چۆن زمانی کوردی پێشبخەین؟

09:35 - 2023-03-01
سمکۆ چنارەیی
286 خوێندراوەتەوە

زمان گرنگترین ئامڕاز و هۆکاری پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیارییە لەناو گەلاندا و بەپێی سەرچاوەی لویس ئیم پاول کە لەساڵی 2009 دیاریکراوە، ژمارەی زمانە جیاوازەکان لەجیهاندا دەگاتە 6909 زمان.
زمانی کوردیش بەشێکی جیانەکراوەی ناسنامە و فەرهەنگی کوردە، نەتەوەکەشمان لەمێژە خاوەنی زمانی تایبەت و دێرینی خۆیەتی و هەزاران ساڵە بەو زمانە دەدوێ .
لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا و خەڵکانی خاوەن زمانە جیاوازەکان گرنگی بە زمانی دایک دەدەن و هەوڵدەدەن دوێندەرانی زیاتر بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش پەروەردەی خوێندنگە بە گرنگ دەبینن، هەروەها بازرگانی و راگەیاندنی گشتیی و تەندروستی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی دەبنە لایەنگەلێکی گرنگی ژیانی هەرچی زێدەتری دوێندەرانی زمانەکەیە.
سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی زمانی کوردیش زۆر تەوەر و بەش هەن پێویستە بایەخیان پێ بدرێت و فەرامۆش نەکرێن، لەوانەش پەروەردە و فێرکردن، هەر لەباخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە خوێندنی باڵا، ئەویش بە رێسایەک دەکرێت هەرچی فێرکارە خولی برەودان بە زمانی کوردی بۆ بکرێتەوە و بەشە وانەی زمانی کوردیش زیاتر بکرێت لەناو ناوەندەکانی خوێندندا لەچاو ئەوەی ئێستا دیارکراوە.
جگە لەوانەش بەشەکانی وێژە و خوێندنەوە و رێزمانیش فراوانتر بکرێن، بواری بازرگانی و کۆمەڵایەتیش ناکرێت پشتگوێ بخرێن و پێویستە لایەنی پەیوەست بە شوێنە بازرگانییەکان ئاگاداربکرێنەوە لە بەرەوپێشچوونی زماندا، هەروەها ریکلامی بازرگانی و نووسینی ناونیشانەکانیان و تەنانەت ناو و جۆری کاڵاکانیشیان بەبێ زمانی کوردی نەبێت و ئەگەر کارەکە وا پێویستی کرد زمانی بێگانە بەکاربهێنرێت لەپاڵیدا زمانی کوردیش هەبێت.
لە هەرێمی کوردستان مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانیش کاریگەریی خۆیان هەیە و دەکرێت لەڕێی زانایانی ئاینییەوە کۆنفرانس رێکبخرێت تاوەکو بەرەوپێشچوونی زمانی کوردی لەو جێگایانەش بایەخی پێ بدرێت، دیارە خاڵی تریش هەیە بۆ ئەو مەبەستەش دەکرێت راوێژ بە شارەزایان و پسپۆڕانی تایبەت بە زمان بکرێت تاوەکو ئەوانیش رۆڵی ئەکادیمیانەی خۆیان بخەنەگەڕ و سەرەنجام بە هەموومان بتوانین زمانی شیرینی کوردی بەرەوپێش ببەین.

وتارەکانی نوسەر