با بەو پرسیارە دەستپێبکەین ئایا خوێندنەوەی دیجیتاڵی جێگەی خوێندنەوەی کتێبی کاغەز دەگرێتەوە؟ یاخود هەمان چێژی خوێندنەوەی کتێبی کاغەزی دەبەخشێت بە خوێنەر؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تر لە چوارچێوەی ئەو بابەتەدا شرۆڤە دەکەین تا دەگەین بە وەڵامێکی دروست.
بێگومان خوێندنەوە بە هەرشێوازێک بێت سوودی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە ناتوانرێت لە ژێر هەر بیانوویەکدا سوود و بەهای خوێندنەوە کەمبکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر شێوازێک لە خوێندنەوە گرفت و لەمپەر بۆ خوێنەر دروست دەکات، هەر لە چۆنیەتی دەستخستنی تاکو رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و دەرفەت و کاتێکی گونجاو بۆ خوێنەر.
وەک لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێدا، کە خوێندنەوە لەم سەردەمەدا جۆر و شێوازی زۆرە، بۆیە ناتوانرێت هیچ جۆرێکی خوێندنەوە بە نادیدەبگیرێت، چونکە خوێندنەوە سەرەڕای سوودە زانستییەکەی، تام و چێژێکی تایبەت بەخۆی هەیە. هاوکات لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشی هەیە و هەڵبەتە لە چوارچێوە گشتییەکەدا خوێندن و خوێندنەوە، وروژاندنی بیر و بەهێزکردنی یادگە و تەرکیزی ئادەمیزادە.
وەک دەزانین کۆی ژیانی مرۆڤایەتی و پێشکەوتن، لە سەرجەم سێکتەرەکانی بونیادگەرایی، پێویستی بە زانست و هۆشیارییە. جا مەبەستەکە ئەوەیە ئاخۆ لە جیهاگیریی و سەردەمی پێشکەوتن و هاتنەناوەوەی تەکنۆلۆژیا، وایکردووە خوێندنەوەی کلاسیکی کتێبی وەلابنرێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان، کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکان خوێنەریان نەبێت؟ بێگومان بە دڵنیاییەوە نەخێر، چونکە هێشتا خەڵکانێک هەن هاوڕێی کتێب و کتێبخانە و کتێبن، ئەگەرچی رێژەکە زۆریش نەبێت. هەر بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە، بەراوردێک لە نێوان شێوازی خوێندنەوەی دیجیتاڵی و کلاسیکی دەکەین و سوودەکان و کۆسپ و بەربەستەکانی هەردوو جۆرەکە دەخەینەڕوو.
تەکنۆلۆژیا چەند پێش بکەوێت، هێشتا ناتوانێت جێگرەوەیەکی یەکجارەکی کتێبی کاغەزی و رۆژنامە و گۆڤارەکان بێت یاخود بەشێوەیەکی تر، هیچ جۆرە خوێندنەوەیەکی دیجیتاڵی، جێگەی خوێندنەوەی کتێب ناگرێتەوە
سەرەتا باس لە خوێندنەوەی دیجتاڵی یاخود مەبەست لە بەدیجیتاڵکردنی خوێندنەوە دەکەین، هەڵبەتە خوێندنەوەی دیجیتاڵی مەبەست لێی، ئەو خوێندنەوەیە کە لە رێگەی ئەلیکترۆنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەک شاشەی مۆبایل و لاپتۆپی دەستی و کۆمپیوتەری سەرمێز و فەیسبوک و یاخود خوێندنەوە لە رێگەی ئامێری دەنگیی، هەموو ئەوانە دەچنە بواری دیجتاڵی و لایەنی ئەرێنی و تایبەتمەندیی خۆیشی هەیە، چونکە زۆر ئاسان دەستدەخرێن و پێویست بە گەڕانێکی زۆر ناکات بەنێو کتێبخانەکانی شار و شەقامەوە، دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی لە گۆشەیەکی ژوورەکەتەوە زۆرشت دەستبخەیت، وەلێ لایەنی نەرێنی ئەوەیە، وەکو خوێندنەوەی کاغەزی چێژ بە خوێنەر نابەخشێت، ئەمە جگە لەوەی تەواوی شاشەکان تیشکی سەرو وەنەشەیی تێدایە، نەک تەنها زیان بەچاو دەگەیەنێت، بەڵکو دوور نییە تەنانەت زیان بە پێست و جەستەش بگەیەنێت. هاوکات هۆکارێکی سەرەکی خەوزڕاندن و تێکچوونی خەو و سەرئێشەیە، لەگەڵ بەفێڕۆدانی کاتی زۆر، چونکە زۆرجار خوێنەر بە قووڵی رۆدەچێتە نێو بابەتێکی گرنگ لەپڕ بابەتێکی تر دێتە سەرشاشە و ئامانجەکەی لێ تێکدەدات، یاخود نامەیەکی دەنگی و کۆمێنتێک پلانەکەی پووچەڵ دەکاتەوە، بەڵکو پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و وزەی کارەبا، رێسەکەی لێدەکاتەوە بەخوری و بیرو هزری دادەبڕێت لە خوێندن.
خۆ ئەگەر باس لە سوودەکانی خوێندنەوەی کتێبی کاغەزی بکەین بەراورد بە خوێندنەوەی دیجیتاڵی، ئەوا روونە، کتێب چێژێکی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێت.
یەکێکی تر لە هۆکارە ئەرێنێیەکانی خوێندنەوەی کاغەزی، کەمترین زیان بە چاوەکان دەگەیەنێت، هەروەها هیچ زیانکی تری جەستەی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت. تەنانەت لەبری خەوزڕاندن هۆکاری زوو خەو لێکەوتنە، جیالەوەش چێژێکی ئێجگار زۆری هەیە و کەمێکیش دوورکەوتنەوەیە لە ترس و تۆقینی تەکنۆلۆژیا و نا ئارامی دەروونی و هەواڵی نەرێنی و ناتەندروستی سۆشیال میدیا و بەشێکی زۆر لە ماڵپەر و پەیجەکان. بەڵام ئەو راستییەش هەیە، کە خوێندنەوەی کاغەزی، ناتوانرێت بە ئاسان هەمووشتێک دەستبخرێت و هەندێکجار پێویستی بە کات و گەڕانە بە مەبەستی بابەتی ئامانجدار. کەواتە لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، تەکنۆلۆژیا چەند پێش بکەوێت، هێشتا ناتوانێت جێگرەوەیەکی یەکجارەکی کتێبی کاغەزی و رۆژنامە و گۆڤارەکان بێت یاخود بەشێوەیەکی تر، هیچ جۆرە خوێندنەوەیەکی دیجیتاڵی، جێگەی خوێندنەوەی کتێب ناگرێتەوە.