رۆژی جیهانیی شانۆ لە شانۆكارانی كوردستان پیرۆز بێت

11:57 - 2024-03-28
حەمەی حەمەسەعید
364 خوێندراوەتەوە

حەمەی حەمەسەعید*
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆوە، پیرۆزبایی لە هەموو شانۆكارانی كوردستان دەكەین و دەستی ماندوبوونیان دەگوشین.
هەر لەم بۆنەیەدا بە چاوی رێز و ئەمەكدارییەوە یادی شانۆكارانی هەمیشە زیندوو، دەكەینەوە كە كۆچی دواییان كردووە و ئێستا لەناوماندا نین تا ئەم یادە بكەنەوە، بەڵام ئێمە یادی ئەوان، وەك پێشەنگ و مامۆستا و رێبواری رێی دامەزراندنی شانۆ دەكەینەوە، كە لە رۆژە سەختەكانی باری سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، شانیان دایەبەر باری دانانی بەردی بناغەی ئەم هونەرە گەورە و كاریگەرە.
هاوكات ناوی هەموو ئەو شانۆكارانە بەرز رادەگرین، كە بەم هونەرە، خزمەتی بزاڤی رۆشنبیری و ئازادیخوازیی گەلەكەمانیان كرد و گیانی خۆیان لە پێشمەرگایەتی یان لە روبەڕوبوونەوەی دیكتاتۆریدا بەخشی و چوونە كاروانی شەهیدانەوە.
لەم رۆژەدا جەخت لە پەیامی راستەقینە و مرۆڤدۆستانەی هونەر بەگشتی دەكەینەوە، كە پەیامی قبووڵكردنی جیاوازییەكان و پایەداركردنی ئاشتی و پێكەوەییە. ئەو پەیامەی، كە بە درێژایی مێژوو سەلماندوویەتی، هونەر، جیاوازییەكانمان جا بە هەر مانا و دەركەوتەیەك بن، ناسڕێتەوە، یان وەكو یەكیان لێناكات، بەڵكو كۆیاندەكاتەوە و سەرلەنوێ لە خزمەتی گەشەكردنی تاك و كۆمەڵگە و مرۆڤایەتیدا، بەشێوەیەكی هونەری دایاندەڕێژێتەوە. 
هونەر تایبەتمەندێتی تاك و كۆمەڵگەكان لەتەك جیهانییەتیدا لێك گرێ دەدات و دەبێتە زمانێك كە هەموو مرۆڤایەتی لێی تێ دەگات.
هونەری شانۆ لە كوردستاندا، لەپاڵ هەموو ژانرەكانی دیكەی هونەرە جوانەكاندا، قۆناغی سەختی بڕیوە و تایبەتمەندییەتی كوردی و كوردستانی وەرگرتووە، بە چەندین رایەڵیش خۆی گرێداوە لە شانۆی گەلانی دیكە، بەتایبەتی لەڕێی وەرگێڕانی دەقە شانۆییە ناودارەكان و سەرلەنوێ نمایشكردنەوەیان بە شێواز و دنیابینی خۆماڵی.
جێی خۆشحاڵیشمانە، ئێستا ژمارەیەكی بەرچاو لە شانۆكارانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات چوونەتە ناو جووڵانەوەی شانۆیی ئەو وڵاتانەوە كە تێیاندا دەژین و تەنانەت بوونەتە كەسایەتی دیار و خاوەنی شانۆ و ئەزموون و لابۆری تایبەت بە خۆیان و خەڵاتی نێودەوڵەتی وەردەگرن.
دووبارە ئەم رۆژە لە هەموو شانۆكارانی كوردستان، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، پیرۆز دەكەین.

*وەزیری رۆشنبیری و لاوان
26ی ئازاری 2024

وتارەکانی نوسەر