زووم

ئەستێرە خێرخوازەکان

10:50 - 2023-02-20
رۆزا دڵشاد مەریوانی
368 خوێندراوەتەوە

هەر کارەساتێک جا سروشتی یان جەنگ بێت و مردن و برینداربوون و ئاوارەبوونی خەڵکی لێبکەوێتەوە، رووداوەکە لە سۆشیال میدیادا دەبێتە ترێند، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی ئەستێرەی بوارەکانی سینەما و تەلەفزیۆن و گۆرانی و وەرزش..هتد دێنە نێو ناوانەوە بەوەی لەڕێی ئەو رێکخراوە خێرخوازییانەی خۆیان خاوەنین یان بەشدارن تێیدا کۆمەک و یارمەتی پێشکەش بە قوربانیانی ئەو کارەساتانە دەکەن. 
لەگەڵ روودانی کارەساتی بوومەلەرزەکانی ئەم دواییەی سوریا و تورکیا هەواڵی ئەکتەران و ئەستێرەکانی ئەو بوارانە لە میدیاکاندا رۆژانە بڵاودەکرێنەوە کە نازانرێت تا چەند ئەو هەواڵانە راستن یان تەنیا پڕوپاگەندەیەکن و هەوادارانیان یان ئەوانەی دەیانەوێت تەنیا لایک و کۆمێنت بۆ پەیجەکانیان زیاد بکەن دروستی دەکەن و بڵاویدەکەنەوە، ئەوەی سەرنجی راکێشام ئەوەبوو چەند هونەرمەندێکی سوریا وەکو ئەکتەری سوری باسم یاخور رایانگەیاند لەبەر ئەگەری چەواشەکاری میدیایی و نەگەیشتنی ئەو کۆمەکانە بە قوربانیان، بەدەستی خۆیان کۆمەکەکانیان لە بارهەڵگردا بار کرد و بەدەستی خۆیان بەسەر ئاوارە و قوربانیانی ئەو کارەساتەدا دابەشیانکرد، بێگومان بە رای من ئەوە باشترین کارە بکرێت، چونکە زۆرجار لەکاتی کارەساتەکان و جەنگدا کەسانێک هەن لەسەر حیسابی خەڵکی لێقەوماوی دوای ئەو کارەساتانە دەوڵەمەند دەبن و ناهێڵن ئەو بڕە پارە زۆر و خەیاڵیانەی وەکو کۆمەک پێشکەش بە وڵات یان لایەنێک دەکرێت بگەیەنرێتە دەستی قوربانیان، بۆیە هەندێکجار هەواڵی ئەستێرە یان هونەرمەندێک کە بڕێک پارەی وەکو کۆمەک پێشکەش کردووە و کەسێکی خێرخوازە تەنیا وەکو هەواڵێکی نێو میدیاکان دەمێنێتەوە و هەوادارانیان دڵخۆش دەبن و دەستخۆشیان لێدەکەن بەوەی مرۆڤدۆست و خێرخوازن، بەڵام نازانرێت تا چەند ئەو خێر و کۆمەکانە دەگەنە شوێنی مەبەست کە ئەگەری زۆرە بچنە گیرفانی ئەو کەسانەی بازرگانی بە کارەسات و لێقەومانی خەڵکی وڵاتەکەیانەوە دەکەن.
لەبەرئەوە کاتێک وەکو هەوادارێک هەواڵی کۆمەک و کاری خێرخوازیی ئەکتەر یان گۆرانیبێژێک دەبینم دەڵێم ئاخۆ راست بێت یان نا؟ ئەگەر راستیش بێت ئایا گەیشتۆتە شوێنی مەبەست! دواجار بۆیە هەر یەکێک لە ئێمە کاتێک ڤیدیۆی ئەستێرەیەک لە هەر بوارێکدا بێت لەنێو لێقەوماوان و ئاوارەکاندا دەبینین بە رووی خۆشەوە و بە دەستی خۆی کۆمەکیان بەسەردا دابەش دەکات زیاتر وەکو مرۆڤێک خۆشمان دەوێت و متمانەی پێدەکەین، نموونەش کاتێک شێف بوراک دەبینین لەنێو ئاوارەکاندایە چێشتیان بۆ لێدەنێت و بە دەستی خۆی بەسەریاندا دابەشدەکات سەیر نییە ڤیویەکی زۆری هەبێت و لای خەڵک خۆشەویست بێت، چونکە لە دنیای ئێستادا ئاسانترین شت درۆ و ساختەکردنە، بۆیە ئەوەی بە چاو دەبینرێت و تۆمار دەکرێت کاریگەرترە و زیاتر جێی باوەڕە.

وتارەکانی نوسەر