یەکێتی بۆ کورسیی پێکهاتەکان بەرنامەی چییە؟

09:30 - 2023-03-05
ئارام هادی
258 خوێندراوەتەوە

یەکێتی لە بەرنامەیدا نییە  کورسی کۆتاکان کەمبکرێتەوە، بەڵکو دەیەوێت (مەسیحی و تورکمانەکانی سلێمانی و کفری) هاوشێوەی تورکمان و مەسیحییەکانی هەولێر و دهۆک بەشیان لەو 11 کورسییەدا هەبێت، ئەمەش پێویستی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن نییە، چونکە دەقی یاسایەکە لە مادەی 36 لە خاڵەکانی 1-2-3 دەڵێ: «5  کورسی بۆ کلدان و سریان و ئاشووری، 5 کورسی بۆ تورکمان، یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتانە کێبڕکێی لەسەر دەکەن»، ئەمەش ئەو راستییە دەردەخات کە «مەسیحییەکانی سلێمانی و تورکمانەکانی کفری هەمان مافی مەسیحی و تورکمانەکانی هەولێر و دهۆکیان هەیە کە مافەکانیان بەکارنەهێناوە لەبری داوای لێبوردن تا ئێستاش پارتی رێگری سەرەکییە لە گەیشتن بە مافەکانیان. 
بابەتێکی تر کە پێویستە کۆتایی پێبهێنرێت دەستوەردانی پارتییە لە دانانی کاندیدی پێکهاتەکان و بەکارهێنانیان بۆ قازانجی خۆی، ئەمەش هەڵبژاردنی لای هاونیشتمانیانی پێکهاتەکان ناشیرین کردووە و زیاتر لە خۆیان کاندیدەکان بە نوێنەری پارتی دەزانن، دەرەنجام جار لە دوای جار دەنگدەرانی پێکهاتەکان لە چوونیان بۆ سەر سندوقی دەنگدان تۆراندووە، بەجۆرێک لە خولی سێیەمی هەڵبژاردن لە 25-7-2009 بە هەر 11 کورسی کۆتاکان (49931) دەنگە و لە خولی چوارەم لە 21-9-2013 کۆتاکان (24388) دەنگە و لە خولی پێنجەم لە 30-9-2018 (13693) دەنگی پێکهاتەکان بۆ نوێنەرەکان چووە، لەسێ خولدا متمانەی پێکهاتەکان بە نوێنەرەکانیان نزیک بە لە ٪73 کەمی کردووە، ئەمەش دەرەنجامی شکستی سیاسەتی پارتی نیشان دەدات کە پێکهاتەکان و نوێنەرەکانیانی لەیەکتری دوورخستۆتەوە و متمانەی نێوانیانی نەهێشتووە. 
پێداگریی یەکێتی لەوەی کە پێکهاتەکان مافی وەک یەکیان لە 11 کورسی کۆتاکان هەبێت تەواو لەجێی خۆیدایە، مەسیحی و تورکمانەکانی سلێمانی و کفری، بۆچی جیاواز لە مەسیحی و تورکمانەکانی هەولێر و دهۆک سەیربکرێن، لەکاتێکدا 11 کورسی کۆتاکان وەکو لەدەقی یاساکەشدا هاتووە بۆ هەموو پێکهاتەکانە بەبێ جیاوازی.
بەشەکەی تر لە ناکۆکییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی لەسەر مادەکانی تری یاسای هەڵبژاردن لە بابەتی یەک بازنەیی، کە یەکێتی جەخت لە فرەبازنەیی بەپێی هەلومەرجی قۆناغەکە دەکاتەوە، پێویستی بە هەمواری مادەی نۆیە، هەروەها دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر پارێزگاکاندا رەچاوی رێژەی دەنگدەرانی تێدا نەکراوە، پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دانانی دەستەیەکی نوێ بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم و سیستمی نوێی بایۆمەتری پێویستی بە رێکەوتنە، ئاخر هەمواری یاسای هەڵبژاردن هێندە قورسیش نییە گەر پارتی مەبەستێتی هەڵبژاردن هێندەی تر دوانەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەببرێت، دەبێت بە داوای یەکێتی بۆ هەمواری یاساکە رازی بێت، لەکاتێکدا هەمان یاسای ساڵی 1992 لە ساڵەکانی (1994، 1998، 2004، سێ جار لە 2009،  2013) هەموارکراوەتەوە، بەڵام خێرە لە 2013 بۆ ئێستا کە دەکاتە 10ساڵ، یاسەکە هیچ هەموارێکی بەخۆیەوە نەبینیوە؟

وتارەکانی نوسەر