تەقە و قاقا: (21)

لیژنە لە گوندەکەی جەمالاغا!

10:51 - 2023-03-01
رەهبەر سەید برایم
332 خوێندراوەتەوە

جەمالاغای دۆندار ئاین و ئۆینی هەبوو، فێڵی بەكاردەهێنا، پۆست كارتێكی وێنەداری پێبوو، لە هەردوو دیوی وێنەی مام جەلال و وێنەی مەسعود بارزانی تێدا بوو، هەریەكە لە دیوێك، گەر پێشمەرگەی یەكێتی تووشی بووبان وێنەی مام جەلالی نیشاندەدا، گەر پێشمەرگەی پارتی بهاتبان وێنەی مەسعود بارزانی نیشاندەدا، پوختە هەردوو لای هەڵخەڵەتاندبوو، كە (ی.ن.ك) دوو باڵ بوو جاربەجار دەیگوت: شۆڕشگێڕانم، دوایی بای دەدایەوە دەیگوت: كۆمەڵەم، هەركە سەغڵەتیان دەكرد دەیگوت: (شۆرمەڵە)م، واتا كۆمەڵە و شۆڕشگێڕان، لە یەك تەقییلە ئاو دەخۆنەوە جیاوازییان نییە! بەڵام لەڕاستیدا جەمالاغای دۆندار دڵی هەر بۆ پارتی لێیدەدا هەر ئەوانی خۆشتر دەویست، هەر چەند نكۆڵی دەكرد كە پارتی بێ! جارێك ساڵی 1987 بنكە و بارەگا و پێشمەرگەی پارتی لە ناوچە رزگاركراوەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بوون، لە بارەگا لقیان لە گوندی (شێخ وەسانان)بوو لە خۆشناوەتی لە دۆڵی بالیسان، جەمالاغای دۆندار لەگەڵ هەندێ كەسایەتی دەشتی كۆیە كە مەیلی پارتیان هەبوو دۆستی دێرینی پورزا گروك بوون، سەردانی لق و پوورزا گروكیان كردبوو، منیش بەڕێكەوت لە گوندی (مێرگەسۆر)بووم چاوم پێیان كەوت، هەموو دابەزین و یەك یەك تەوقەم لەگەڵ كردن و لوتفم نواند، لەناویاندا جەمالاغای دۆندار بوو هەموویانم دەناسی، جەمالاغا دەستێكی كەوتە پاش و دەستێكی دیكەی كەوتە پێش و سەری راوەشاند گوتی: (كەفش بووین)، واتا (كەشف بووین).
ساڵی 1984 (ی.ن.ك)لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، كەوتە دابەشكردنی زەوی بەسەر جوتیاری گوندەكان، هەر جوتیارەی چەند دۆنمێكی زەوی كشتوكاڵی پێدەدا، لە زەوی ئاغا و مەلاك و میری، لەسەر ئەو دابەشكردنی زەوییە لە ناوچەی شێخ بزێنی شەڕ قەوما و رووداوی خوێناوی لێكەوتەوە، لە دەشتی كۆیە لیژنەیەك پێكهێنرا بە سەرۆكایەتی مامۆستا باپیر بەكر و ئەندامێتی مەلا قادر مەلا محێدین و چەند كادرێكی دیكە، شەهید جەوهەری ناسكە لەو لیژنەیە بەشداربوو، شەهید جەوهەر خۆی پیاوێكی خۆش و سوعبەتچی بوو، لەو گوندانەی ئەرزیان دابەش كردبوو چەند گیسك و مریشك و قەل و قاز و مەڕیان خواردبوو هەمووی ژماردبوو، دەیزانی ژمارەكەی چەندە! دابەشكردنی ئەو زەوییانە بە گوریس بوو، لیژنەی دابەشكردنی زەوی دەشتی كۆیە گەیشتە گوندی (دۆندار) گوندی جەمالاغا! ئەویش بە رووح ئاغا بوو، رقی لە كرمانج و دابەشكردنی زەوی بوو! گوندی دۆنداری بە موڵكی ئەژداد و ئابادی خۆی دەزانی، كەچی بدرێتە جووتیاران، خۆ و بەخت لیژنەكە لە دۆندار بوو، مام جەلال بەپەلە بروسكەیەكی لێدا بۆ سەرجەم مەڵبەند و تیپ و رێكخراو و رێكخستنەكان، كەوا چیتر زەوی دابەشنەكەن و رایگرن! هەركەسێ سەرپێچی بكات سزا دەدرێ، بە ئێستگە و بە جیهاز ئەو بروسكەیەی مام جەلال بڵاوكرایەوە و دووبارەش دەكرایەوە، جەمالاغای دۆندار لە خۆشیان خەنی بووبوو، هەردوو دەستی لەبن گوێی خۆی دەناو ستایشی مام جەلالی دەكرد و پێی هەڵدەگوت و بروسكەكەی بە ترش و خوێوە دەخوێندەوە، هاواری دەكرد (یەكێتیی نیشتمانی، ئاواتی هەموومانی) یەكێتی تەقلە بەفیل لێدەدا، پاش ئەوەی زەوی دابەشكردن راگیرا و فەرمانی مام جەلال جێبەجێ كرا، گوریسی دابەشكردنی زەوی دەشتی كۆیە لە گوندی دۆندار بەجێ مابوو لەوێ كەوتبوو، جەمالاغای دۆندار هەڵبگرتبۆوە بە خۆشییەوە باسی دەكرد و دەیگوت ئەو گوریسەی زەوی ئاغایانی پێ دابەش دەكرا ئەوە سەگی پێ دەبەستمەوە!

وتارەکانی نوسەر