وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدانەی هەرجۆرە گوتارێكی نەیار بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان و كیان و قەوارە دەستوورییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، پێویستە هەموو لایەك بە تایبەتی میدیاكانی عیراق، لە چوارچێوەی بنەما چەسپاوەكانی دەستوور پەیامی میدیاییان دابڕێژنەوە و پابەندی بنەمای سیستمی فیدراڵی بن، كە لە دەستووردا چەسپێندراوە و گەلانی عیراق دەنگیان پێداوە.
مایەی نیگەرانیمانە رۆژنامەیەكی سەر بە دەوڵەت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی واقیعی یاسایی و دەستووری هەرێمی كوردستان، بابەتێكی دژ بە گیانی بەیەكەوەبوون و بنەما چەسپاوەكانی دەستووری عیراق و سیستمی فیدراڵی بوروژێنێت، بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە بابەتانە دەچنە چوارچێوەی تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەیەكەوەژیانی ئاشتیانە و هەوڵدانە بۆ چاندنی گیانی رق و نكوڵیكردن، هەروەها هەوڵێكی نەزۆكە بۆ دژایەتیكردنی كیانی دەستووری هەرێمی كوردستان.
لێرەوە داواكارین لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراق رێگربن لە بڵاوكردنەوەی گوتاری دژ بە بنەما دەستوورییەكان، سیستمی فیدراڵی عیراق و كیانی دەستووری و یاسایی خەڵكی كوردستان، كە بەری رەنج و تێكۆشانی گەلی كوردستانە دژ بە دیكتاتۆری و لە پێناویدا خوێنی سەدان هەزار شەهید رژاوە.
هەروەها داواكاریشین كەناڵەكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان، پەخشكەری گوتاری لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە بن، خۆیان لە بڵاوكردنەوەی گوتاری چاندنی رق و پەرتەوازەیی بپارێزن، پەنا نەبەنە بەر وەرگێڕانی گوتاری ناحەزانی كیانی دەستووری و شەرعیی هەرێمی كوردستان و لە رێگەی پەیامەكانیانەوە پارێزەری بەری خوێنی شەهیدان بن.
وەزیری رۆشنبیری و لاوان
حكومەتی هەرێمی كوردستان