بەپێی ئەم پەندە (ئیدیۆمە) کوردییە بێت، پێناچێت هەڵبژاردنی بڕیارلێدراو و چاوەڕوانکراوی داهاتوو کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چارەنووسێکی گەش و ڕوونی هەبێت.
ڕەنگە لۆژیکی نەبێت کە ئێمە خۆمان بە وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن پڕۆسەی مێژووکرد لە ئەزمونی کەڵەکەبووی دیموکراسی بەراورد بکەین، بەڵام پێویستە لانی کەم ئێمەش دوای تێپەڕبوونی 32 ساڵ لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، خۆمان فێری نەریت و شێوازەکانی بانگەشەی مەدەنی و دیموکراسی بکەین! لەوڵاتانی پێشکەوتووی دنیادا، خۆسازدان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بە گرتنە بەر و پابەند بوون بە یاساو ڕێسا دیاریکراوەکان، ئەنجامدانی بانگەشە دەستپێدەکات.
پارت و هاوپەیمانیەتیەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان .. تاد، لە چوارچێوەی ئەو ستاندارد و میکانیزمە باوانەی کۆمیسیۆن و لایەنی چاودێر و بەڕێوەبەری هەڵبژاردن دەرناچن، بەڵکو دێن ھەڵوێستەکانیان، دەستکەوتەکانیان، خزمەتەکانیان لە هەموو سێکتەرەکان لە ماوەی ڕابردوودا وەبیر لایەنگر و دەنگدەر و کۆمەڵانی خەڵک دێننەوە و هەروەها تێروانینیان بۆ ئایندەی حوکمڕانی و نوێنەرایەتیکردنی دروست لە چوارچیوەی داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژ و نەخشەڕێگای (4 تا 5) ساڵی ئایندە لە بواری پەروەردە، تەندروستی، هەلی کار، پاراستنی ژینگە، ئاسایش، داهاتی تاک، سیاسەتی دەرەوە، چاودێری کۆمەڵایەتی ...تاد دەکەنە تێشوی ڕێگای ماوەی کامپینی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان.
ئەوەی مایەی نیگەرانیە، لە ھەرێمی کوردستاندا، سەرباری ئەوەی هەلومەرجەکە لەڕووی سیاسیەوە لەوپەڕی ناجێگیریدایە، پەیوەندی نیوان لایەنە سیاسیە حاکمەکان تا ڕادەی بنبەست ناتەندروستە، ئاسۆی ڕەواندنەوەی تەم و مژی پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند ناڕوونە، مەترسی پلانگێڕی هەرێمی و ئیقلیمی لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە لەسەر هەرێمەکەمان لە هەموو کات زیاترە، کەچی لە هەلومەرجێکی لەم شێوەیەدا لە بری پەنابردنە بەر یەکگرتن، یەکتر قبوڵکردن و دروستکردنی ئیرادەی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیەکان، دەبینین ئاسۆی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیشمان تا دێت زیاتر ڕوو لە لێکترازانە.
ڕۆژانە دەبیستین و دەبینین کە چۆن لە هەلومەرجێکی ناسکی لەم جۆرەدا، لایەنە سیاسییەکان، بەربژێرەکان، کەسایەتیەکان، لە ژێر ناوی خۆئامادەکردن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە دروستکردنی ناو و ناتۆرەی نەشیاو، تۆمەتی بێ بنەما و هەڵبەستراو بەربونەتە جەستەی خوێناوی یەکڕیزی و کوردایەتیمان لەسەر حسابی بەهێزکردنی بەرژەوەندی نەیارەکانمان، ئەم یەکترشکاندن و ناشرینکردنە بە جۆرێکە کە خەریکە نەک هەر گۆشتەکە
دەخۆین و ئێسقانەکانیش دەشکێنین، بەڵکو وا خەریکە ورد و خاشیان دەکەین. بێمتمانەیی گەیشتوەتە ڕادەیەک خەڵک لە هەموو شتێک دەسڵەمێتەوە؛ لە سیاسەت،حزب و حزبۆکە و....تاد.
من بەش بە حاڵی خۆم، ڕێز لە ھەموو بیرو بۆچونێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی، لەمپەڕی ڕاست بۆ ئەوپەڕی چەپ، بۆ ھەرسیاسەت و بەرنامەیەک، بۆ پڕۆژەی هەر کاندیدێک دەگرم گەر بەڕاستی لەپێناوی خزمەتی گشتی و دوور بێت لە ناوزڕاندن و تۆمەتی نەشیاو. ناکرێت، ئامادەبێت لەگەڵ هەموو کەس و لایەنێکی نەیار گفتوگۆ و هاوپەیمانی بکەیت بەڵام دانیشتن و یەکڕیزی ناوخۆیی بشێوێنی!
لە دێرزەمانەوە وتراوە، «مرۆڤەکان وەک قەڵەم بۆیەی ڕەنگاو ڕەنگ وان، شایەد ڕەنگی دڵخوازی یەکدی نەبن، بەڵام دواجار بۆ تەواو کردنی تابلۆکە پێویستیان بەھەموو ڕەنگەکانە، بەمەرجی ئەوەی یەکتریان دانەتاشیبێ تائاستی لەناوچوون»، بەڵێ ئێمەش دواجار پێویستمان بەیەکترە بۆ تەواوکردنی ئامانجە سەرەکیەکەمان.
پەندێکی کوردی ھەیە دەڵێت «ڕۆشنایی ڕۆژ لەبنی ڕۆژەوە دیارە» ئەگەر ئێمەی کوردیش بەردەوامبین لەسەر ئەم ڕێبازە چەوت و نەگبەتیەی ڕووی تێکردوین و خەریکە بارودۆخەکە لەگرێژنە دەرکەین و بەرامبەر بە دوژمنان وەک فافۆن و بەرامبەر بەخۆمان وەک پۆڵابین، ئەوا عاقیبەتمان خێرنابێت، خۆمان لەناودەچین و میلەتەکەشمان پاشەڕۆژی نادیار دەبێت.
لە سۆنگەی ئەوەی سەرەوە، داوا لە بەربژێرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم، بەتایبەت ئەوانەی بازنەی پارێزگای ھەڵەبجە، کە خۆتان بەدووربگرن لە لاساییکردنەوە و بوختان و سوکایەتی و جنێودان بەوانیتر، پڕۆژە و پەیامی خۆتان لە بواری خزمەتگوزاری گشتی و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکدا بە زمانی گوڵ بخەنەڕوو. چیتان پێیە و چیتان پێدەکرێت لە بواری ئاوەدانی و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی، پیشەسازی، تەندروستی، پەروەردەیی، لاوان، پیران، منداڵپاریزی، وەرزش، فەرهەنگ، چارەسەری بێکاری و پێشنیازی پڕۆژە یاسای گونجاو لەو بوارانە و هەموارکردنەوەی ئەوانەی پێشوو و کارکردن لە بواری ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکان، ئەوا قۆڵی لێهەڵماڵن و درێغی مەکەن و جێبەجێی بکەن.
بیرتان نەچێت ڕێباز و بیروباوەڕی حزبی ئێوە خۆ بەدوورگرتنە لە ڕستەی نابەجێ و سوکایەتیکردن، لە موھاتەرات و قسەی ناڕاست و نابەجێ بۆ دەنگ کۆکردنەوە، بەڵکو بە کرداری کردنی بەڵێنەکانتان پێوەری پاراستنی متمانەی دەنگدەرەکانتانە .
لەبیرتان نەچێت، ئێوە کەرەستە و دەستکەوتی زۆرتان هەیە بۆ بانگەشەکردن. ئێوە، کوڕ و کچی شەهید و تێکۆشەرانی ئاوەدانی کوردستانن، سەر بەشۆڕشێک و ڕێباز و بیروباوڕێکن، کە سەرۆک جەلال تاڵەبانی ڕابەرایەتی کردووە، کە نەک یەکێتی و کورد بەڵکو گەلانی تری کوردستان و عیراق و رۆژھەلاتی ناوین شانازی بە خەباتی ئەو سەرکردە مەزنەوە دەکەن چی لە شاخ و چی لە شار، لەپێناوی ڕزگاری نیشتمانی، خەبات دژی ستەم و چەوساندنەوە، ئاوەدانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان، مافی مرۆڤ، مافی ژن، کریکاران، وەرزشوانان، پیشەوەران، مامۆستایان و خوێندکاران ...تاد، بڕوانن تاکو بزانن تەنها یەک بوار هەیە جێ پەنجەی خەباتی ئەو مرۆڤە مەزنەی پیوە دیار نەبێت؟ دە سا ئێوەش بەردەوام بن لە شوێنکەوتنی ڕێبازەکەی و پەرەپێدانی، چونکە ئەو ڕێبازە دەستکەوتەکان دەپارێزێت و ئەوانەشی بەدینەهاتوە بەدیدەهێنێت.
دڵنیابن، میللەتەکەمان ئەو راستیە دەزانێت و ڕێزی ئەو ڕێبازە دەگرێت، بە پێچەوانەشەوە جەماوەری کوردستان بە بێڕێزی سەیری ئەوانە دەکات کە جگە لە بێڕێزی بەرامبەر بەئەوانیتر هیچ شتێک لە هەگبەی کردەوەکانیاندا نییە.
2024/8/25