رایەک لەسەر هەڵبژاردن

12:35 - 2022-04-12
عەتا تەها
6362 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی فرەڕەهەندە کە تاک دەتوانێت لێیەوە بەشداریی ناڕاستەوخۆی هەبێت لە پرۆسەی  سیاسی و حکومڕانیدا، ئەویش لە رێگەی نوێنەری کاندیدی متمانە پێکراوی خۆیەوە، کە دواجار بە هەردوو دیوی ئیجابی و سلبی بێت وەڵامی ئەومتمانە پێدانە وەردەگرێتەوە. 
مێژووی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆ  سەرهەڵدانی شارستانیەت و گەشەکردنی بیری مرۆڤایەتی لای یۆنانییەکان و هەر لەوێش سەری هەڵداوە لە دەرئەنجامی ستەمی دەسەڵاتی کەمینەیەک بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا.
شێوازی هەڵبژاردن لە سەرەتادا وەک ئێستا نەبووە، بەڵکو تەنها سەرمایەدار و دەسەڵاتدار و خەڵکانێکی تایبەت مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی جیهان و بەرەوپێشچوونی بیری مرۆڤایەتی، ئەم پرسە گەشەی کرد و بووە بابەتێکی سەرەکی و گرنگ.
هەڵبژاردن جگە لە وڵاتە دیکتاتۆرەکانی  خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە زۆربەی وڵاتاندا بە سیستماتیک کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا میکانیزم و سیستمی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ئێستا هەواڵی گەرمی میدیا و راگەیاندن و سیاسییەکانە،
بۆتە جێگای مشتومڕ و موزایەداتی هەندێک لایەنی سیاسی، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە جیهان بەردەوام لە پێشکەوتندایە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆی پێداویستیی مرۆڤایەتی و زانست لە گۆڕاندایە، نەک تەنها پرسی هەڵبژاردن بەڵکو لە تەواوی سێکتەرەکانی وەک پەروەردە و پزیشکی و زانستی و کارگێڕی هتد.
هەڵبەتە پرۆسەی هەڵبژاردن لەوانی تر زیاتر پێویستی بە گۆڕانکاری سەردەم هەیە، بە جۆرێک کە لەگەڵ خواست و پێداویستی تاکدا بگونجێت، چونکە هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گوزەران و ژیانی خەڵکەوە هەیە، خۆ ئەگەر ئەوانە بە نموونە وەربگرین ئەوا تێدەگەین کە یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت، دادپەروەری و یاسای تێدا رەچاو بکرێت، ئەویش بە سیستمی فرە بازنەیی کە هەر ناوچەیەک نوێنەری تایبەتی خۆی هەبێت بۆ داکۆکیکاری لە تایبەتمەندی ناوچەکەی خۆی، دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازی خۆی هەیە، چ لە رووی سنووری جوگرافی و کەلتور و ئەدەب چ لە رووی قوربانیدان و ئاسەواری سەردەمی رژێمی بەعس. نوێنەری هەڵبژێردراوی ناوچەکان باشتر تێدەگەن لە موعاناتی خەڵکی ناوچەکانی خۆیان، جگە لەوەش هەموارکردن و پێداچوونەوە بەیاساکە رێگری دەکات لە دەنگی تەزویر و مردوان.
هەر هەڵبژاردنێک سازان و رێکەوتنی سیاسی لەسەر نەکرێت، ئەوا هەرگیز لێکەوتە و دەرئەنجامی باشی نابێت، تازەترین نموونە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە کە تا ئێستا پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی نەکراوەتەوە و حکومەت پێکنەهاتووە.

وتارەکانی نوسەر