دەنگ بدەین بە کێ؟

10:50 - 2024-09-25
ئارام هادی
250 خوێندراوەتەوە

ئەگەر سەردەمانێک دەنگدان بە ئۆپۆزسیۆن و کاندید و لیستی سەربەخۆ، لەپێناوی خواستنی سەردەمێکی جیاوازتر و ژیانێکی باشتر بووبێت، ئەوا ئێستا راستکردنەوەی رێڕەوە چەوتە حوکمڕانییەکە لە پێشترە، حەقیقەتە تاڵەکە سەلماندی سووری بەرلەشکر و ئاڵا هەڵگرانی ئەمڕۆی بەرەی تاکڕەویی لە دەسەڵات، بەناوی راوێژکار و بریکار و چی و چی جمەی دێ لەو کەسانەی ئەوێ رۆژێ بەفریادڕەسمان دەزانین، بەڵام بەداخەوە دواتر خۆیان و دەنگدەر و سەرکردەکانیشیان لەپێناوی پلە و پۆستی بەرز فرۆشت. 
رۆژگار سەلماندی واقعەکەی هەرێمی کوردستان جیاواز لە وڵاتانی تر پێویستی بەهێزێکی وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کەخاوەن ئەزموونی شۆڕشی شاخ و شار و هێزە. 
ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا جیاوازتر لەوانەی رابردوو ئەوەیە کە چیتر هاووڵاتیان حەوسەڵەی چاوەڕوانیی دواخستن و لێبڕین و پاشەکەوتی مووچەیان نییە و بەدیار هێزێکی تاکڕەوی جیاکار لە ئیدارەدانی هەرێم شکور و پشوودرێژ نابن، باجی شکستی ئابووریی سەربەخۆ و ریفراندۆم نادەن، چیتر بەدیار دەستی بەدەستی مووچەکانیان ناخەون و پێویستە رۆژی دەنگدان سندوقەکان سەوزپۆش بکەن بۆ ئەوەی کابینەی دوای هەڵبژاردن کابینەی پڕ خزمەتگوزاری و چاکسازی و گەشانەوەی حکومڕانی بێت.
ئێستا هێزگەلێک و لەشکرێک لە کاندیدی سەربەخۆ ئەسپی خۆیان بە دەنگی هاووڵاتیان تاودەدەن کە ئامانجەکە بردنی کورسی زیاتری پەرلەمانە. نموونەی ئەمانەمان لەسێ خولی پێشووی پەرلەمان بینی، (لێکدەترازان، هەڵدەوەرین، دواجار دەبوونەوە بە دەمڕاستی جەماعەتی ئەولا)، خاڵی جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە هاووڵاتی دەنگ بدات بەکێ؟
پێش بڕیاری دەنگدان، پێویستە هاووڵاتیان بیر لە رکابەرەکەیان بکەنەوە کە پارتییە، ئەم حزبە لە1996، دەبابەی رژێمی بەعسی هێنا بۆ داگیرکردنی هەولێر، لە گەردەلوولی تۆڵە لە ساڵی 1997 فڕۆکەی f16ی تورکیای هێنا بۆ لێدان دژی حکومەتی کاتی هەرێمی کوردستان، دواتر لە دهۆک و هەولێر بارەگای لایەنە سیاسییەکان و ریشی پیاوی ئایینی سووتاند، رۆژنامەنووس و سیاسی و چالاکوان و مامۆستای زانکۆی تیرۆر کرد، هەر ئەم حزبە لە 2015 دەرگای پەرلەمانی کوردستانی داخست. 
ئێستاش سەرقاڵی هێنانی گروپە چەکدارەکانی سوریایە بۆ هەرێمی کوردستان و نیشتەجێکردنیان لە سنوورەکانی خواکورک و بەرواری باڵا و بامەڕنێ تادەگاتە سنووری زاب، ئایا ئەم هێزە بە کاندید و لیستی سەربەخۆ و لایەنەکانی تر جگە لە یەکێتی هیچی لەگەڵ دەکرێت؟

وتارەکانی نوسەر