یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک پێویستییەکی نیشتمانی و مێژوویی هاتەکایەوە، شەرەفی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گرتە ئەستۆ دژ بەسیاسەتی (تەعریب، تەبعیس و تەرحیل)ی بەعسیە عەفلەقییەکان و زیندوو هێشتنەوەی یەکێتی نێوان خاک و خەڵک و کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆری و نۆکەرایەتی ناوخۆ.
ئەو رۆژانە رەفتار فاشییەکانی بەغدا بەتەواوی زاڵببوون بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا و بگرە بەسەر بزووتنەوە نیشتمانییەکانی سەرجەم عیراقدا.
ئەو رۆژانە دەستەی دامەزرێنەری ی.ن.ک و گەلەکەمان لەوە گەیشتبوون کە بەعسییەکان دەرفەت بە خەباتی هێمنانە و پێکەوەژیان نادەن بە ناچاری دەبێ خەباتی چەکداری پیادە بکات، هێزی چەکدار پێکەوە بنێ و بەو شێوەیە درێژە بە جووڵانەوەکەی بدات بەپشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
یەکێتی توانی ئەو واقیعە تاڵە بگۆڕێ، لەسەرەتاوە ئەرکی بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەری کەوتە سەرشان و لەو پێناوەدا هەنگاوەکانی خێرا کرد لە رووبەڕووبونەوەی دەستدرێژیی فاشییانەی بەعسییەکان و پاراستنی نیشتمان و لێدان و قەلاچۆکردنی جاش و خۆفرۆش و کلکەکانی بەعس لە کوردستان و تەنانەت چالاکیی پێشمەرگانەی خۆی گەیاندە بەغدای پایتەخت.
لەوسەردەمەدا وێڕای ئەوەی توانی سەدان چالاکیی پارتیزانی تۆمار بکات هاوتەریب لەڕووی سیاسییەوە توانی هەنگاوی باش و گرنگ بنێت و بڕوا و متمانەی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی عیراق و کوردستانیش بەدەستبهێنێت، هەروەک چۆن لە دروشمی مەرکەزی خۆی دیاریکردبوو، لەو رێگایەشەوە توانی هەوڵ و تێکۆشانی گەلانی عیراقیش یەکبخات و لێکنزیکبوونەوە لەنێوانیاندا بەدی بهێنێت. ئەرکی نوێی یەکێتی ئەوەیە ئەو حاڵەتە پەرش و بڵاوەی پەراکەندەیی جووڵانەوەی سیاسی هەرێم چارەسەر بکات و هەلومەرجی خڕبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان سازبکات و پێداگریی لەسەر هێنانەدی مەرج و داواکانی بکات لەبواری پێکهێنانی حکومەت و سازش نەکات و سووربوون لەسەر مەرجەکانی دەبێتە هۆی تیماری ئەو زامە مێژوییەی نێوان پارتی و یەکێتی بۆئەوەی ئەو بابەتە کۆتایی بێت کە خۆی لە عەقڵییەتی خۆسەپاندن و رووتاندنەوەی خەڵکدا دەبینێتەوە، چونکە بەو شێوازی حوکمڕانییەی ئێستا لە توانادا نییە کۆیلەکان بکرێنەوە بە هاووڵاتی چاک و سوود بەخش کە یەکێک لە ئامانجەکانی یەکێتی پاراستنی نێوانی خاک و خەڵک و گیانی هاووڵاتی بوون و جەماوەرە، بە تاکە پشت و پەنای خۆی دەزانێت و پێویستە کۆمەڵانی خەڵکیش خەم سارد و دوو دڵ نەبن لە پشتیوانی یەکێتی، بەهەمان شێوە هێزە پێشکەوتنخوازەکانی عیراق و کوردستانیش زۆر پێویستە هاریکار و هاوکاری یەکێتی بن لەپێناوی بەدیهێنانی دیموکراسی بۆ عیراقی فیدراڵ و هەمووان لەوە دڵنیابن یەکێتی لەگەشە ناوەستێ و کۆتایی پێنایە و مام جەلال وتەنی «سەفین لەبن دێت یەکێتی لەبن نایە» هەتا تەواوی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان بەدیدێنێ. هەروەک دەبینین کاروانەکە بەردەوامە و گەیشتە یۆبیلی زێڕینی ژیانی سیاسی و پڕ بەرهەم و دەسکەوتی خۆی، ئەمڕۆی یەکێتی پیرۆز بێت لە شەهیدان و کەس و کاریان و هەموو هەڵگرانی ئالای ئەم حزبە.