بەستەڵەکی سیاسی تاکەی؟

10:03 - 2023-02-13
هەڵۆ حەسەن
248 خوێندراوەتەوە

بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کوردستان، بە تێپەڕبوون بە  سەدان کارەساتدا و دەرچوون لە دەیان پیلان و نەخشەی گڵاوی داگیرکەرانی کوردستاندا تێپەڕیووە. 
لەسایەی یەکڕیزیی و تەبایی سەرجەم لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات لە بەرەی کوردستانی و بە بەخشینی سەدان هەزار قوربانیی ئەنفال و دەیان هەزار شەهیدی پێشمەرگە و کاولبوونی زۆربەی دێهاتەکانی کوردستان و هاوکاریی دۆستە بەرژەوەندیخوازەکانمان لە ئەمریکا و ئەوروپا و سەرتاسەی جیهان، توانیی راپەڕین بکات و بەعس لە کوردستان رابماڵێت و پەرلەمان و حکومەتێک پێکەوەبنێ.
لە سالی 2005 یشدا توانی لە داڕشتنی دەستووری نوێی عیراقدا هەندێک لە مافە سەرەتاییەکانی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەستەبەربکات.
لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەسەڵاتێکی ستەمدیدە و دژە دیکتاتۆری وەک هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و ئەوروپا و تەواوی ئازادیخوازانی جیهان، جێگای ئومێدێکی گەورەبوو، هەربۆیەش لە هەموو بوارەکاندا کەوتنە هاوکاریکردنی بۆئەوەی لەسەر پێی خۆی رابوەستێ و بیکەنە نموونەیەک بۆ گەلانی ئەو ناوچەیەی سەرەڕای دەوڵەمەندیی بە نەوت، پێشکەوتن و گەشەسەندنێکی ئابووریی و شارستانی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیووە.
ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییە هەمەجۆرانەی دەسەڵات لە هەرێمدا تووشی هاتووە، جۆرێک لە نائومێدی لای هاووڵاتییان و دۆستەکانی ئەو هەرێمە دروستبووە و چاودێرانی سیاسی ناچارن بپرسن ئەرێ هەرێمی کوردستان تاکەی بەرگەی ئەو چەقبەستنە سیاسییە دەگرێت؟
بێگومان ئەو بارە ناهەموارەی هەرێمی کوردستان گیرۆدەی بووە و وەک دوو دەسەڵاتی کاربەڕێکەر سەیری دەکرێ، پێویستی بە چارەسەرێکی گشتگیر هەیە.
بۆیە هەردوو جەمسەری ئەو دەسەڵاتە کە زۆرینەی دەستکەوت و دەسەڵات و کورسییەکانی سەربە لایەنێکە، ناچارن بیر لە رێگەچارەیەک بکەنەوە و هەوڵبدەن هەردوولا گرێکوێرەکان بکەنەوە بۆ بەرژەوەندیی خەڵک و هەرێم.
سازش بۆ یەکتری بکەن و خەڵک لەو دڵەڕاوکێ و بەدگومانییە دەرباز بکەن، چونکە کات  بەدەست هەردوولاوە نەماوە و ئەم ساڵە هەڵبژاردنێکی تاڕادەیەک ستاندارد و بەپێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، ئەوکات ئەنجام بڕیار دەدات.
خۆ ئەگەر لایەنی سوودمەندی یەکەم لە دەسەڵات، هێندەی بەرژەوەندییە گەورەکانی خۆی ئامادەی سازشی گەورە نەبێ، وەکو ئەوە وایە بەدەستی خۆی ئاگر لە خەرمانی ئێستا و رابردووی خۆی بەربدات.

*جێگری مەڵبەندی سۆران 

وتارەکانی نوسەر