خەونی راپەڕین بێتەدی

10:39 - 2023-03-07
رۆزا دڵشاد مەریوانی
302 خوێندراوەتەوە

ئێمەی نەوەی راپەڕین ئەو نەوەیەین بایی ئەوەندە گەورە بووین، زوڵم و زۆری دەسەڵاتی رژێمی بەعسمان لە بیربێت و لە هەمانکاتدا ئەوەندە منداڵ بووین لە راپەڕیندا تەنیا بە هەست و سۆز تێیدا بەشداربین، لەو رۆژەدا چاومان لە هەڵسوکەوت و خۆشیی و دڵەڕاوکێی گەورەکان بوو لەبارەی گیان و سەلامەتی پێشمەرگە گیانفیداکان و لەو تەمەنەوە فێربووین ناوی پێشمەرگە و شەهیدان و راپەڕین چەندە مەزن و پیرۆزە، بێگومان وەکو کچە شەهیدێک باسی راپەڕین ناکەم و منەتی ئەو خوێنە بە کەس نافرۆشمەوە، چونکە شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان کاتێک کوردایەتییان کردووە و خۆیان بەختکردووە تەنیا هەستی نیشتیمانپەروەریی و زوڵم و زۆری رژێمی بەعسی روخاو پاڵنەریان بووە و ئامادەبوون ژیانی خۆیان تا رادەی مردن و شەهیدبوون ببەخشن و لەپێناوی کورد و منداڵ و نەوەکانیاندا ئەوکارەیان کردووە. 
وشەی سادە و مانای قووڵ
دڵنیام ئەگەر هەموویان نەبێت زۆربەیان کاتێک پێشمەرگایەتی و گیانفیداییان کردووە بیریان لە پلەو پایە و پۆست و پارە و ..هتد نەکردۆتەوە، خەونی ئەوان لە وشەدا سادە و لە مانادا قووڵ بووە، ئەویش ئازادی و ژیان بووە بە سەربەرزیی لە وڵاتێکدا کەس بە چاوێکی کەمتر و هاووڵاتییەکی پلە دوو تەماشای خۆیان و نەوەکانی دوای خۆیان نەکات و ناو و نازناوی پێشمەرگە و شەهیدان بە بەرزی بمێنێتەوە و هەرگیز بەهای راپەڕین و ئەو کارە مەزنەی لەو رۆژانەدا کردوویانە لەبیر نەکرێت، بەڵام بەداخەوە نە باوکی من و نە هەموو شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان و نە ئەو پێشمەرگانەی لەو رۆژانەدا بە خوێنی گەرمەوە بەشداریان لە راپەڕیندا کرد و نە ئێمەش نەوەکانی پێش راپەڕین و ئەو نەوەیەی هەرچی خۆشیی و ناخۆشیی ئەو رۆژانەیە چەشتومانە، چاوەڕێی ئەوە نەبووین رۆژێک کەس و لایەن بێن و گومان لە پیرۆزیی و گرنگی راپەڕین و یادکردنەوەی ئەو رۆژە مەزنە بکەن و بە سووک تەماشای بکەن، کاتێک ناوی پێشمەرگە و راپەڕین و شەهیدان دێنیت، وەکو ئەوەی تاوانێکت کردبێت تەماشات دەکەن، بەڵام ئایا من و ئەو نەوەیەی راپەڕینمان دیوە رازین لە دۆخی خۆمان؟ بێگومان نەخێر، چونکە چاوەڕێی ژیانێکمان نەدەکرد لە سایەی حوکمی دەسەڵاتی کوردیدا رۆژێک بێت خەمی مووچە و نەوت و بەنزین و سادەترین هۆکارەکانی ژیانی رۆژانە بخۆین و لە بارەی داهاتووی منداڵەکانمانەوە بترسین لەوەی ژیانێکی لە ئێمە خراپتر بەڕێبکەن 
کاتێک بێڕێزیی بە پیرۆزییەکان دەکرێت
بۆیە نابێت سەیر بێت لامان کاتێک یەکێک لە نەوەی من و ئەوانەی پێش من نەتوانێت بەها و پیرۆزیی راپەڕین وەکو خۆی بگەیەنێت بۆ منداڵەکانی و فێریان بکات کە کورد و کوردستانیان خۆشبوێت و بەهای ئەو خاکە بزانن و خەمخۆری بن. 
لە هەمانکاتیشدا ئەو هۆکارانە دەبێت وامان لێبکات خوێن و ئارەقی ئەوانەی راپەڕینیان کرد سووک بکەین و خۆزگە بە رژێمی بەعسی روخاو بخوازین؟ دووبارە نەخێر، چونکە دواجار نابێت رێگە بدەین گەندەڵکاران و ئەوانەی دەیانەوێت پیرۆزیی راپەڕین و ناوی ئەوانەی راپەڕینیان کرد بشێوێنن و پیرۆزیی شەهیدان لەکەدار بکەن. دواجار هەرچییەک بێت ئەم خاکە موڵکی ئێمەیە و رۆژێک دێت ئەوانەی بەها و دەستکەوتەکانی راپەڕینیان شێواند و ئەو وڵاتەیان لەبەرچاوی هەزاران گەنج خست دەبێت بڕۆن، ئێمەش هیچ چارەسەرێکی دیکەمان نییە جگە لەوەی ئەم وڵاتە ئاوەدان بکەینەوە. 
دەبێت وەکو باوک و دایکمان کە لەوپەڕی رۆژە تاریکەکاندا خەونیان بە ئازادییەوە دەبینی و کۆڵیان نەدا، ئێمەش لەوپەڕی ناخۆشی و قورسی ژیاندا کۆڵنەدەین و هەوڵبدەین منداڵەکانمان لەسەر خۆشەویستی کوردستان پەروەردە بکەین، تا نەوەیەک دروست بێت ئەو کوردستانە بنیادبنێت کە خەونی چەندین ساڵەی باوباپیران و ئێمەش بووە.  

حکومەت لە خزمەت خەڵکدا بوایە، سەدان هەزار کەس رێگەی مردنیان نەدەگرتەبەر

وتارەکانی نوسەر