حکومڕانیی خۆماڵی بەتامی داگیرکەر

09:35 - 2025-02-12
عومەر قادر وسو
74 خوێندراوەتەوە


رزگارکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئەرکی هەنووکەیی و لەپێشمانە لە دۆخی ناهەموار و پڕ کێشە و قەیران و بارگرانی کە بڕستی لە هاووڵاتیانی هەرێم بڕیوە، هەر لەوکاتەوە حکومڕانیی کەوتۆتە دەست پارتی، دیارە قەیرانسازی زادەی بیرکردنەوە و رێبازی  ئەوانە و ماوە نادەن هاووڵاتی گوزارشت لە ژیانی خۆی بکات. 
هێڵی ئابووریی وڵاتیان مۆنۆپۆل کردووە بۆ خۆیان و ترسناکترین کار دەرهەق بەسەرجەم چین و توێژەکان دەکەن، سەرجەم جومگەکانی ژیانیان هەرەس پێهێناوە. دەکرێت ئەم جۆرە هەڵوێستانە بە ناڕەوا لە قەڵەم بدەین، دەستگرتن بەسەر مووچە و یاریکردن بە عەقڵیەت و شکۆی هاووڵاتی. دەستگرتن بەسەر مووچە و قووتی خەڵک جۆرێکە لە تیرۆر، جگە لەوە بەدحاڵی بوونی ئەم حکومەتە لەوەدایە، لەژێر دروشمی حکومەتی بەهێز کە لەڕاستیدا بەرامبەر دوژمنان، هێز و توانای تێدا بەدی ناکرێت، تەنانەت بەرامبەر کارەساتە سروشتییەکانیش دەستبەستراوە، لەبری ئەوە لەناوخۆی هەرێم، سنووری دەسەڵاتەکانی بەزاندووە، لەکاتێکدا دەسەڵاتەکانی دیاریکراوە، خۆی لەسەرووی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری دەبینێت و نکۆڵی لە مافەکانی ئۆپۆزسیۆن و دامەزراوە دیموکراسییەکان دەکات و بەهیچ کلۆجێ بڕوای بە رای جیاواز و ئازادییەکان نییە. 

 

بۆ ئەمڕۆ پێویستە بیر لە کۆدەنگییەک بکرێتەوە کە شەرعییەت بدات بەدەستەوە بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێگە نەدەن لایەنێکی سیاسی وەکو داگیرکەر مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکات

حوکمی یەکسانی لە بیری سەرۆکی ئەم حکومەتەدا بەدی ناکرێت، لەسەر ئاستی ناوچەییش، نادادی سنووری تێپەڕاندووە، مرۆڤ هەست بە پەیڕەوی دەسەڵاتێکی داگیرکەر دەکات، باشترین نموونە ماوەنەدانە بە هاووڵاتیان و مامۆستایان  بۆ چوونە ناو پایتەختی هەرێم بۆ گەیاندنی خواستەکانیان. 
دەبینین  ئابوریی کوردستانی قۆرخ کردووە، بازاڕ و بازرگانیی وابەستەی پایتەخت کردووە، دامەزراوە رۆشنبیری و فەرهەنگییەکانی قەلاچۆ کردووە، دەستی خستۆتە کاروباری دادگاکان و ئیش و کاری بانکەکان، لەبری حکومڕانیی مۆدێرن و شارستانی کە ئاواتی لە مێژینەی هاووڵاتییانی کوردە.  
لەبەر ئەوە ئەرکی ئەمڕۆی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانە کە زۆربەی ئەو هێزانە سەرەتای دامەزراندنیان، چەکداری حزبی بوون، لە رابردوودا توانییان بەرگری لە گەل و وڵات بکەن و لە نەمان بیپارێزن، بۆ ئەوکاتە گونجاو بوو، بەڵام ناکرێت تاسەر لەسەر ئەم رەوتە بڕۆن و بەردەوامیی پێبدەن. 
ناتوانن لەمەودوا بەهۆی هێزی چەکدارەوە بۆچوونەکانیان بسەپێنن، بۆ ئەمڕۆ پێویستە بیر لە کۆدەنگییەک بکرێتەوە کە شەرعییەت بدات بەدەستەوە بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێگە نەدەن لایەنێکی سیاسی وەکو داگیرکەر مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکات.
لە رابردوودا تا ئەم چرکەساتە توانای کاریگەر لەناو هەناوی یەکێتیدا پەرەی سەندووە و بە زیندوویی ماوەتەوە، لەسەرەتای دامەزراندنییەوە وەک حزبێکی خزمەتگوزار خۆی ناساندووە و خۆی بە حزبی خەڵک زانیوە.  خزمەتگوزارییەکانی لە گشت بوارێکدا پێشکەش کردووە، بیری لای ناوچەگەرێتی نەبووە و سنووری تێپەڕاندووە، خزمەتەکانی لە چوارچێوەیەکی نەخشە بۆ کێشراودا قەتیس نەکردووە، بە یەکسانی هەموو لایەک و هاووڵاتی لێی سوودمەند بووە، لە نموونەی سلفەکانی عەقاری، کشتوکاڵی و پیشەسازی، دەیان دەستکەوتی تر. 
ئەگەر سەرنجێکی خێرا بدەین، دەبینین ساڵانی رابردوو، بەتایبەتی سەردەمی حکومڕانیی کابینەی سێیەم، توانرا قەرەبووی سەردەمی فەرامۆشکردنی کورد لەلایەن بەعسییەکانەوە بکاتەوە. 
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش گەرەکیانە خاوەنی حکومەتی راستەقینەی خۆیان بن.
 ئەرکی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و نووسەر و رووناکبیرانی کوردە، لەهەر شوێنێک بن، ئەو حکومڕانییە چەوت و تاکڕەوەی هەرێم راستبکەنەوە و بهێننەوە هۆش و بیخەنەوە سەر رێگە راستەکە. ‎ 

وتارەکانی نوسەر