گـــــمـــۆ

دەنگی ئاوارەکانی سوریا

10:04 - 2023-03-08
فەرید دڵشاد
290 خوێندراوەتەوە

لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011، زیاتر لە سێ‌ ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە روویان لە توركیا كردووە، لەو كاتەوە تائێستا دۆسێی ئاوارەكانی سوریا هەمیشە جێگەی مشتومڕ بووە، كە بە وتەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكارهێنراون.
بە تێپەڕبوونی كات، ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بیری لەوەكردەوە مافی رەگەزنامە بدات بە ئاوارەكان بۆ ئەوەی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دەنگ بدەن و دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان بەسوودی خۆی بشكێنێتەوە. هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2018ی توركیا 30 هەزار ئاوارەی سوریا بەشدارییان كرد و دەنگەكانیان بۆ پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا»ئاكەپە» بوو. 
بۆ هەڵبژادنی14ی ئایاری ئەمساڵ 113 هەزار ئاوارە دەتوانن بەشداری بكەن.
رەنگە بەشداریكردنی 113 هەزار ئاوارەی سوری لە هەڵبژادنەكاندا بەراورد بە زیاتر لە 75 ملیۆن هاووڵاتی توركیا كە مافی دەنگدانیان هەیە رێژەیەكی زۆر نەبێت، بەڵام لە باكووری كوردستان دەنگدانیان بە ئاكەپە كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر دەرچوونی پەرلەمانتارە كوردەكان، هەروا بۆ ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانە کە لەو ناوچانەدا لە كێبڕكێدان لەگەڵ ئاكاپە.
بوومەلەرزەكەی 6ی شوبات دۆسێی ئاوارەكانی سوریای لە توركیا كردە بابەتی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكان بەتایبەتی لەو 10 پارێزگایەی باكووری كوردستان كە تێیدا روویدا، تیایاندا نزیكەی 14 ملیۆن كەس دەژین كە ملیۆنێك و 700 هەزار كەسیان ئاوارە سورییەکانن، ئێستا بەهۆی بومەلەرزەكەوە جارێكی دیكە ئاوارە بوونەتەوە.
لە دوای بوومەلەرزەكەوە ئاوارەكان لە ئاپۆرای وەرگرتنی هاوكارییەكاندا دەردەكرێن، هەستی دژە ئاوارەیی لە هەڵكشاندایە ئەوەش وایكردووە،  ئاوارەکانی سوریا بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.  
بەپێی ئامارەكان 13 هەزار و 500  ئاوارە لە رێگەی دەروازەی «باب لهەوا» و 10 هەزار لە رێگەی دەروازەی «جەرابلوس» و حەوت هەزاری تر لە رێگەی دەروازەی «باب سەلام» گەڕاونەتەوە بۆ سوریا.
گەڕانەوەی ئاوارەكان  یاخود ناردنەوەیان بە زۆر بە زیان بۆ ئاكاپە دەشكێتەوە لە هەڵبژادنەكاندا، هەم لە رووی ئەوەی ئەو ئاوارانەی مافی دەنگدانیان هەیە وەك پێشتر دەنگ بە ئاكەپە نادەن، هەم لەبەرئەوەی ئەردۆغان پێچەوانەی ئەوەی بەڵێنیدابوو كە ئاوارەكان بەزۆر نانێرنەوە، بەڵام پڕۆژەیەكی پێشكەشكردووە بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوە نا حكومییەكان بۆ ناردنەوەی یەك ملیۆن ئاوارەی سوریا.
بەپێچەوانەی ئاكەپە، هەندێک حزبی تر هەستی رەگەزپەرستانی توركیا وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ خۆیان، بەتاییەتی دوای ئەوەی زانكۆی»كارد هاس»ی توركی راپرسییەكی كردووە نزیكەی %70 توركەكان لەگەڵ ناردنەوەی ئاوارەكانی سوریان بۆ زێدی خۆیان.
بە دیاریكراوی هەریەك لە ئومیت ئۆزداغ سەرۆكی پارتی سەركەوتن كە پارتێكی نەتەوەپەرستە لە هەموو بۆنەكان هێرشدەكاتە سەر ئاوارەكانی سوریا و توركیا بە وڵاتێكی «داگیركراوی ئاوارە»ی وەسف دەكات، بەو وتارانەی زیاتر هەستی هاووڵاتیانی توركیای بەلای خۆیدا راكێشاوە و دۆسێی ئاوارەكان وەك سووتەمەنییەك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەكاردەهێنێت، جگە لەوەش «كەمال كلیچدار ئۆغلۆ» سەرۆكی پارتی كۆماری گەل (جەهەپە)، بەڵێنی بە دەنگدەران داوە ئەگەر دەسەڵات بگرێتەدەست لەماوەی دوو ساڵدا ئاوارەكانی سوریا دەگەڕێنێتەوە، ئەمەش بە زیانی ئاكەپە لە هەڵبژاردنەكاندا دەشكێتەوە.

وتارەکانی نوسەر