مێژووی درەوشاوەی سلێمانی لە راپەڕیندا

10:24 - 2023-03-07
جەزا سەید مەجید
165 خوێندراوەتەوە

״لە زمناکۆوە بۆ ئازاد 1760 برادەران ئاگاداربکەن 7/3 زەماوەند بکەن، ئێمەش دەگەینە لاتان״. 
7/3 لە مێشک و وێردی سەرزمانی هەموومان تاهەتایە بە زیندوویی دەمێنێتەوه، بەهەمان رۆحیەت خەبات دەکەین بۆ سەوزپۆشکردنی سلێمانی و کوردستان، بەڵێن بێت کۆتایی بەو ناعەدالەتییەش دەهێنین کە سلێمانی نادیدە گرتووە و پشتگوێی خستووە. 
ئەمڕۆ 32 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر راپەڕینی شاری سلێمانیدا، شاری هەڵمەت و قوربانی، ئەو شارەی ئەزموونێکی دوورودرێژ و دەوڵەمەندی لە رەتکردنەوەی ستەمی داگیرکار و دەسەڵاتی بێگانەدا هەیە، هیچ کاتێک سەری بۆ خواستی دەسەڵاتە ستەمکارە یەک لەدوایەکەکان نەوی نەکردووە و بەردەوام لە دژیان خەباتی مەدەنی و رۆشنبیری و چەکداری و راپەڕینی پەرەپێداوە. 
راپەڕینی 7/3/1991ی سلێمانی بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە مێژووی کورددا بە زیندوێتی تاهەتایە دەمێنێتەوە، لە مێژە سلێمانی بۆتە مەڵبەندی تێکۆشان و راپەڕین و داهێنانی دەسەڵاتی دیموکراسی و پانتایی ئازادیی رادەربڕین.
ئێستا پاش 32 ساڵ كە یادی راپەرینی شارە حەیاتەکە دەكەینەوە، چەندین نەوەی چاوکراوە، خوێندەوار و خاوەن خواستی تازە لە کچان و کوڕان پێگەیشتوون، بە دونیابینی نوێوە هەڵسەنگاندنی نوێ دەکەن و پێویستە سیاسەتی کوردستانیش هاوشانی ئەم پەرەسەندنانە، تێگەیشتنی نوێ بەرهەمبهێنێ و رابەرایەتییان بکات بە هەمان رۆحیەتی یەکێتییانە کە رابەرایەتی خواست و ویستی نەوەکانی راپەڕینی کرد.
بیروڕاکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی ی.ن.ک کە هەڵقوڵاوی فەلسەفە و روئیا و ستراتیژی سەرۆک مام جەلال-ە و یەکێتی جەخت لە تەبەنیکردنی دەکاتەوە، ئامانجی گۆڕانکاریی سیستمی دامەزراوەی حکومڕانییە بەو جۆرەی وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەل بێت، رێگەی کورتبڕ و نوێباو بۆ چارەسەری کێشە ئابووری و سیاسییەکان بدۆزێتەوە، دەستپێشخەری بگرێتەوە دەست بۆ چاکسازی و شەراکەتی راستەقینە، راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی دیموکراتی و ئازادی رادەڕبرین و سەربەستییە سیاسییەکان کە هەر ئەمانە ئامانجی سەرەکی راپەڕینی 1991ی شاری سلێمانی و کوردستان بوون، بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکی دروست و کارا لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی و دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان کە هەر ئەوەش راستەڕێی بەدەستهێنانی ئامانجەکانمانە و پارێزگاری لە دەستکەوتە دەستوورییەکانمان دەکات. 
وەکو جەنابی سەرۆک بافڵ دوێنێ لە یادی راپەڕینی دەروازەی راپەڕین دووپاتیکردەوە یەکێتی خۆی بە خاوەنی باشووری کوردستان و نوێنەری پارچەکانی تری کوردستانییش دەزانێت و سوورە کەسەر شەراکەتی راستەقینە لە عیراقی فیدراڵ و کاریان بۆ دەکات، ئەم یەکێتییە لە باریدایە وەکو هێزێكی بەرپرسیار و پەرۆش، بێ درێغ لە تێكۆشان بەردەوام دەبێت، بۆ ئەو ئامانجانەی راپەڕین کە ھێشتا ماون و پێمانوایە بەو نەخشەڕێیە دێتەدی، چونکە لەگەڵ رۆحی راپەڕین و پێویستیی کوردەوارییەکی سەردەمیانەی سەدەی 21 گونجاو و تەبایە. 
لەم پێناوەشدا بانگهێشتی هەموو هێزە کوردستانی و دیموکراتخوازەکانی کوردستان دەکەین تا پێکەوە ئیرادەی گەلەکەمان بۆ ئەرکەکانی داهاتوو ئامادە و پتەو بکەین.

وتارەکانی نوسەر