عیراق دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا

09:37 - 2024-01-30
ئارام هادی
435 خوێندراوەتەوە

ئارام هادی

‎لە شەوێكی سەروبەندی دروستكردنی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانیدا لە ساڵی 2022، چەكدارانی نزیک لە موقتەدا سەدر لە بەغدا، بەربەستەكانی ناوچەی سەوزیان تێپەڕاند بەرەو ماڵی لێپرسراوان بە ئامانجی لەناوبردنی نوری مالكی هەنگاودەنێن، لەوكاتەدا هادی عامری بە هێزێكی چەكدارەوە پێشیان پێدەگرێت و دوای دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی، شكست بە پلانەكەیان دەھێنن و ڕووداوەكانی ئەو شەوە و هەڕەشە ئیقلیمییەکان بەیەكجاریی موقتەدا سەدر-یان لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخستەوە.
ئەمریكییەكانیش جگە لە سەیركردنی رووداوەكان، هیچی تریان بۆ نەكرا، لەكاتێكدا پاڵپشتیان لە موقتەدا سەدر دەكرد كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە بوو.
‎رووداوەکانی ئەو شەوە وەک خۆی نەگەیشتە میدیاکان. 
‎(12 ساڵ) پێشتر و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا لە 2010، "توركیا و ئەمریكا" پاڵپشتیان لە لیستی عراقیە کرد بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئەیاد عەلاوی و لیستەكەش لە شەوێكدا لە ماڵی ئەحمەد داود ئۆغلۆ-ی وەزیری پێشووتری دەرەوەی توركیا دروستكرا و 91 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بەوەش لیستەکەی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی بووە دووەم لیست كە (89) كورسی بەدەستهێنابوو، بەڵام دواجار دوای هەشت مانگ بێنە و بەردە، کابینەی حکومەت بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی پێكهات.
‎پێدەچێت ئەمریکا شکستەکانی لە عیراق لەبەرچاو گرتبێت، لە 2010 دا پاڵپشتی ئەیاد عەلاوی و لە 2021دا پاڵپشتی موقتەدا سەدری کرد، هەردوو جارەکەش لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمییەوە شکستی پێهێنرا، تا کار گەیشتە ئەوەی مقاومەی ئیسلامی بەردەوام هێرشی درۆن و موشەک لە عیراق و هەرێم بکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.
 لەلایەکی دیکەوە کابینەکەی سودانی بە رەسمی داوای چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عیراق دەکات، ئەمەش ئەمریکای ناچارکرد گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی لەگەڵ عیراقدا بۆ کشانەوەی سەربازەکانی دەستپێبکات.
‎بەبۆچوونی زۆرێک لە شرۆڤەکاران، ئەم چەند مانگەی دادێ، گرنگترین مانگەكان دەبن بۆ عیراقییەكان، چونكە لەپاڵ گفتۆگۆی كشانەوەدا پێدەچێت ئەمریكییەكان لە رێگەی هێزە نەیارەکانی کابینەی ئێستای عیراقەوە دووبارە هەوڵی تێكدانی شەقامی عیراقی بدەن بەتایبەتی  شەقامی شیعە كە لەمێژە ئەمریكا كاری بۆ دەكات.
 لەلایەكی دیکەوە ئیدارەدانی عیراق و هەرێمی كوردستان دوای كشانەوەی ئەمریكییەكان قورستر دەبێت، چونكە هاوسەنگیی هێزەكان لەناو هەرسێ‌ پێكهاتەی (شیعە، سوننە و كورد) گۆڕانكاریی جددیان بەسەردا دێت بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان، ئاڕاستەی رووداوەكان پێچەوانەی 28 ساڵی رابردوو هەنگاو دەنێن، جا لێكەوتەی ئەم گۆڕانكارییانە تەنها لە چوارچێوەی سندوقی دەنگدان یان شەڕی چەكداری دەبێت هێشتا دیارنییە.
‎ئەمڕۆ یان سبەی ئەمریكا لە عیراق دەكشێتەوە، ناروونییەكە لەوەدایە کە هێشتا دیارنییە عیراقی چوونە دەرەوەی ئەمریكییەكان چۆن دەبێت؟!
 خوێندنەوەکان بە ئاڕاستەی ئەوەن کە عیراقییەکان لە غیابی ئەمریکادا توانای ئیدارەدانی دەوڵەتەکەیان نەبێت و کۆتایی بە عیراقی تەوافقی بێت و شەڕ و ماڵوێرانی ناوخۆیی بەرۆکی ئەم وڵاتە بگرێت، ئەوکات ئەمریکا بە سیناریۆی نوێوە بگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسی.
 ئێستا هێزی باڵادەست لە عیراقدا لە تایمی چاوەڕوانیدان کە ئاخۆ گفتوگۆکان چەند دەخایەنن؟ سەرەنجام ئەمریکییەکان دەکشێنەوە یان تەنها ئەو وڵاتانەی کە بەناوی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش کە لە عیراقدان دەکشێنەوە؟
 ئایا عیراق بە مەرجی ئەمریکا رازی دەبێت کە داوایانکردووە تا پێنج ساڵی تر لە هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە؟
‎ئەوەی کە بۆ کورد گرنگە، دەبێت ناکۆکییەکانی ئەگەر بۆ قۆناغێکی کاتیش بێت بەلاوە بنێت و باشتر لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق بخوێنێتەوە و ئامادەی هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ بێت.

وتارەکانی نوسەر