دیدێک لەسەر وتارەکەی ئۆ.جەلان

12:52 - 2025-03-07
عەتا تەها
121 خوێندراوەتەوە

عەتا تەها

 ئەگەر لە ناوەڕوەکی وتارەکەی عەبدوڵڵا ئۆ.جەلان  بکۆڵینەوە، ئەوا لەوە تێدەگەین کە ئۆ.جەلان پێیوایە لە دوای 41 ساڵ لە خەباتی چەکداری شاخ، نەیتوانیوە چارەسەری پرسی کورد بکات، هەربۆیە ئێستا رەنگە پێیوابێت بەهۆی رووداوە خێراکان و هاوکات گۆڕانکاریی بەسەر سیستمی سیاسی وڵاتان و بەرژەوەندییەکانیان، وایکردووە کاریگەریی گەورە بەسەر بیروڕای ئۆ.جەلاندا بهێنێت و سەرەنجام گەیشتووە بەو بڕوایە کە پرسی کورد پێویستی بەدەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە لەگەڵ سەردەم و سیاسەتی جیهانیدا بگونجێت، ئەویش خۆی لە پرۆسەی ئاشتیدا دەبینێتەوە. 
هەڵبەتە پرۆسەی ئاشتی بریتییە لە چەند قۆناغێکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهاتن بە ناکۆکی و رەخساندنی بارودۆخێکی ئارام و کەشێکی لەبار لە نێوان دوو لایەن، یاخود زیاتر، چونکە  پرۆسەی ئاشتی نەک تەنها لە نێوان دوو نەتەوە، بەڵکو دەتوانێت لە ئاستە جیاوازەکانی تردا رۆڵ بگێڕێت، وەک لە نێوان تاکەکان، گروپەکان، یان وڵاتان.
 قۆناغی دەستپێک بریتییە لە کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێک بەمەبەستی چارەسەر،
قۆناغی دواتر بریتییە لە دەستنیشانکردنی کێشە سەرەکییەکان بە ئامانجی تێگەیشتن لە ناکۆکییەکان.
قۆناغی دواتریش گەڕانە بەدوای چارەسەرێکی هاوسەنگ کە مافی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت،  قۆناغی پێش کۆتایی گەیشتنە بە رێکەوتن بۆ چارەسەرێکی هاوسەنگ، کە هەردوولا پێی رازیبن، قۆناغی کۆتایی رەنگدانەوەی قۆناغەکانی پێشترە بۆ بڕیاردان لە جێبەجێکردن و چاودێریکردنی پرۆسەکە و دڵنیابوون لە ئەنجامەکەی.
بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەگەر نییەتێکی جددی دوو لایەنە هەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەر، ئەوا بێگومان دەتوانێت کەشێکی ئارام بخولقێنێت دوور لە توندوتیژی جەنگ و ماڵوێرانی.

وتارەکانی نوسەر