کێ دەبێتە حوکمڕانی سەدەی دووەمی تورکیا؟

09:51 - 2023-02-28
ئارام هادی
286 خوێندراوەتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەنیازە لە سەدەی دووەمی کۆماری تورکیادا، کە لە 9ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە دەستپێدەکات، هاوشێوەی 20 ساڵی کۆتایی سەدەی یەکەمی کۆمارەکە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام پێدەچێت بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و کارەساتی بومەلەرزەکان لەو وڵاتە دوو لەو بەربەستانەبن لەبەردەم سەرکەوتنی ئاک پارتی لەم هەڵبژاردنەی تورکیا کە بڕیارە مانگی حوزەیران بەڕێوەبچێت. 
لەلایەکی ترەوە تورکیای سەردەمی ئەردۆغان ئەندامی ناتۆیە و یاخی بووە لە ناتۆ، پەیوەندیی لەگەڵ روسیادا هەیە و سیستمی بەرگریی  (s400)ی لێدەکڕێت، لەکاتێکدا ئەولەویەتی دروستبوونی ناتۆ دژایەتی روسیای ئێستا و سۆڤیەتی جارانە، هەروەک ئەردۆغان ئێستا مەرج بۆ (فینلەندا و سوید) دادەنێت کە بە نیازن ببنە ئەندامی رێکخراوەکە، بەشێک لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی تورکیا لە دەرەوەی ویستی ئەوروپا و ئەمریکایە، ئەمەش هەڵوێستی ئەمریکای گۆڕیوە و لە سەردانەکەی (کەمال کلیچدار ئۆغلو)ی سەرۆکی جەهەپە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا بۆ ئەمریکا باشتر روونبۆوە کە ئەمریکا زیاتر پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکات بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لەو وڵاتەدا. 
لە دوو دەیەی حوکمڕانی ئەردۆغاندا هیچ کات ئۆپۆزسیۆن هێندەی ئێستا بەهێز نەبووە، مێزی شەش کورسی (هاوپەیمانیی میللەت) بە نیمچە سەرکردایەتی (کەمال کلیچدار ئۆغلو)ی سەرۆکی جەهەپە تەنگی بە دەسەڵات هەڵچنیووە و هەرچی هەدەپەشە کە سەرۆکایەتی (هاوپەیمانی رەنج و ئازادی) دەکات، لەوپەڕی بەهێزیدایە و بەپێی راپرسیی ناوەندە ئەکادیمییەکانی تورکیا لەسەر هەڵبژاردن، هەدەپە لەتوانایدایە دوای هەڵبژاردنەکە دەسەڵاتی تورکیا دیاری بکات و کام لایەنی بوێت بیخاتە سەر کورسیی دەسەڵات، ئەگەرێکیش هەیە کارەساتی بوومەلەرزەکانی تورکیا پێشهاتی نوێ بەدوای خۆیدا بهێنێت و پێش هەڵبژاردنەکە هەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن (هەدەپە و هاوپەیمانی شەش قۆڵی) دید و بۆچوونیان نزیکتربێت لە ئێستا. 
هاوپەیمانی کۆمار کە پێکدێت لە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (ئاک پارتی و مەهەپە) لە ماوەی حوکمڕانیاندا نەیانتوانی تورکیا بگەیەنن بە کەناری ئارام، خەڵکیان برسیتر کرد، سیستمی دامەزراوەی دەوڵەتیان بەرەو سنووردارکردنی دیموکراسی برد، نکۆڵیکردنیان لە کورد و مافەکانی بردە لووتکە، شکستیان هێنا لە چارەسەرکردنی کارەساتی دوای بومەلەرزەکان، ئەمانەش هۆکاری بەهێزن لە هێنانەدیی شکست بۆ  دەسەڵاتی ئێستای تورکیا.

وتارەکانی نوسەر