مووچە، قەیرانێکی درێژخایەنی چارەسەرنەکراو

10:08 - 2025-07-03
عەتا تەها
107 خوێندراوەتەوە

بەپێی یاسای نێودەوڵەتی سێ جۆر پلان هەیە، پلانی کورتخایەن کە ماوەکەی لە رۆژێکەوە دەستپێدەکات تا شەش مانگ، پلانی مام ناوەند لە سنووری ساڵێکدا خۆی دەبینێتەوە هاوکات پلانی درێژخایەن لە یەک ساڵەوە دەستپێدەکات تاکو پێنج ساڵ و بەرەوسەرتر، رەنگە خوێنەر بڵێت پلان چ پەیوەندییەکی بە مووچەوە هەیە؟ هەڵبەتە مەبەستمە باس لە پلانی حکومەت بکەم بۆ چارەسەری هەر قەیرانێک و بزانین ئاخۆ قەیرانی مووچە لە چ قۆناغێکی پلاندایە؟ خۆ بەم پێوەرە بێت، ئەوا قەیرانی مووچە دوو جار پلانی درێژخایەنی تێپەڕاندووە و هەر بەردەوامیشە، وەک هەمووان دەزانین مووچە ئەو بابەتەیە کە زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆکاری جۆراوجۆر و تائێستا چارەسەرنەکراوە هەڵبەتە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی مووچە  بۆ یەکەمجار لەگەڵ دەرکەوتن و دروستبوونی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 سەری هەڵداوە، ئیتر لەو کاتە بەدواوە بابەتی مووچە بووە بە خەونی هەموو مووچەخۆرێکی هەرێمی کوردستان کە ئێستاشی لەگەڵدابێت بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، بێگومان چارەسەرنەکردن و هۆکار و بیانووەکان جیاواز و جۆراوجۆرن کە جێی بڕوای هیچ کەسێک نییە هەر لەبیرمەندێکەوە بیگرە تادەگاتە کەسێکی ئاسایی ناتوانرێت بڕوا بە قەیرانی دارایی بکات، چونکە هەرجارە و بابەتێک دەکرێت بە گرفت لەبەردەم پێدانی مووچە و خەڵک و شەقامی پێوە سەرقاڵ دەکەن، دەمێک بە بیانووی دەرکەوتن و پەیدابوونی داعش و شەڕی داعش، لەوبازنەیەدا جارێک بەبیانووی دابەزینی نرخی نەوت و جارێکیش گوایە لەیەک تێنەگەیشتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێم و جارێکی تر تاوانبارکردنی حکومەتی بەغدا و بە پێچەوانەشەوە لە سەرەکیترین بیانوو رادەستنەکردنی داهاتی هەرێمە بە حکومەتی بەغدا، هەموو ئەمانە کراوەتە کارتێکی سووتاو وەک بەڵگە بەرامبەر بە خەڵکی بەشمەینەتی مووچەخۆر بەکاردەهێنرێت، لەڕاستیدا بیانووەکان زۆر لاواز و بێ بنەمان، جا پەندێکی کوردی هەیە کە دەوترێت بەری هەتاو بەبێژنگ ناگیرێت، مەبەست لەم پەندە ئەوەیە کە ناتوانرێت راستییەکان لە خەڵک بشاردرێتەوە، چونکە هەموان دەزانین حکومەتی فیدراڵی، نەک دابەزینی نرخی نەوت تەنانەت شەڕی داعش و هەر قەیرانێکی تر، نەیتوانی هۆکار بێت لەبەردەم پێنەدانی مووچەی مووچەخۆرانی عیراق، ئەمە لە کاتێکدا جگە لەوەش، تەنانەت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیش لە عیراقدا رانەگیراوە و لەگەڵ ئەوەشدا سلفە و پێدانی قەرز لە وەزارەتە جیاوازەکاندا تا ئێستا بەردەوامیی هەیە و هەبووە، کەچی حکومەتی هەرێم ئەوا 10 ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆری نایاسایی دەستی بردووە بۆ قووتی سەدان هەزار مووچەخۆری ئاسایی و یاسایی، ئەمە وایکردوە سەری زمان و بنی زمانی هەر تاکێک خۆی لە باسکردنی مووچە دەبینێتەوە، خۆ مەبەستەکە روونە ئامانج لێی باسی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تر، تا لە  بیری خەڵک ببەنەوە، خۆ قسەکە لەسەر ئەوەیە ئەگەر راستە و قەیرانی دارایی قەیرانێکی جدییە و بەرۆکی عیراقی گرتووەتەوە، ئەی بۆچی عیراق تاکو ئەم ساتەوەختە دەستی بۆ هیچ شایستەیەکی فەرمانبەران و هەر تاکێکی مووچەخۆر نەبردووە؟ کە بە گوێرەی یاسا بەرکارەكان مووچەی بۆ دەستبەرکراوە؟ 
یاخود ئەوەتا ئەو قەیرانەی لە هەرێم هەیە وەک بڵێی کراسێکە و پڕ بەری دووراوە و دەبێت ئەم قەیرانە هەر بەردەوام بێت! دەی گریمان گرفتەکە هەرچییەک بێت و تاوانەکە هەرلایەک بێت و ئەگەر حکومەتی عیراق بێت یاخود هەرێم سەرەنجام بە هەردوو ئاڕاستەکە، هەر حکومەتی هەرێم لێی بەرپرسە و ئەرکێتی ژیانێکی شایستە و سەقامگیری و ئارامی بۆ خەڵک و کۆمەڵگە دەستەبەر بکات، چونکە لەهەموو جیهاندا ئەرکی حکومەت دابینکردنی ئاسایش و ئارامییە بۆ گەلەکەی لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاریی و دۆزینەوەی سەرچاوەی ئابووریی و رەخساندنی هەلیکار بۆ گەلەکەی، چونکە تاک و کۆمەڵگە بەرپرس نین لە پیادەکردنی سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات، وەلێ  لەبەرامبەردا ئەرکی تاک جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکانی وڵاتە و ئینتیمابوونییەتی بۆ خاک و نیشتمان، ئەگەرنا لایەنی کارگێڕیی و حوکمداریی و سیاسەتکردن ئەرکی لە پێشینەی دەسەڵاتدار و حوکمڕان و سیاسییەکانە.

لەگەڵ ئەوەی کە مووچە نادرێت. کە دەشدرێت بە زەحمەت وەردەگیرێت

وتارەکانی نوسەر