مام جەلال زمانی کوردی بردە نەتەوە یەکگرتووەکان

11:00 - 2023-04-12
هەڵۆ حەسەن
229 خوێندراوەتەوە

کەمن ئەو سەرکردانەی لە کاتی گەیشتنیان بە لووتکەی سەرکەوتن، لە خۆیان نەگۆڕێن و وەک هەمیشە خاوەن پرەنسیپەکانی خۆیان بن و لە هەموو بارودۆخێکدا هەوڵبدەن ئەو پرەنسیپانە بکەنە ئاوێنەی جیهانبینی خۆیان.
مام جەلال لە بیرکردنەوە و لە نووسین و قسەکردنیشدا، هەمیشە بیرکردنەوەیەکی کوردانەی چەپی دیموکراتیخوازانەی هەبووە، لە نووسینیشدا کوردییەکی رەسەنی نووسیوە و هەمیشە نووسینەکانی بوونەتە پردی متمانە و خۆشەویستی لە نێوان خۆی و خوێنەری وتارەکانیدا، لە قسەکردنیشدا پیاوێکی بە سەلیقە و قسە خۆش و پراگماتی بووە.
پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە شیعری شاعیرانی کورد و عەرەب و فارسدا هەبووە، سەدان پەند و تەنزی کۆمەڵایەتی، بەسەرهات و سەربردەی لەبەر بووە کە بۆ پەند وەرگرتنی گوێگرەکانی بەکاریدەهێنا، مەبەستی بوو گوێگر حاڵی بکا بەوەی سارد نەبێتەوە و هەوڵی زیاتر بدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی!
ئەوەی دەمەوێ بیڵێم، بوێری و راستگۆیی و وەفاداری و پابەندیی ئەو مرۆڤە بلیمەتە بووە بە پرەنسیپی کوردبوونی خۆی و دەیەوێ نەک هەر بە عەرەب و تورک و فارس، بەڵکو دەیەوێ بە هەموو نەتەوەکانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵێ: 
راستە من سەرۆک کۆماری عیراقم، عیراقێک کە زۆرینەکەی عەرەبە، بەڵام هەرگیز ئەو پۆستە وام لێناکات نەتەوە چەوساوەکەی خۆمم لە بیربچێ کە بێبەش کراوە لە مافی هەبوونی کورسییەک لەو ئەپارتمانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر بۆیە بە زمانی شیرینی کوردیش وتارەکەی خۆی پێشکەشکرد و ئامادەبووان و داروبەرد و دیوارەکانی ئاشناکرد بە زمانی کوردی، بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، ئەوەی سەلماند کە کوردیش ئەگەر لە هەموو نەتەوەکان زیاتر نەبێ کە خاوەن کورسین لەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەدا، بێگومان کەمترنین و کورد واز لە مافی خۆی ناهێنێ و شایستەیە کە ببێتە خاوەنی یەکێک لە کورسییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان٠

مام جەلال یەکەم کەس بوو لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی بە زمانی کوردی گەیاند

وتارەکانی نوسەر