هاوڕێ گه‌نجه ونبووه‌كه‌ی هەڵه‌بجه هەفتەیەکە لە میدیاکاندا بۆتە سەرباس و به‌دوای ناسنامەکەیدا دەگەڕێت، لەگەڵ خۆیدا هەموومانی خستۆتە ناو شۆکی نۆستالیژیاوە و دەمانگه‌ڕێنێتەوە سەر دنیایەک چیرۆکی خەمناک، وەک هەموو جارەکانی تریش دڵشکانێک ده‌داته دەست دڵشکانێکی تر و کەس ناتوانێ پارچه‌كانی ئه‌م ماڵباته كۆبکاتەوە. لەم تراژیدیایەوە لەوە تێدەگەین دڵڕەقیی دنیا ده‌رهه‌ق به کورد، ئەوەندە گەورەیە تەکنۆلۆژیا و تاقیگاکانیش هێزی ئەوەیان نییە باوەڕی موتڵەق (ئەبسەلوت) دروست بکەن و بیسه‌لمێنن کێ خاوەنی منداڵه ونبووه‌كانە.
ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هاوڕێدا دێت، چیرۆكێكی خەمناکی ترە، ئەو ساڵێكه به‌دوای ناسنامه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێت و یاسای میرات خۆی وناو و شوناسه‌كه‌ی خستۆتە ژێر پرسیار، به‌شێك له خانه‌واده‌كه‌ی له شاره‌كه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر ئامێزی بۆ ناكه‌نه‌وه و كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفال و به خاكی خه‌مێكی تری ده‌سپێرن.
لەلایەكی تریش میدیای نابه‌رپرسیار ئه‌وه‌نده‌ی تر گاپی نێوان منداڵێكی ونبوو و باوكێكی جه‌رگ سووتاو فراوانتر ده‌كه‌ن. ئه‌م ره‌فتاره میدیاییه خاڵییه له هه‌موو ئیتیك و ئاكارێكی بڵاوكردنه‌وه و رووماڵكردن.
هاوڕێ له تاقیگه‌كانی تری دنیا ببێته كورده‌وان و له‌سه‌ر ئه‌و شاره برینداره ساغ ببێته‌وه یان نا، هیچ له‌و ڕاستییە ناگۆڕێت برینێكی قووڵ له ئارادایه، ئه‌م برینه هی خێزانێكه هه‌رچه‌ند لێی رادەمێنم، چیرۆکەکەی(دیبۆرا سامبسۆن)م بیرده‌خاته‌وه، كاتێك ده‌ڵێت «ئه‌وه ئه‌زموون و سه‌ربورده‌ی منه، له‌به‌رئه‌وه‌نا په‌رێشانی ونبوونی منداڵه‌كه‌مم، به‌ڵكو له‌وده‌مه‌وه خۆشم لێ ون بووه«، ونبوونێك ساڵانێكه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان جیا لە هاوڕێی كوڕ و مه‌حمودی باوك چەند بارە دەبێتەوە.
له هه‌موو باره‌كانیش یه‌ك وانه و مانای هه‌یه، به‌ستنه‌وه‌ی ئێستا به رابردوو و داڕشتنەوەی له‌ناو نۆستالیژیای ئه‌وانی تردا کە هەمیشە بە گرێ و خەمێکی نەبڕاوە کۆتایی دێت.
شێركۆ بێكه‌س له وێناکردنی ئاوها دۆخێک‌دا پێیوایە، جاران ماناكانی ونبوونمان ته‌نها له‌و دیمه‌نه‌دا ده‌بینییه‌وه، له بازاڕێكی جه‌نجاڵدا ده‌ستمان له ده‌ستی گه‌وره‌كان به‌ر بێ و ژاوه ژاوی ئه‌وێ رێگه‌نه‌دا هاواری دۆزینەوەمانیان پێ بگات، به‌ڵام نه‌ده‌ترساین، دڵنیابووین دێن و ده‌گه‌ڕێن، له هه‌موو رێبوارێك ده‌پرسن و ناونیشانی پۆشاك و پێڵاو و قژمان هەڵدەدەن، ئێمەش له‌ژێر دیواری مزگه‌وتێك ده‌وه‌ستاین هاكا له بڵندگۆیه‌كه‌وه هاواری دۆزینه‌وه‌ی خۆمان به‌رگوێ بكه‌وێت، به‌ڵام كه گه‌وره ده‌بین ونبوونیش ماناكانی ده‌گۆڕێت، چیتر گه‌ڕه‌لاوژه‌ی شه‌قامه‌كان شوێنمان بزر ناكات، چیتر كه‌سێك نییه به‌دواماندا بگه‌ڕێ و بڵندگۆی مزگه‌وت و رۆژنامه و شاشه‌ی تیڤیه‌كان به‌كاربهێنێت بۆ دۆزینه‌وه‌مان، ته‌نها (هاوڕێ) كان خۆیان ده‌بێت تاقیگه به تاقیگه بە شوێن ساغكردنه‌وه‌ی جیناتی خۆیان بكه‌ون و له ئامێزی خێزانێكی راگوزەر و بێگانە‌وە بۆ باوه‌شی هه‌میشه‌یی بگه‌ڕێن.
کارەساتی ونبوون له مێژوودا، بەختی ئه‌و نه‌ته‌وانه بووه كه داگیركاری و جه‌نگ به‌رده‌وام به‌رۆكی گرتوون، به‌ڵام رووداوی ونبوونی مناڵەکانی كورد ته‌نها حیكایه‌تی قۆناغێك نییه، به‌ڵكو ئازارێكی به‌رده‌وام بووه، هه‌ڵه‌بجه لە کاتی کیمیابارانکردنی، گه‌رمیان له رۆژگاری ئه‌نفالكردن، شه‌نگال و كۆجۆ له‌سه‌رده‌می هێرشی تیرۆرستانی داعش، هه‌میشە رۆڵه‌كانی ئێمه‌ی بردووه و سەرنگومی كردوون، به‌ڵام هه‌ر كاتێك سه‌ره‌داوی چاره‌نووسی منداڵێک ده‌ركه‌وتبێت، میدیا له‌بری ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی به‌رپرسیارێتی ئاكاریی كه‌شێكی سایكۆلۆژی بڕه‌خسێنێ و دۆخی دابڕانی نێوان ئه‌ندامانی خێزان كه‌مبكاته‌وه، دێت و له چه‌له‌حانێیه‌كدا دوور لە بەها و رەوشت، زوومی كامیرا ده‌خاته سه‌ر باوك و نەوە بۆ ئه‌وه‌ی سووكایه‌تی به یه‌كتر بكه‌ن.