جەماعەتی ئەشهەدوبیللا!

10:04 - 2025-07-03
شوان کەریم کابان
38 خوێندراوەتەوە

لەسەردەمانی دواتریشدا، جەماعەتی ئەشهەدوبیللا هەر هەبوون و بۆ خۆدوورخستنەوە لە روبەڕووبوونەوە و بۆ خۆلادان لە وەرگرتنی هەڵوێست لە ناڕاستی و ناهەقی

 

ئەوەندەی من بیرم بێت و لێی بزانم، ئەم رستەیە لە جارانی سلێمانی زۆر بەکاردەهات و ئێستا لەبەر ئەوەی سلێمانی سلێمانییەکەی جاران نییە، ئەم دەستەواژەیە بەکار نایەت، یان من گوێم لێ نەبووە.
 جاران لە مەجلیسی ئاغا و پیاوە دەسەڵاتدار و خاوەن هێز و داراییەکان، خاوەن مەجلیس کە قسەی دەکرد و هەرچییەکی بگوتایە و بکردایە، دەست و پێوەند و ترسنۆک و بەرژەوەندیخوازەکان، ئەشهەدوبیللایان بۆ دەکرد و قسەکانیان پەسەند دەکرد.
 لەسەردەمانی دواتریشدا، جەماعەتی ئەشهەدوبیللا هەر هەبوون و بۆ خۆدوورخستنەوە لە روبەڕووبوونەوە و بۆ خۆلادان لە وەرگرتنی هەڵوێست لە ناڕاستی و ناهەقی، هەرچییەکیان گوێ لێبووبێ یان بینیبێ، ئەشهەدویان بۆ کردووە، یان ئەشهەدویان پێکراوە.
 ئەم حاڵەتە، ئێستا و لەم سەردەمەدا بە جۆرێکی تر خۆی دەنوێنێ، دەوڵەتە زلهێز و بە دەسەڵات و دۆستەکانیان، وەک ئاغا و دەسەڵاتدارەکانی ئەو سەردەمەیان لێهاتووە و بەشێکیش لە وڵاتانی ناوچەکە بوونەتە جەماعەتی ئەشهەدوبیللا! ئەوەی دەگوزەرێ بەدرێژایی مێژوو، کەم روویداوە، یان گەر رووشی دابێ، بەندە پێم نەزانیوە یان من نەمبیستووە، دەزانم هۆلاکۆ و تەیمورلەنگ و ناپلیۆن و هیتلەر هەبوون و ئەوانە دیاربوون چییان دەویست و دەکرد و چاوەڕێ نەبوون کەس ئەشهەدویان بۆ بکات و راستەوخۆ بێ سێ و دوو مەرامی خۆیان دەردەخست. بەڵام ئێستا بارودۆخێکی ترە، ئەشهەدوبیللام بۆ نەکەیت، وەی لە حاڵت، بە تیرۆریست و تێکدەرت ناو دەبەم! بە قسەم نەکەیت دەتڕوخێنم! لەگەڵما نەبی، جا راستم، ناڕاستم، باشم، خراپم، وەی لە حاڵت! کەس بۆی نییە بە قسەم نەکات، من دەبێ هەموو شتێکم هەبێ و ئەوانی تر هیچ! بەهێز هەموو شتێک بۆ خۆم حەڵال دەکەم و ناحەق دەگۆڕم بە حەق و خاوەن حەقیش بێ ماف دەکەم و دەبێ رازیش بێت.
 شۆڕشگێر و داکۆکیکار لە مافی خۆی دەکەم بە تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ و شەڕخواز، تیرۆریست و رێگر و تووندڕەویش دەکەم بە پیاوی باش و پیاوی دەوڵەتداری، وەکو شەقاوەکانی جاران، پارە لەم و لەو دەسێنم و نەشم دەنێ هەڕەشەی رووخانیان لێ دەکەم.
 هیچ کەس بۆی نییە هیچ فێربێت و بزانێت، مەگەر من روخسەتی بدەمێ، دەنا پێتان دەڵێم ئێوە نیازتان خراپە، پارەش خەرج بکەن دەبێ من بزانم چەندە و بە چیی دەدەن! دەبێ بە خۆشی بێت یان بە زۆر، من بە گەورەی خۆتان قبوڵ بکەن، هەر کامتان ئەشهەدوبیللا بۆ رەفتار و کردار و گوفتارم بکەن، پارێزراون، نەیکەن، وەی لە حاڵتان، ئەمە سیستمە نوێکەی جیهانە، دەبێ قبوڵی بکەن.

وتارەکانی نوسەر