڵە نییە، بەدەم خوێندنەوەوە لەمەبەستەکە تێدەگەیت. ئەمەی بەندە دەیڵێت، رای تایبەتی خۆمە و پەیوەندیی بە حزبەکەمەوە نییە! بڕیارە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا ببەسترێت، ئەو وڵاتانەی بەشێکی زۆریان بێ سەروەرین و چارەنووسیان بەدەست خۆیان نییە، هەندێکیان وەک لیبیا، سودان، سۆماڵ، سوریا، لوبنان، یەمەن، فەلەستین، نوقمی کێشە و گرفت و نەهامەتین و بەدەست شەڕ و نائارامییەوە دەناڵێنن.
وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو کە سعودییەو ئیمارات و قەتەر و کوەیت و بەحرەین و عومانن، لەڕووی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و ژێرخانی ئابورییەوە، وڵاتی پێشکەوتوون، بەڵام هیچیان بڕیاری دەرەکییان بەدەست خۆیان نییە و بێ ئەمریکا و خۆرئاوا ناتوانن هیچ بکەن.
دکتۆر عەبدوڵا ئەلنەفێسی، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوێت و مامۆستای زانکۆ و خاوەن دکتۆرا لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، لە دیدارێکدا لەبارەی وڵاتانی کەنداوەوە دەڵێت: ئێمە عەشیرەتین، بەڵام ئاڵامان هەیە! هەروەها دەڵێت: هەموو وڵاتانی کەنداو پاشکۆی ئەمریکا و خۆرئاوان.
كاتێک دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردا، داوای لە سعودییە کرد بە بڕی 600 ملیار دۆلار لە ئەمریکادا وەبەرهێنان بکات، سعودییە نە ک هەر رازی بوو، بەڵکو بڕیاریدا یەک ترلیۆن دۆلار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکات، ئەوەش بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی کە هەمیشە ئەمریکا دەیداتەوە بەڕووی سعودییەکاندا.
بەماوەیەک پاش ئەوە تەحنون بن زاید، جیگری حاکمی ئیمارەتی ئەبو زەبی، بە هەڵەداوان گەیشتە واشنگتۆن و لەدیداریدا لەگەڵ ترەمپ وتی: ئیمارات ترلیۆنێک و 300 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکادا دەکات.
هەر سەبارەت بە ئیمارات، نووسەرێکی عەرەب دەڵێت: پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئیمارات، بە سەرمایەی ملیاردێرە ئیسرائیلییەکانە کە هەموو سەرمایەکانی خۆیان لەبەر ناسەقامگیری ئیسرائیلدا لە ئیمارات خستۆتە گەڕ.
موعەمەر قەزافی لە لووتکەی عەرەبیدا پاش رووخانی رژێمی دکتاتۆریی سەدام، لەوتارەکەیدا گلەیی لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی کرد کە هیچ بەرپەرچدانەوەیەکیان نەبووە لەبەرامبەر پەلاماری عیراق لەلایەن ئەمریکاوە، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی عەرەب بە قسەکانی پێدەکەنین، لەوانە حوسنی موبارەک، زەینەلعابدین بن عەلی، پێی گوتن: پێمەکەنن، نۆرەی ئێوەش دێت و ئەمریکا هەمووتان دەروخێنێت. میسر بێ ئەمریکا هیچ بڕیارێک نادات، جەزائیر لەسەر بارودۆخی غەززە لە بێ هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی زویرە.
عیراقی خاوەن ماڵی لووتکەکە، هیچی بەدەستی خۆی نییە، پارەی فرۆشتنی نەوتەکەش، دەچێتە بانکی فیدراڵی ئەمریکا، ئاسمانی بەدەست ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوەیە، چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکا و وڵاتانی تر لەسەر خاکەکەیەتی.
پەیوەندییەکانی بە ئاگاداریی ئەمریکا رێکدەخات، هەموو کارێکی بانکیی لەژێر چاودێریی ئەمریکادایە، بێ رەزامەندی ئەمریکا ناتوانێت غاز لە ئێران بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا!
فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عیراق، بۆیان نییە بە ئاسمانی وڵاتانی ئەوروپادا بفڕن! لە مێژووی لووتکەکانی وڵاتانی عەرەبدا، هیچ بڕیار و راسپاردەیەکی ئەو لووتکانە جێبەجێنەکراون. ئەمە جگە لەوەی کەم لووتکە هەبووە، بەمەی بەغداشەوە، هەموو سەرۆک و پاشاکان ئامادەبن! بۆیە ئەم لووتکەیەش لووتکەیەک دەبێت لە بناردا !
لەسەر داوای عیراق، کۆنگرەی لووتکەی عەرەبی لە بەغدا دەبەسترێت