گمۆ

پەیامی پشت پەلامارەكانی داعش

10:33 - 2023-03-01
فەرید دڵشاد
254 خوێندراوەتەوە

لە سەرەتای ئەمساڵەوە و بە دیاریكراوی لەم مانگەدا جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش زیادیكردووە، بەتایبەتی لە پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار و دیالە و كەركوك، ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكانیان كردۆتە ئامانج، لە بەرامبەردا لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی سوپای عیراق بۆ كێوماڵكردنیان ژمارەیەك داعش كوژران، كە لەناویاندا چەند سەركردەیەكی داعش هەبوون و سەرجەمیان هەڵگری رەگەزنامەی عیراقی بوون.
داعش لەناو عیراقدا گەمارۆ دراوە، ناتوانێت تۆڕی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سنوورەكانی تێپەڕێنێت، بەوتەی سەباح نوعمان، وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عیراق، ئەندامانی داعش ناتوانن لە پارێزگایەكەوە بچن بۆ پارێزگایەكی تر، بەڵام بەرپرسە ئەمنییەكانی عیراق ئەوەی زیاتر بە مەترسی دەبینن بوونی ئەو كەمپ و گروتوخانانەیە، كە لە رۆژئاوای كوردستانن و ئەندام و خێزانەكانی داعشیان تێدایە. 
هەرچەندە ئێستا هیچ ئامارێكی ورد لە ئێستادا لەبارەی ژمارەی ئەندامانی داعشەوە لە عیراق بەردەست نییە، بەڵام تەنها ئەو داعشانە ماون، كە هەڵگری رەگەزنامەی عیراقین، ئەوەش بەهۆی ئەوەی داعشە بیانییەكان یان كوژراون یان دەستگیركراون یاخود عیراقیان جێهیشووە. 
دەزگای دژەتیرۆری عیراق تیشكی خستۆتە سەر كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی عیراق و هەماهەنگی هەواڵگری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كە ئەوەش وایكردووە، چیتر داعشی بیانی لە عیراقدا جێگەی نەبێتەوە.
داعش ئێستا لە عیراق لە گروپی بچووك بچووكدا دەردەكەون، هەر گروپێك ژمارەیان لە پێنج كەس تێپەڕ ناكات، لە دەرەوەی سنووری پارێزگاكانن، هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە رێگەی هەواڵگرییەوە دەیانكەنە ئامانج، دەبێت ئەوە بزانین كردنە ئامانج و كوژرانی چەند سەركردەیەكی داعش لە عیراق پەیامێكی روونە كە مەترسییەكان كۆتاییان نەهاتووە، چونكە ژمارەیەك سەركردەی داعش بەو مانایە دێت كە داعش هەمیشە توانای خۆڕێكخستنەوەی هەیە.
لە عیراق 2500 سەربازی ئەمریكا هەن، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی لە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كردۆتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات، كە هێشتا عیراق پێویستی بە هێزەكانی ئەمریكایە بۆ لەناوبردنی داعش، هەر بۆیە سودانی هیچ كاتێكی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دیاری نەكردووە.
هەڕەشەكانی داعش خۆی لە چوار هەڕەشەی جدی دەبینێتەوە ئەوەیش ئەوەیە، كاتێك خەلیفەیەكی داعش دەكوژرێت هەرزوو بەیعەت دەدرێت بە خەلیفەیەكی نوێ‌ و بێ خەلیفە نامێنێتەوە هەروەك چۆن «ئەبو حەسەن هاشمی قورەیشی» كوژرا، هەرزوو بەیعەتیاندا بە «ئەبو حسێن حسێنی قورەیشی»، مەترسییەكی دیكە ئەوەیە، تائێستاش داعش توانای دارایی هەیە، هەرچەندە تواناكەی بەراورد بەساڵانی 2014 تا 2017 زۆر كەمە، بەڵام ئەو پارەیەی بەردەستیان بە 25 بۆ 50 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. هەروەها ئاسان دەستكەوتنی چەك بەتایبەت درۆن بەهەڕەشەكی دیكەی ئەو گروپە تیرۆریستییە دەبینرێت.
كاتێك داعش پەلاماری تیرۆریستی دەدات، بۆ ئەوەیە هاوسۆزییەك لە ناوخۆدا بەدەستبهێنێت لەگەڵ وەرگرتنی پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی لە دەرەوەی وڵات، هەربۆیە پەلامارەكانی داعش پەیامە بۆ ئەو كەسانەی كە پێیانوایە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ پاڵپشتیكردن لە خەلافەتی داعش و جۆرێكیش لە بانگەشەیە بۆ وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوەی هاوكارییان بكەن.

وتارەکانی نوسەر