پاراستنی ژینگەی کوردستان وەکو ئەرکێکی نیشتمانی

10:17 - 2023-04-20
عومەر قادر وسو
1152 خوێندراوەتەوە

کاتێک ئاوڕ لە مێژووی دەیان ساڵی پڕ تراژیدیا و نەهامەتیمان دەدەینەوە، دەبینین سەرتاپای ژیانی خەڵکی کوردستان کوشتن و بڕین و بە سوتماککردنی خاکەکەی و برسی کردن و وێران کردنی ژینگەی وڵاتەکەی بووە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عیراق و وڵاتانی دراوسێیەوە،  ئەوەش بەهۆی ئەوە بووە کە ئێمە خاوەنی دەوڵەت و قەوارەی سەربەخۆی خۆمان نەبووین، تەنها هاوسۆزیی مرۆڤایەتەییە کە هەمانە لەلایەن دۆستەکانمانەوە، کە لەسەردەمی «مام»ی رابەرمان بۆمان فەراهەم و دەستەبەربووە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی ئێستا باڵادەستە لە کوردستان و حوکم دەکات، بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و دوور لە کوردایەتی مامەڵە دەکات و جیاوازی لە نێوان ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکات، ئەو جۆرە مامەڵەیە و ململانێی نێو ماڵی کورد، دەرەنجامە خراپەکانی لەناو کوردستان وابکات هاووڵاتی کورد لەم بەشەی کوردستان ئینتمای نیشتمانی لاواز ببێت و باکی بە خاک و ژینگەی وڵاتەکەشی نەمێنێت و خۆی بە خاوەنی نەزانێت ، تا بۆی بکرێت هەوڵی بە جێهێشتنی وڵات بدات.
پاراستنی ژینگەی کوردستان
لە جیهاندا رۆژی تایبەت بۆ ژینگە و پارستنی دیاری کراوە و بۆ پارێزگاری و مانەوەی گۆی زەوی بە ژینگەیەکی پاک و دروست،  بە هەمان شێوەیەش لە هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیارێکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی «16» ی نیسانی بە رۆژی ژینگەی کوردستان دیاریکراوە ، بە هەوڵی دۆستانی ژینگه و پێشنیازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لەم رۆژەدا و لە ساڵی 1987دا رژێمی لەناوچووی بەعس ناوچەی بالیسان و دۆڵی شێخ وەسانی کیمیاباران کرد و ژینگەی کوردستانی تێکدا و ئەو رۆژە بە رۆژی ژینگەی کوردستان دیاریکرا. 
دیارە لەو ماوەیەدا چەندین رێکخراو و کۆمەڵە پێکهاتوون بۆ داکۆکیکردن و هێشتنەوەی ژینگەی کوردستان بە پاکی و دروستی و پاراستنی دارستان و ناوچە سروشتییەکان، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەریم بەتایبەتی لە ماوەی حوکمڕانی کابینەی نۆیەمدا هیچ هەوڵێکی نەداوە لەو روەوە و هیچ نیەتێکی بەدی ناکرێت بۆ پارستنی ژینگەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و بایەخیش بە دواڕۆژ و سروشتی هەرێم نادات، نەک هەر ئەوەندەش بەڵکو ئەم ‌حکومەتە رێگری و لەمپەڕیشی خستۆتە بەردەم هەموو هەوڵەکان لەو بوارەدا، ئەگەر نەڵێین خۆی هۆکارێکە بۆ پیسبوونی ژینگەی هەرێمەکەمان.

دەبێت هەوڵی چارەسەری کێشەکان بدرێت لە ناو هەرێم «لە نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییەکان» و لە نێوان هەرێم و بەغداش، بۆ ئەوەی باردووخی سیاسیی و ئابووری هەرێم بەرەو باشی بچێت و  ژیانی هاووڵاتیش باشتر بێت،  بۆ ئەوەی تاكی كورد ئینتیمای بۆ خاک و نیشتیمانەکەی بگەڕێتەوە و پارێزگاری و داکۆکی لە ژینگەی کوردستان بکات

سوتماک ببونی کوردستان  لە سەردەمی بەعس دا
لە رابردوو بەهۆی حوکمی دوژمنکارانەی رژێمی بەعس و هەروەها شەڕی ئێران - عیراق و شەڕی سوپا و جاش بەرامبەر پێشمەرگەی کوردستان، بەشێکی زۆری دارستان و ناوچە سروشتییەکان سوتماک کراو دەمانبینی ساڵانە چەندین جار شاخ و کێو و دۆڵ و پێ دەشتەکانی کوردستان بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی بەعسەوە دەسووتێنران، سوپای بێ بەزەیی رژێمیش سروشتی جوانی کوردستانی دەکردە دۆزەخ، کە ئەوەش هەمیشە هۆکاری کۆچی رەوەندنشینەکان و کۆچکردن و لە ناوچوونی  باڵندە کێوییەکانی لێدەکەوتەوە . 
لەدوای راپەڕینیشەوە چەندین جار لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمییەوە بە پاساوی پاراستنی سنوورەکانیان لە هەڕەشەی ئەمنی، ساڵانە چەندین جار بەهۆی تۆپباران و بۆردومانی فڕۆکەوە دارستان و پاوانە سروشتییەکانی کوردستان دەسووتێنرێن و بەو هۆیەشەوە پانتاییەکی زۆر لە دارستان و رەز و باخی هاووڵاتیان دەسووتێنرێن و لەناودەچن.
هەوڵی چارەسەر
بۆلادانی ئەم دۆخەی کە ئێستا ژینگەی هەرێمی کوردستان بە خۆوەی دەبینێت، پێویستە گشت رێکخراو و کۆمەڵە و ژینگەدۆستان ئازایانە  رووبەڕووی هەر هەڕەشە و پێشێلکاریی و بۆردومانێکی سەر هەرێمی کوردستان ببنەوە و  دژ بە مامەڵە و رێکەوتنی هەر حزبێکی کوردستان بن لەگەڵ هەر وڵاتێک کە ژینگەی کوردستان بە پاساوی ئەمنی تێکدەدات و پەنا بۆ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ببرێت بۆ رێگری لە هەر بوردومانێکی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، کە بەردەوام بووە بە هۆی وێرانکردنی دەیان ناوچەی پڕ دارستان لە هەرێمدا.
 لە کۆتاییدا دەبێت هەوڵی چارەسەری کێشەکان بدرێت هەم لە ناو هەرێمی کوردستان «لە نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییەکان» و هەمیش لە نێوان هەرێم و بەغدا، بۆئەوەی باردوخی سیاسیی و ئابووری ناو هەرێم بەرەو باشی بچێت، ژیانی هاووڵاتیش باشتر بێت،  بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان و دڵسۆزانی ئینتیمایان بۆ خاک و نیشتیمانەکەیان بگەڕێتەوە،  جارێکی تر هەوڵی پارێزگاری و داکۆکی لە ژینگەی کوردستانیش بکەن دڵیان بسووتێ بۆ ژینگەی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش وەک هێزێکی سەرەکی و کاریگەری گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و هەروەها عیراقیش، وەکو نەریتی خۆی  پاڵپشت و پشتیوانی ژینگە دۆستان و رێکخراوەکانیان بێت، هەوڵیش بدات بەشێک لە داهات و دەسکەوتە مادییەکانی هەرێم لەپێناوی ژینگە و پارستنیدا خەرج بکرێت، هەوڵیش بدات ئەو کەم و کوڕییەی هەیە لە بواری پارێزگاری لە ژینگەی کوردستان چارەسەر بکرێت، بە تایبەت کە هەرێم توانای بەرگرتنی بچوکترین کارەساتی سروشتی و ژینگەیی نییە،  لەبەر هەموو ئەوەی باسمان کرد، پێویستیمان بە هەوڵی هەم تاک و هەمیش هێز و پارتە سیاسییەکان و حکومەتیش هەیە، بۆ پارستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان. و جێی خۆشیەتی کە پشتیوانی ئەو هەوڵ و کارانە بکرێت کە بەم دواییە لەسەر فەرمان و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵمەتێک بۆ رواندنی یەک ملیۆن نەمام دەستیپێکردووە و زۆربەی ناوچەکانی بەبێ جیاوازیی گرتۆتەوە، کە ئەوەش دووبارە پەرۆشیی یەکێتی دووپات دەکاتەوە لە بەرزترین ئاستی بڕیارداندا بۆ گرنگیدان بە پاراستنی ژینگەی هەرێمەکەمان. 

هەڵمەتی رواندنی یەک ملیۆن نەمام بەردەوامە
 

وتارەکانی نوسەر