لە عیراقدا، پێکەوە بژین یان نا؟

09:29 - 2023-02-23
هادی غولام
268 خوێندراوەتەوە

پێکەوە بژین بە یەکگرتوویی، یان هەرکەس بۆ خۆی بژی، لەهەردوو بارەکەدا کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تر دەبێ ئەو راستییە تێبگەن، بمانەوێ یان نا، كه ژیان و ئاسیشی هەموومان پێکەوە گرێدراوە. 
 تیرۆریستان توانییان بیناکان و ئاسەوارە مێژووییەکان بڕوخێنن و هەزاران بێتاوان بکوژن، بەڵام کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش نەیتوانی یەکڕیزیی نیشتمانیی تێکبدات و بە پێچەوانەوە پێکهاتەکانی وڵات یەکیانگرت و تیرۆریستەکانیان تێکشکاند.
 ئەوانەی لە رۆژنامەی الصباح بابەتێکیان بڵاوکردەوە، لەژێر ناونیشانی(ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟) و ئەوانەش کە ناوبەناو كینەی رەگەزپەرستیی خۆیان دەڕژێننە میدیا عەرەبییەکان، زۆر مەترسیدارترن لە داعشییەکان بۆ سەر ئاسایشی عیراق، ئەمانە دەیانەوێت ئەساسی پێکەوە ژیان تێکبدەن.
ئەوەندەی کورد بە پەرۆش بووە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی لە عیراق، هیچ لایەنێکی تر نەبووە و سەبری ئەیوبیشی پیشانداوە لەبەرامبەر زمانی زبری ناسیۆنالیستی و تایفەگەریی لە دژیدا.
نوێنەرانی کورد رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە داڕشتنی دەستووری عیراق لە ساڵی 2005 کە ئامانجی دامەزراندنی عیراقێکی دیموکراسی و فیدراڵی و یەکگرتوو بوو.  
دەستوور، گەلی کوردستانی وەک یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی وڵات ناساند و تاڕادەیەک مافی خۆبەڕێوەبردنی بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵیدا سەلماند.
هەروەها هەرێمی کوردستانیش فاکتەرێکی گرنگ بووە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی عیراق لە بەرامبەر ئاستەنگە جۆراوجۆرەکاندا، لەوانە هەڕەشەی داعش و ململانێی تایفی.  
هێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵێکی چارەنووسسازیان لە شەڕی داعشدا هەبوو و رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە رزگارکردنی چەند ناوچەیەک لە باکووری عیراق.
 جگە لەوەش هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە پەیوەندییەکی بنیاتنەر لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە بەغدا بپارێزێت، سەرەڕای ناکۆکی و گرژیی ناوبەناو.  
هەرێم بەشداریی لە کۆڕبەندی سیاسی و ئابووری جۆراوجۆردا کردووە و سیاسەتی تێکەڵبوون و هاوکاری لەگەڵ عیراق پەیڕەوکردووە.
هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان هەڵوەشانەوەی سیستمی فیدراڵی و دەوڵەتی عیراقە و گەڕانەوەیە بۆ ئەنجامی ریفراندۆمی 2017 و هیچ رێگایەکی تر نییە 
پاراستنی هەرێمی کوردستان چەندە ئەرکی کوردە زۆرتر لەوە ئەرکی سەرشانی حکومەتی عیراقە، هەر هەڕەشەیەک لە هەرێم بکرێت هەڕەشەیە لە سەقامگیریی عیراق .
  دۆست و دوژمن نکۆڵی لەوە ناکەن کە هەرێمی کوردستان زیاتر لە بەشەکانی تری عیراق و هێزی پێشمەرگە دەوڵەتی عیراقی پاراست لە هێرشە تیرۆریستییەکان و سەدان هەزار ئاوارە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە داڵدەدران و کورد سەلماندی کە هەرێم پێویستییە نەک بژاردە.

وتارەکانی نوسەر