لە ساڵیادی ئاڵتونیی پەنجا ساڵەی قەقنەسدا!

10:19 - 2025-06-01
شوان کەریم کابان
83 خوێندراوەتەوە

لەوانەیە بڵێن، ناونیشانەکە هەڵەیە، چونکە کوردەواری قەقنەس بۆ سووتانێکی قورس بەکاردەهێنێت! قەقنەس بالندەیەکی ئەفسانەییە، فینیقیش-ی پێ دەوترێت، هەرکامێکیان بێت، لە ئەفسانەکاندا، نەمرە و قەت نافەوتێت و هەمیشە زیندوو و بەرزەفڕە. یەکێتیش باڵندەی قەقنەسە، هەردەم گەر خوانەکردە بشسووتێ، لە خۆڵەمێشەکەی خۆیەوە، بەهێزتر، بەتواناتر و بەرەونەق تر و بەگوڕتر سەر دەردێنێتەوە. تەمەنی پەنجا ساڵەی یەکێتی و چل و نۆساڵەی شۆڕشەکەی، هەوراز و نشێو و ناخۆشی زۆری بینیوە، بەڵام هیچ کات کۆڵی نەداوە و لە خەبات و تێکۆشان نەوەستاوە. 

ئەمە لەهەر حزبێکی تر رووبدات، دە جار دەفەوتێ و نامێنێ، بەڵام یەکێتی وەک باڵندەی ئەفسانەیی قەقنەس هەمیشە لە نێو خۆڵەمێشی سووتانەکانییەوە، 
سەر دەردێنێتەوە!

 

کارەسات لە دوای کارەسات
ساڵێک پاش دروستبوونی، پۆلێک سەرکردەی ئازا و بەئەمەکی لە زیندانەکانی بەعسدا لەسێدارە دەدرێن و ژمارەیەکیش زیندان دەکرێن. پاش دوو ساڵ لەوە، لەکارەساتی هەکاریدا، دەیان سەرکردە و فەرماندە و کادر بەناحەق شەهید دەکرێن و یەکێتی زەبرێکی کوشندەی بەردەکەوێ. هەر لە هەمان ساڵدا و لە 31/1دا سەرکردەیەکی لیهاتوو و دانسقەی شەهید دەبێت. پاش دووساڵ بەشێکی گەورەی یەکێتی جیا دەبێتەوە و ریزەکانی چۆل دەکات. لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا بەشێک لە سەرکردە و کادرەکانی بزووتنەوەیەک دروست دەکەن و دواتریش جیا دەبنەوە. 
تاوانی ئەنفال
ساڵی 1988 رژێمی بەعس حەوت قۆناغی تاوانی ئەنفالی لە سنووری دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا ئەنجامدا و زیانێکی گەورە بە یەکێتی و جەمارەکەی و ناوچەکە گەیاند. لەسەرەتای 1992ەوە رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ دەبێتەوە و ساڵی 1996 کارەساتی 31ی ئاب روودەدات. 
ساڵی 2008 ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە سەرکردایەتی و کادری پێشکەوتوو فەرماندە و ئەندامی لێ جیا دەبنەوە و بزووتنەوەیەکی جیا دروست دەکەن و دەبنە رکابەری. ساڵی 2018، بەشێکی تری سەرکردە و کادر و فەرماندەی تری لێ جیادەبنەوە و رێکخراوێک دروست دەکەن. پاش ماوەیەکی تر چەند سەرکردەیەکی ریزەکانی یەکێتی جێدێڵن. 
هەستانەوە
لەپاش ساڵی 2022 جارێکی تر ژمارەیەک سەرکردە و فەرماندە و ئەندام جیا دەبنەوە و دواتر بزووتنەوەیەک بۆ دژایەتی یەکێتی دروست دەکەن. هەموو ئەو کارەسات و نەهامەتی و جیابوونەوانە، لە تەمەنی پەنجا ساڵەی یەکێتیی نیستیمانیی کوردستاندا روویانداوە. بەدڵنیاییەوە، ئەمە لەهەر حیزبێکی تر رووبدات، دە جار دەفەوتێ و نامێنێ، بەڵام یەکێتی وەک باڵندەی ئەفسانەیی قەقنەس - فینیق-ە، هەمیشە لەنێو خۆڵەمێشی سووتانەکانییەوە، سەربەرزانەتر و بەرچاو روونتر و بەبڕواتر بە ئایندەیەکی گەش بۆ گەلەکەی، سەر دەردێنێتەوە!

وتارەکانی نوسەر