سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا

10:08 - 2023-02-27
عەتا تەها
388 خوێندراوەتەوە

لە هەفتەی رابردوودا وەفدێک بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتە بەغدای پایتەختی (عیراقی درواسێ).
ئاشکرایە ئەم ئەزموونەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخوێنی سەدان هەزار شەهید و راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی قارەمانی کوردستان بنیاتنراوە، بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکان بە نەخشە رێگایەک سەرکردایەتی و رابەرایەتی شۆڕش و راپەڕینیان کردووە، سەرەنجام دوای قوربانیدانێکی زۆر بەرهەمی راپەڕین، دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە، هەڵبەتە یەکێتی پشکی شێری بەرکەوتووە و هەموان دەزانین چ هێز و لایەنێک نەخشەڕێی راپەڕینی داڕشتبوو.

یەکێتی رێگر نەبووە لەوەی کە کێ بیەوێت خزمەت بە هاووڵاتیان بکات، بەڵام لێشناگەڕێت لایەنێک بۆ مەرامی حزبیی خۆی ئەزموونەکە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش تووشی زیان بکات

چوونی هەر وەفدێکی هەرێم یاخود روونتر ئەو وەفدەی هەرێم کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا بە بێ یەکێتی رۆیشتە بەغدا، بە حسابی خۆیان ئامانج لێی دانوستان و رێکەوتنی سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا بوو لەسەر پرسە سیاسی و یاساییەکانی نێوانیان. 
بە تێڕوانینی من یەکێتی رێگر نەبووە لەوەی کە کێ بتوانێت خزمەت بە هاووڵاتیان بکات، بەڵام لێشناگەڕێت لایەنێک بیەوێت بۆ مەرامی حزبیی خۆی ئەزموونەکە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش تووشی زیان بکات، رۆیشتنی وەفدێک بەناوی حکومەتەوە چەندین لایەنی نەرێنی گەورەی هەیە یەک لەوانە ئەگەر وەفدێک یەکێتی تێدا نەبێت ئەوا هیچ پێگە و قورساییەکی سیاسی نابێت لای بەرامبەر و جگە لەوەی لاوازی و پەرتەوازەیی کورد پیشانی جیهانی دەرەوەش دەدات، هاوکات ناو و ناوبانگی هەرێمیش لەکەدار دەکات. 
ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە لە راستیدا ئەو وەفدە نوێنەرایەتی هەموو هەرێم ناکات، بەپێوەری ئەوەی یەکێتی و جەماوەرەکەی زۆنێک پێکدەهێنن کە بەداخەوەم بۆنووسینی ئەم دێڕە هەر بۆخۆی ئازاری من و دڵنیام ئازاری هەر خوێنەرێکی ویژدان زیندووی کوردپەروەریش دەدات، بەڵام ئەوە راستییەکی تاڵە و حاشا هەڵنەگرە کە هێشتا هەرێم دابەشبووە بەسەر دوو زۆنی جیاوازدا. 
سەرنجێکی تر ئەوەیە کاتێک وەفدێک بەوشێوەیە دەچێتە بەغدا بێمتمانەیی لای بەرامبەر دروستدەکات، چونکە بەرامبەر لەوە دڵنیایە کە ئەو وەفدەی بۆ دانوستان هاتووە نوێنەرایەتی راستەقینەی تەواوی کوردستان ناکات  و لەگەڵ ئەوەشدا ترسی لە جێبەجێنەکردنی پەیمان و ناوەرۆکی هەر رێکەوتنێکە لەگەڵیدا. 
هاوکات بەرامبەریش لەم حاڵەتەدا پێداگری زیاتر و داخوازی بەرامبەر کەمتر لێ داوا دەکات، چونکە دڵنیایە لە بێ هێزی و لاسەنگیی لایەنی بەرامبەر. 
هەرئەمەشە هۆکاری ناهاوسەنگی زۆر دروستدەکات، سەرباری شکستی وەفدەکە لە دانوستاندا، لە هەمانکاتدا ناکۆکی ناوخۆیی قووڵتر و پەرتەوازەبوونی نێو ماڵی کورد زیاتر دەکات. بۆیە تەنها چارەسەر بۆ هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر دەرەوەدا، گەڕانەوەیە بۆ پرس و راوێژی نێوخۆیی  پێش دەرەوە و دانوستانە لەنێوخۆدا و دانیشتن و گفتوگۆ و رێکەوتنە لەسەر داڕشتنی پلانێکی چارەسەر بە ئامانجی یەکڕیزیی و تەبایی. 
ئیتر ئەوکات بەسەنگ و هێزێکی قورسەوە مامەڵە و دانوستان نەک هەر لەگەڵ حکومەتی ناوەند، بەڵکو لەگەڵ هەر لایەنێکی دەرەکی تردا دەکرێت بۆ ئەوەی تەواوی مافەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکەن و دواجار خزمەتێک بەم میللەتە ستەمدیدەیە بکرێت.

وتارەکانی نوسەر