زووم

گۆرانییە ئاست نزمەکان

10:42 - 2023-02-27
رۆزا دڵشاد مەریوانی
357 خوێندراوەتەوە

لەسەر بنەمای «کل ممنوع مرغوب» واتا ئەوەی قەدەغەیە زیاتر حەزی پێدەکەیت، بەهەمانشێوە ئەو گۆرانیانەی ئاستی شیعرەکانیان نزمە و پڕە لە وشەی نەشیاو و سێکسی و جنێو، کەچی دەبینین رێژەیەکی زۆر لە تەماشاکردن تۆمار دەکەن و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بەتایبەتی گەنج و هەرزەکار حەزی پێدەکەن و لە مۆبایلەکانیاندا خەزنی دەکەن، لەو دیدگایەوە پێش هەموو شتێک دەبێت بزانین دوو جۆر گۆرانی ئاست نزم هەیە یەکەمیان ئەو جۆرەی وشەکانی گۆرانییەکە نەشیاون و بە کەڵکی ئەوە نایەن لەنێو خێزاندا لێبدرێت، بەڵام ئاوازی گۆرانییەکە خۆشە و لەو جۆرەیە بێ ویستی خۆت دەچێتە هزرتەوە، جۆری دووەم ئەوەیە ئاستی وشە هەروەها ئاوازەکەشی ناخۆشە و هەر زوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا لەبیردەچێتەوە.
جۆری یەکەم ئاوازەکەی وەکو تەڵەیەك وایە دەتخاتە داوی خۆیەوە و واتلێدەکات لەگەڵ ئەوەی وشەکانی نەشیاون، بەڵام ئاوازەکەی راتبکێشێت و ئەگەر لەو زمانە تێنەگەیت کە پێی وتراوە دەڵێیت گۆرانییەکی خۆشە! گۆرانی بیانیی و عەرەبی و کوردی لەو جۆرە زۆرە هەندێکیان لەگەڵ ئاست نزمیی وشەکانیاندا، بەڵام لەبەرئەوەی ئاوازێکی خۆشیان هەیە بەناوبانگ دەبن، بێگومان گۆرانییە ئینگلیزییەکان زۆربەیان پڕن لەو جۆرە وشانە، کەچی زۆرجار خەڵاتی گرامی بۆ میوزیک وەردەگرن نموونەش لە دوا ئاهەنگی گرامیدا گۆرانیبێژ سام سمیس وەکو باشترین گۆرانی دیۆ خەڵاتی وەرگرت ئەویش گۆرانییەکەی بەهەمانشێوەیە ئاوازی خۆش و ئاستی وشەی نزم، هاوکات ئەو جۆرە گۆرانیانە بە گۆرانی وەرز دادەنرێن و وەکو سیمایەکی سەردەمی تەکنەلۆژیا بۆ ماوەیەکی کورت خەڵکی گوێیان لێدەگرن و دوای ئەوە لە بیردەچنەوە و زۆرجار ئەو گۆرانیبێژانەش بۆ ماوەیەک کورت بەناوبانگ  دەبن و دوای ئەوە وەکو بڵقی سەر ئاو نامێنن، تەنها ئەو گۆرانیانەی ئاواز و وشە و ئەو دەنگەی دەیانڵێت خۆش و ناوازەن کۆن نابن و چەندین نەوە دەمێننەوە نموونەش لەو جۆرە زۆرە. 
جگەلەوە بۆچی گۆرانییە ئاست نزمەکان زیاتر بەلای گەنجانەوە خۆشە؟ چونکە بە رای من ئەوە وەکو سەرکێشییەک و هەڵگەڕانەوەیەکی دادەنێن لە یاسا و رێساکانی نەوەی پێش خۆیان و کۆمەڵگەدا و بە پێشکەوتن تەماشای دەکەن، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەکو وڵاتی ئێمەدا کە قورسە گەنجان لەو مەسەلانەی پەیوەستن بە پەیوەندییە سۆزداری و سێکسییەکان بە راشکاوی تەعبیر لە خۆیان بکەن، بۆیە وەکو رێگەیەک بۆ خۆ بەتاڵکردنەوە و کەمکردنەوەی ئەو فشارەی لەلایەن کۆمەڵگەوە لەسەریانە لەڕێی وتنەوە و گوێگرتن لەو جۆرە گۆرانیانە دەیکەن، بەڵام بەداخەوە نازانن ئەو گۆرانییانە زۆربەیان تێیدا ژن بەکاڵا دەکرێت و بیرۆکەی تەماشاکردنی مێینە وەکو تەنیا کاڵایەک بۆ سێکس لە مێشکی گەنجاندا دەچەسپێنن. 

وتارەکانی نوسەر